کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"گیرۆدەیی"، نەخۆشییەکی درێژخایەن و جیهانی (بەشی یەکەم)

18:37 - 3 رێبەندان 2721

گیرۆدەیی مێژوویەکی به درێژایی هەزاران ساڵ هەیە. لەکاتی سەرهەڵدان و بەرهەم‌هاتنی یەکەم ماددە نەشئەکەر، کەیف‌خۆشکەر، مەست و سەرخۆشکەرەکان وەکو ئەلکۆڵ، تریاک و هتد مروڤ و کۆمەڵگە ڕووبەڕووی ئاکامە نەرینییەکانی بەکارهێنانی ئەم ماددانه لە زۆربەی بوارەکانی ژیانی بنەماڵەیی، ئابووری، تەندروستی و کۆمەڵایەتی بوونەتەوە. لە درێژایی ساڵانێکی زۆر له سەدەی ڕابردوو، زانایان و لێکۆڵینەرانی بواری گیرۆدەیی، خووپێ‌گرتووەکانیان به کەسانێکی چەوت، بێ‌ئیرادە و لادەر لە ژیانی ئاسایی کۆمەڵگە پێناسە دەکرد و، هەر بە‌م هۆیه ئەوانیان شایانی سزادان و هەڵسوکەوت و جووڵانەوەی سەخت و توندوتیژانەی یاسا و کۆمەڵگە دەزانێ. ئەمڕۆکه به‌‌پێی ڕەوتی گەشەسەندن و پێشکەوتنی زانستی پزیشکی، ڕەوان‌ناسی و کۆمەڵناسی، گرێ‌کوێرەکانی پێوەندیدار به هۆی گیرۆدەیی ڕوون بوونەتەوە و، دیاردەی خووگرتن وەکوو نەخۆشییەکی درێژخایەنی پزیشکی پێناسە دەکرێ. بەم پێیه، ئەم نەخۆشانه پێویستییان به دەرمان و هاوکاریی ناوەند و بنکە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەتی، کۆمەڵایەتی و پزیشکی هەیه. لەم بابەتەدا هەوڵ دەدرێ ئاوڕێک له ڕادەی پەرسەندنی نەخۆشیی گیرۆدەیی لە ئاستی جیهان، ئێران و کوردستان بدرێتەوە. سەردێری بابەتەکان بریتین لە: ١. گیرۆدەیی به نیکۆتین ٢. گیرۆدەیی به ئەلکۆڵ ٣. گیرۆدەیی به ماددە هۆشبەرەکان   ١.‌ گیرۆدەیی به نیکۆتین نیکۆتین ماددەیەکی خووپێگر و یەکێک لە هۆیه سەرەکییەکانی نەخۆشیی دڵ و ڕەگەکان، هەناسەیی و پتر لە ٢٠ چەشن یان ژێرچەشنی شێرپەنجەکان و، دووهەمین هۆی مردن لە تەواوی جیهانه. لە ئاستی جیهاندا نزیکەی ١/١ میلیارد کەس جگەرە دەکێشن و هەر ساڵ پتر له ٨ میلیۆن کەس بەم هۆیه و ٢/١ میلیۆن کەسی جگەرەنەکێش له‌ژێر کاریگەریی دووکەڵی جگەرە گیانی خۆیان لەدەست دەدەن. نزیکەی نیوەی منداڵانی جیهان هەوای ئالوودە به تەماکۆ هەڵدەمژن و هەر ساڵ ٦٥ هەزار کەس لەو منداڵانه به هۆی کاریگەریی دوکەڵی تەماکۆ گیانی خۆیان لەدەست دەدەن. جگەرەکێشان لە وڵاتانی لەحاڵی گەشەسەندندا باوە و، بە چەشنێکی بەردەوام لە حاڵی پەرەسەندن‌دایه. لە چین لە سەتا ٧٠ی پیاوانی سەرەوەی ٢٥ ساڵ جگەرە دەکێشن و بەرزترین ڕادەی مردن به هۆی جگەرە‌کێشان له‌و وڵاتانە دەبیندرێ که داهاتیان کەم یاخود مامناوەنجییه. ئەم وڵاتانه شوێنی دەستێوەردان و دیتنەوەی بازاری کڕین و فرۆشی بەرهەمەکانی تەماکۆن. له ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەرساڵ پتر لە ٤٨٠ هەزار کەس به هۆی جگەرە‌کێشان و ٤١ هەزار کەس به هۆی کاریگەریی دووکەڵی جگەرە گیانی خۆیان لەدەست دەدەن. ئەم ڕێژەیە بەرامبەر به یەک لە پێنجی مردنەکان له ساڵ یاخود ١٣٠٠ مردن لە ڕۆژێک‌دایه. لە ئاڵمان کێشانی تەماکۆ هۆی لە سەتا ٢٠ی ڕێژەی مردنه و، ساڵانه ١٤٠ هەزارکەس گیانی خۆی بەهۆی نەخۆشییه‌کانی پێوەندیدار به جگەرە لەدەست دەدەن. جگەرەکێش لەژێر کاریگەریی بە لانی‌کەم ٥٠ ماددەی شێرپەنجەزایه. جگەرەکێشان مەترسیی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی نەخۆشییه عفوونییەکانی دەزگای هەناسەیی وەکو ئەنفلۆنزا، پنێومۆنی پنێومۆکۆکال و سیل، هەروەها نەخۆشییەکانی دڵ و ڕەگەکان بەرز دەکاتەوە. مامناوەندی ئەو ساڵانەی لە تەمەنی ئاسایی پیاو و ژن به پێی کێشانی تەماکۆ کەم دەبێتەوە به ڕیز ٢/١٣ و ٥/١٤ـ ساڵە. نەکێشان و دەس‌هەڵگرتن له تەماکۆ لە تەواوی تەمەنەکاندا بەقازانجه و، دەسبەجێ دەبێته هۆی دابەزینی مەترسیی مردن به هۆی نەخۆشییه‌‌کانی دڵ و ڕەگەکان. وەلانانی جگەرەکێشان ئەگەری مەینی خوێن کەم دەکا و دەبێته هۆی باشتربوونی ڕەوتی گەیاندنی ئوکسیژن به ئەندامەکانی لەش، هەروەها هۆیه ڕێخۆشکەرەکانی ڕەوتی ناڕێک‌لێدانی دڵ دادەبەزێنێ. له نێوان ئەو کەسانەی جگەرەیان وەلا ناوە، ڕادەی دابەزینی مەترسیی مردن بە بەراوەرد لەگەڵ ئەوانەی درێژە به کێشانی جگەرە دەدەن، دەستبه‌جێ پاش وەلانانی تەماکۆ دەست پێ دەکا و لەم کەسانەدا ١٠ هەتا ١٥ ساڵ دەخایەنێ تا مەترسی مردنی پێوەندیدار به تەواوی هۆیەکان، به ئاستی ئەو کەسانەی بگا که قەت جگەرەیان نەکێشاوە. لە ئێران هەر ساڵ ٦٠ هەزار کەس به هۆی جگەرەکێشان گیانی خۆیان لەدەست دەدەن. بەپێی ئامارەکان لە سەتا ١١ هەتا ١٢ی خەڵکی ئێران جگەرە دەکێشن. بەپێی گوتەکانی دوکتۆر محەممەد ڕەزا مەسجدی، سەرۆکی  یەکیەتیی بەربەرەکانی لەگەڵ بە‌کارهێنانی تەماکۆ، تەمەنی کێشانی دوخانیات لەم وڵاته گەیشتۆته ١٢ ساڵ. نزیک به ٢٠ هەتا ٢٢ لەسەدی پیاوان جگەرەکێشن و ئەم ڕادەیە لە نێوان ژناندا کەمتر له سەتا ٣یه. بەپێی ئامارەکانی وەزارتی"صمت" (پیشەسازیی، کانگا، و بازرگانی)، ئێرانییەکان لە درێژایی ساڵی ١٣٩٨ به گشتی ٦٥ میلیارد و ١١٠ لق جگەرەیان کێشاوە، بەپێی حەشیمەتی ٨٣ مێلیۆنی ئێران، مامناوەندی ڕێژەی سەرانەی جگەرە بۆ هەر ئێرانییەک ٧٨٤ لقه. هەڵبەت ئەم ڕێژەیە تەنیا بۆ کێشانی جگەرەیه و تەواوی بەرهەمە تەماکۆکەکان لە خۆناگرێتەوە. به پێی ئامارەکان، هەر ساڵ لە ئێران، ١٠ هەزار تۆن تەماکۆی قلیان به کار دەهێندرێ. ئامارەکانی وەزارتی "صمت" پیشان دەدەن لەو  ٦٥ میلیارد گلە جگەرەیەی لە ساڵی ١٣٩٨ لە ئێران کێشراوە، ٥٥ میلیاردی لە ئێران بەرهەم هاتووە و ١٠ میلیاردەکەی دیکە هاوردەی قاچا‌غه. لە عێراق لە چوار یەکی خەڵکی ئەم وڵاته واته ٥/٧ میلیۆن کەس جگەرە دەکێشن و، لەوەدەچێ بەپێی ئامارێ ساڵی ٢٠١٦  هەر ساڵ نزیکەی ١ میلیارد پاکەت جگەرە بکێشرێ.  لە هەرێمی کوردستان نیوەی گەنجانی تەمەن ١٥ هەتا ٢٥ ساڵ جگەرە دەکێشن. جێی سەرنجه، لە سەتا ٣٤ی پزیشکەکان، لە سەتا ١٨ی ژنان و سەتا ٣ی ڕێبەرە ئاینییەکان بە چەشنێکی بەردەوام لە هەرێم خەریکی جگەرەکێشانن، هەروەها له سەتا ٣٦ی گەنجان قلیان دەکێشن. بەپێی لێکۆڵینەوەیەک لە نێوان خوێندکارانی زانستگای سلێمانی، لە سەتا ١٠ خوێندکاران جگەرە دەکێشن و لە سەتا ٢٨یان قلیان (٤٩٪ پیاوان و ١٠٪ ژنان).  

٢.‌ ئەلکۆڵ

ئەلکۆڵ سێهەمین هۆی سەرەکیی مردنە زووڕەسەکان، پەککەوتوویی، لەدەستدانی سڵامەتی و مردنی ساڵانەی ٣/٣ میلیۆن کەس له جیهان‌دایه. خواردنەوەی زیاندەری ئەلکۆڵ هۆی سەرەکیی ١/٥ واته ٢٠٠ نەخۆشیی و، زەرەر و زیانی نێو کۆمەڵگەی جیهانییه. ڕێژەی مردن به هۆی خواردنەوەی ئەلکۆڵ زۆرتر له مردن به هۆی نەخۆشیی سیل، ئەیدز و شەکرەیه. لە ئاستی جیهاندا خواردنەوەی ئەلکۆڵ هۆی ڕیزێک لە نەخۆشییەکان، تێکچوون و شێوانی وەزعییەتی ڕوحی، هەروەها ڕووداوە مەترسییدارەکانه، بۆ وێنه: - سیرۆزی جەرگ ٣٢٪ - شێرپەنجەی دەم و گەرو- دەمی ١٩٪ - شێرپەنجەی سورینجک ٢٩٪ - شێرپەنجەی جەرگ ٢٥٪ - پێکدادانی ماشێن و ... ٢٠٪ - کوشتن  ٢٤٪ - خوکوشتن ١١٪ - خوێن‌بەربوونی مێشک ١٠٪ بەپێی "ڕاپۆڕتی وەزعییەتی جیهانیی ئەلکۆڵ و سڵامەتی"ـی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی له ساڵی ٢٠١٨، نزیکەی ٣/٢ میلیارد کەس له جیهان ئەڵکۆل دەخۆنەوە. نیوەی حەشیمەتی قاڕڕەی ئەمریکا، ئورووپا و ڕۆژئاوای ئەقیانووسی ئارام مەشروب دەخۆنەوە. لە چوار یەکی گەنجانی تەمەن ١٥ هەتا ١٩ ساڵ، واته نزیکەی ١٥٥ میلیۆن کەس ئەلکۆڵ دەخۆنەوە و لەوە دەچێ لە ئاستی جیهاندا ٢٣٧ میلیۆن پیاو و ٤٦ میلیۆن ژن تووشی تێكچوون و نەخۆشیی پێوەندیدار به ئەلکۆڵ بن. بەرزترین ڕادەی بوونی ئەم تێکچوون و نەخۆشییانە لەنێوان ژن و پیاوی ئورووپایی (به ڕیز ٨/١٤ و ٥/٣٪) و قاڕڕەی ئەمریکا (به ڕیز ٥/١١ و ١/٥٪) دەبیندرێ. ڕادەی تێکچوون به هۆی خواردنەوەی ئەلکۆڵ لەو وڵاتانەی داهاتیان لەسەرەوەیه، بەرزترە. بەپێی لێکدانەوەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، هۆی سەتا ٦ی سەردانی نەخۆشەکان بۆ بەشی چاودێرییه سەرەتاییەکان لە پێوەندیی لەگەڵ شێوانی حاڵەتی ڕەوانی بەهۆی خواردنەوەی زیانباری ئەلکۆڵه. لە بریتانیا لە سێ یەکی نەخۆشە سەرپێییەکان له بەشی چاودێرییە سەرەتاییەکان ئەو کەسانەن که به هۆی خواردنەوەی ئەلکۆڵ تووشی شێوانی ڕەفتاری و ڕووحی بوون. ڕادەی ئەلکۆڵیزم له فەڕانسە زۆرتر لە ئیتالیایه. له ئالمانیش ساڵێ ٧٤ هەزار کەس بە هۆی خواردنەوەی ئەلکۆڵ دەمرن. بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٨، نزیکەی ٧/٦ میلیۆن ئاڵمانی (١٢.٦٪ حەشیمەتی ئەم وڵاته) لە تەمەنی نێوان ١٨ هەتا ٦٤ ساڵ به چەشنێکی زیانبار ئەلکۆڵ دەخۆنەوە و ٣ میلیۆن ئەڵمانی لەو تەمەنەدا تووشی نەخۆشی و تێکچوونی پێوەندیدار به خواردنەوەی ئەلکۆڵ دەبن. خەرج و هزینەی نەخۆشییەکانی پێوەندیدار به ئەلکۆڵ بۆ کۆمەڵگەی ئالمان لە ساڵدا نزیکەی ٤٠ میلیارد یۆرۆیه. لە ساڵی ٢٠١٦ نەخۆشییەکانی پێوەندیدار به خواردنەوەی ئەلکۆڵ لە وڵاته کەم‌داهاتەکان یان له ناوەنجی کەمتر، بە بەراوەرد لەگەڵ ئەو وڵاتانەی داهاتیان له ئاستی ناوەنجی سەرتر یاخود پڕداهاتن، زۆرتر بوو. به‌پێی ڕاپۆڕتی" ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ساڵی ٢٠١٨ ئێران لە نێوان ١٨٩ وڵاتی جیهاندا که "بەردەوام" ئەلکۆڵ دەخۆنەوە لە ڕادەی نۆهەمدا جێی‌گرتووە. به‌پێی ئەم ڕاپۆڕته مامناوەندی خواردنەوەی ئەلکۆڵی بێ‌گەردی هەر ئێرانییەکی سەرەوەی تەمەن ١٥ ساڵ که "بەردەوام ئەلکۆڵ دەخواتەوە" لە ساڵی ٢٠١٦ نزیکەی ٤/٢٨ لیتر بووە. لە ساڵی ٢٠١٠ ئەم ڕێژەیە  ٨/٢٤ لیتر بوو. به‌پێی ئەم پێوەرە، تۆنێس لە نێوان وڵاتانی دیکەدا بێ ڕکابەر بووە، تا ئەو ڕادەیە که به‌کارهێنەرانی ئەلکۆڵ لەم وڵاته، لە ساڵی ٢٠١٦ زایینی ٦/٣٦ ئەلکۆڵی بێ‌گەردیان خواردۆتەوە. پاش تۆنێس، به ڕیز، سوازیلەند، مالدیو، ئەفغانستان، نامیبیا، باشووری ئەفریقا، ئەلجەزایر و تورکیە لە سەرەوەی ئێرانن. به‌پێی ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی تەندروستی جێهانی، مامناوەندی خواردنەوەی ئەلکۆڵ لەنێو ئێرانییه‌کانی سەرەوەی ١٥ ساڵ له درێژایی ساڵی ٢٠١٦، لیترێک بووە و ئەم ڕێژەیە بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٠ ئالوگۆڕێکی تێدا نەکراوە.  لە وڵاته موسڵمانەکان وەکو ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر، تورکیە و لوبنان -یش ئەم ڕێژەیە لە سەرەوەی ئێرانه. به‌پێی لێکدانەوەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان، خواردنەوەی سەرانه‌ی ئەلکۆڵ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی مدیترانه که ئێرانیش له خۆ دەگرێتەوە، ٦ دەهەمی لیترە. سەرۆکی ناوەندی نەتەوەیی لێکۆڵینەوەی گیرۆدەی زانستگای علوم پزیشکی تاران ئەم ڕاپۆڕته‌ی قەبووڵ نییه و باس له ٥ هەتا ٦ میلیۆن لیتر ئەلکۆڵ واته ٠.١ لیتر ئەلکۆڵی بێ‌گەرد بۆ هەر کەسێکی باڵغ دەکا. به‌پێی ڕاپۆڕتی "بەرنامه و پێوەری چاوەڕوانی‌کردنی بواری سڵامەتی ڕەوانی کۆمەڵایەتی و گیرۆدەیی بۆ ساڵی ١٣٩٨" دوایین ئاماری پشت‌ڕاستکراوی ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان له ساڵی ١٣٩٠، ئاستی گیرۆدەیی به ماددە نایاساییەکان لەنێوان خەڵکی تەمەن ١٥ هەتا ٦٤ ساڵی ئێران ٦٥/٢٪ واته بەرامبەر به ٣٢٥/١ میلیۆن کەسە و، به‌پێی ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی پزیشکی ئێران ڕۆژانە ٨ کەس به هۆی گیرۆدەیی به ماددە نایاساییەکان (و یەک لەوان ئەلکۆڵ) دەمرن. بە داخەوە نووسەری ئەم دێرانه لە پێوەندی لەگەڵ ڕادەی به‌کاردبردنی ئەلکۆڵ لە کوردستان ئامارێکی وەدەست نەکەوت.  

٣. مـاددە هۆشبەرەکان

به‌پێی ڕاپۆڕتی ساڵانەی ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان  (UNODC) له ٢٥ی ژووەنی ٢٠٢٠، لە ساڵی ٢٠١٨ نزیکەی ٢٦٩ میلیۆن کەس له جیهاندا واته ٣/٥٪ی حەشیمەتی جیهان ماددەی هۆشبەریان به‌کار هێناوە. ئەم ڕێژەیە بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی ٢٠٠٩ که بریتی بوو له ٢١٠ میلیۆن واته ٨/٤٪یان لە حەشیمەتی نێوان ١٥ هەتا ٧٤٦ جێهان، لە سەتا ٣٠ زۆرترە. به پێی ئەم ڕاپۆڕته، پتر لە ٣٥ میلیۆن مرۆف لە ئاستی جیهاندا به‌هۆی ماددە هۆشبەرەکان تووشی ئازار و نارەحەتی بوون؛ هەروەها به‌پێی ڕاپۆڕتی ئەم ستادە له ٢٦ی ژووئەنی ٢٠١٩، لە ساڵی ٢٠١٧ له ئاستی جێهاندا ١١ میلیۆن کەس ماددەی هۆشبەریان وەشاندوە، لەم ڕێژەیە ٤/١ میلیۆن کەسیان تووشی "ئەچ ئای وی" و ٦/٥ میلیۆنیان تووشی هێپاتیتی C بوون. به‌پێی ئەم ڕاپۆڕتە ڕادەی به کارهێنانی کانابیس لە تەواوی ماددە هۆشبەرەکانی دیکه  زۆرترە و، ماددەی ‌تریاک‌ئاساکان پڕ مەترسیترین چەشنی هۆشبەرەکان لە ئاستی جیهان‌دان. به‌پێی لێکدانەوەکانی ساڵی ٢٠١٨، کانابیس به هۆی به‌کارهێنانی لە لایەن ١٩٢ میلیۆن کەس لە جیهاندا، لە‌نێوان ماددە هۆشبەرەکان له ڕیزی یەکەم‌دایه و، تریاک‌ئاساکانی دیکه به ٥٨ میلیۆن به کارهێنەرەوە له شوێنی دووهەم‌دان. ئەم دوو ماددەیە هۆی سەتا ٦٦ (١٦٧ هەزار) مردنی پێوەندیدار به به‌کارهێنانی نابەجێی ماددە هۆشبەرەکان له ساڵی ٢٠١٧ بوون. کانابیس لە نێوان ماددە هۆشبەرەکان‌دا، هۆی سەرەکی بانگهێشتنی ئەم کەسانه بۆ دەزگای دادوەری سزاییه ‌و، به‌پێی زانیارییەکانی ٦٩ وڵات، کانابیس هۆی پتر له نیوەی دۆسیە‌کانی تاوان به هۆی ماددە هۆشبەرەکانی له نێوان ساڵەکانی ٢٠١٨-٢٠١٥ پێک‌هێناوە. به پێی لێکدانەوەیەکی دیکە لە ساڵی ٢٠١٩: * به‌کار هێنانی دەوا هۆشبەرەکان هۆی ڕاستەوخۆو ناڕاستەخۆی مردنی ٨/١١ میلیۆن کەس له جیهاندایه. * جگەرە، ئەلکۆڵ و دەوا هۆشبەرەکان هۆی سەرەکی مردنی زووڕەسی ٤/١١ میلیۆن کەسن. * پتر له ٣٥٠ هەزار کەس له جیهان‌دا به‌هۆی خواردنەوەی لە ڕادەبەدەری ئەلکۆڵ و دەوا ڕێ‌پێنەدراوەکان، گیانی خۆیان لە دەست دەدەن. * تەمەنی پتر لە سەتا ٥٠ی ئەوانەی به‌هۆی خواردنەوەی لەڕادەبەدەری ئەلکۆڵ و ماددە هۆشبەرەکان دەمرن له ژێرەوەی ٥٠ ساڵه. * ئەلکۆڵ و دەوا هۆشبەرەکان بەرپرسی سەتا یەک و نیوی نەخۆشییەکانن و، لە وڵات‌گەلێک‌دا ئەم ڕادەیە به سەتا ٥ دەگا. به‌پێی ڕاپۆڕتی بنکەی کاروباری نێونەتەوەیی ماددە هۆشبەرەکان و بەرێوەبردنی یاسا لە ساڵی ٢٠٢١، ئێران وڵاتێکی ترانزیت و ئامانج بۆ ماددە هۆشبەرەکان و بەرهەمەکانی کانابیسه. ئەفغانستان سەرچاوەی سەرەکی و بەرچاوی ئەم ماددەیانەیە. بەشێکی بەرچاوی متئامفیتامین وێرای بەرهەم‌هاتن و بهکارهێنانی له ئێران، بۆ بازارەکانی نێونەتەوەییش قاچاغ دەکردرێ. زۆربەی ماددە هۆشبەرەکان و کانابیس له سنوورە زەوییەکانی ئێران لەگەڵ ئەفغانستان و پاکستان هاوردەی ئەم وڵاته دەکرێ ‌و، پاشان لە ڕێگای سنوورەکانی باکووری ئێران بۆ تورکیە و ئازەربایجان، و به ئامانجی ناردنی بۆ بازارە نێونەتەوەییەکان لە ڕێگای دەریاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا قاچاغ دەکرێ. به‌پێی ڕاپۆڕتی چاپەمەنییەکانی ئێران، بەراوەرد دەکرێ ساڵانه ٩٠٠٠ تۆن ماددەی هۆشبەر لە ئێران تێپەڕێ. به‌پێی ڕاپۆڕتی هەر ئەم ستادە لە ساڵی ٢٠٢١، نزیکەی ٤٣٪ی بەندکراوانی ئێران (٩٥ هەزار کەس) به‌هۆی تاوانی پێوەندیدار به ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەدان. به‌پێی ڕاپۆڕتی کازم غەریب‌ئابادی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان له وین لە ڕێ‌وڕەسمی "ڕێزلێنانی ڕۆژی جیهانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژ به بەکارهێنانی ناڕەوای ماددە هۆشبەرەکان و قاچاغی نایاسایی له ٢٦ی ژووئەنی ٢٠٢٠"، لە نێوان مارسی ٢٠١٩ هەتا مارسی ٢٠٢٠، ئێران ١٨٨٦ تۆڕی چالاکیی نێوخۆیی و جیهانی لە نێو بردوە و، پتر لە ٩٥٠ تۆن ماددەی هۆشبەر و چەشنە جۆراوجۆرەکانی ڕەوانگۆڕ وەکوو ٤٥ تۆن هرۆئین، هەروەها ١٧ تۆن متئامفیتامینی دۆزیوەتەوە. لە ڕەشەمەی هەر ئەو ساڵه به‌پێی ڕاپۆڕتی "ایرنا" و لێدوانەکانی غەریب‌ئابادی، ئاماری ماددە هۆشبەرە دۆزراوەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وێرای پەرەسەندنی ٤٠٪ی، به ڕێژەیەکی بێ‌وێنەی ١١٤٧ تۆن لە ساڵی ٢٠٢٠ زایینی گەیشتوە. به‌پێی لێکدانەوەی "ناوەندی چاکبوونەوەی گیرۆدەیی ئاریزۆنا" له ٤ی ژووئەنی ٢٠٢٠، ئێران لە پەنای وڵاتانێک وەکو چین، ئەفغانستان، ڕووسیە، بریتانیای گەورە و مالێزی خراپترین کێشەی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان لە ئاستی جیهاندا هەیە. به‌پێی قسەکانی جێگیری ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکانی ئێران لە سێپتامبری ١٣٩٩، ڕێژەی فەرمیی گیرۆدەکان له‌م وڵاته‌دا نزیک به دوو میلیۆن و ٨٠٠ هەزار کەسە. بەراوەرد دەکرێ که ١ میلیۆن و ٤٠٠ هەزار کەسیش دیاریی نەکرابێن. به‌پێی وتەکانی سەرۆکی دەرمان و پشتیوانی کۆمەڵایەتییەکانی ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان له ساڵی ١٣٩٨، ٨/١٣٪ی ئەوانەی لە ڕێگای وشاندنەوە ماددەی هۆشبەر به‌کاردەهێنن، تووشی "ئەچ ئای وی" بوون و، نزیکەی ٥٠٪ یش خاوەنی ئانتی بادی هێپاتیتی c - ن و، نزیکەی ٦٠ هەزار زیندانیش به مێتادۆن لەژێر چاودێری و ڕەوتی دەرمان‌کردندان. به‌پێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەریی "تسنیم" له ٦ی خەرمانانی ١٣٩٩ به پشت‌بەستن به ڕاپۆڕتی گرووپی کۆمەڵایەتیی باشگای هەواڵنێرەکانی "پویا"، و به‌پێی ڕاگەیاندنی سازمانی پزیشکی دادوەریی وڵات، لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٩، ئاماری تێداچووان به‌هۆی به‌کارهێنانی نابەجێ و لە ڕادەبەدەری ماددە و دەوا هۆشبەر و ورووژێنەکان له ئێراندا، ٧/١٤٪ بەرز بۆتەوە. لەم ماوەیەدا یەک هەزار و ١٥٣ کەس له ئێران گیانی خۆیان به هۆی گیرۆدەیی لەدەست داوە، ئەمەش لە حاڵێک‌دایه که ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ڕابردوویدا یەک هەزار و پێنج کەس بووە. به‌پێی قسەکانی خاتوو فەرزانه سۆهرابی، مامۆستای زانستگا و بریکاری کۆمەڵایەتیی "موسسە کادراس" لە حەوتووی ململانێ لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان له پووشپەڕی ١٣٩٩، به‌پێی ئامارەکان نزیکەی سێ میلیۆن بەکارهێنەری بەردەوامی ئەم ماددەیانه لە ئێران هەن و، ژنان نزیکە‌ی سەتا دەیان پێک‌دەهێنن؛ هەروەها لە سەتا ٥٠ی گیرۆدەکان تریاک و شیرە، ١٢٪ ماریجوانا و ٩٪ شیشە به‌کار دەهێنن. خاتوو سۆهرابی وێرای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لەوەی که ڕادەی پەرەسەندنی گیرۆدەیی لە ئێران سێ کەرەت زۆرترە له پەرەسەندنی ڕێژەی حەشیمەت، به ڕاشکاوی ڕایگەیاند: لە حاڵێکدا پەرەسەندنی گیرۆدەیی ساڵانه نزیکەی ٨٪ بووە، لە گەشبین‌ترین حاڵەتدا پەرەسەندنی حەشیمەت ٢٪ ە؛ لە ئاکامدا ڕێژەی پەرەسەندنی گیرۆدەکان، ساڵانه پتر له سەتا ٣ یه. خاتوو سۆهرابی هەروەها وێرای ئاماژە به بەرزبوونەوەی ڕادەی ڕەوتی گیرۆدەیی له‌نێو ژناندا، گووتی: لەوەدەچێ لە ساڵانی داهاتوودا ڕووبەرووی بەرزبوونەوەی ڕەوتی ئۆگریەتی به ماددەهۆشبەرەکان بین، ... ئامارەکان پیشان دەدەن له وڵاتدا لە نێوان ٥ هەتا ٧ میلیۆن کەس، بە لانی‌کەم جارێک ماددەی هۆشبەریان به‌کار هێناوە. به داخەوە لە پێوەندیی لەگەڵ ئەو چوار پارێزگایەی که ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسەریاندا دابەش کراوە، ئامارێکی ورد و جێ‌باوەڕ نییە، بەڵام به‌پێی بەشێک لەو ئامارانەی بڵابوونەتەوە، دەکرێ ئاماژە بکرێ: سەرهەنگ شاکری، سەرۆک پۆلیسی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکانی پارێزگای کوردستان دەڵێ گیرۆدەبوون به ماددە هۆشبەرەکان لەم پاڕێزگایه بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵەکانی ڕابردوو زۆرتر بووە و لە دەستپێکی ساڵی تازەوە نزیک به یەک تۆن و ٤٥ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دۆزراوەتەوە. ئەم ڕێژەیە بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، لە سەتا ١٧ زۆری کردوە. به‌پێی وتەکانی ڕەحمان حەریری، بەرێوەبەری شوڕای هاوئاهەنگ‌کردنی ململانێ لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان له بانەمەڕی ١٣٩٨، لە سەتا ١٠ی ژنانی ئێران و سەتا ٦ی ژنانی پارێزگای کوردستان گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکانن و لە سەتا ٦٠ی ئەم ژنانه به پێشنیاری مێردەکانیان ماددە هۆشبەرەکان به‌کاردەهێنن. فاروق وەفایی، سەرۆکی ئیدارەی سڵامەتی ڕەوانی کۆمەڵایەتی و گیرۆدەیی و جێگیری کاروباری بێهداشتی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان له جۆزەردانی ١٤٠٠، لە پارێزگای کوردستان ٣/٢٪ حەشیمەتی تەمەن ١٥ هەتا ٦٤ ساڵ گیرۆدەن و، ١٦ هەزار و ٤٣ کەسیش لە حاڵی دەرمان به مێتادۆنن. لە سەتا ٦٤ی گیرۆدەکان خوێندەواریی ژێر دیپڵۆمیان هەیە، ١٥٪  خاوەنی بڕوانامەی کاردانی و ٢١٪ سەرەوەی لیسانسن. حەریری هەروەها ئاماژە دەکا، لە کوردستان ٨/٩٪ گیرۆدەی هێرۆئین، ١/٣ حەبی ئیکس، ٦/٢٢ ئەلکۆڵ، ٢/٥٥٪ تریاک و ٢/٢٦٪ شیشه و ماددە سەنعەتییەکانن. عەلی موستەفەوی، جێگیری سیاسی، ئەمنییەتی و کۆمەڵایەتیی پارێزگای ورمێ دەڵێ: لە سەتا ٣ێ خەڵکی ئەم پارێزگایه گیرۆدەی ماددەهۆشبەرەکانن و لە سێ مانگی هەوەڵی ساڵی ١٤٠٠ لە پارێزگای ورمێ ٥ تۆن ماددەی هۆشبەر دۆزراوەتەوە. به‌پێی زانیارییەکان، مەسەلەی به‌کاربردن و بازرگانی کردن به ماددە هۆشبەرەکان یەکێک لە کێشە سەرنجڕاکێشەکانی باشووری کوردستانیشه. د. ئیبراهیم خۆشناو، سەرۆكی ڕێكخراوی ڕۆشنبیری و هۆشیاریی دژ بە ماددە هۆشبەرەكان پێی‌وایه ڕێژه‌ی‌ به‌كارهێنه‌رانی ماددە هۆشبەرەکان له‌ هه‌رێمی كوردستان ٥٠ هه‌زار كەس بێ." دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندوە سێ هەزار و 89 کەس بەهۆی بەکاربردن و بازرگانی‌کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە زیندانەکانی هەرێمن، کە دەکاتە نزیکەی نیوەی زیندانی‌کراوان". هەروەها بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2020 دا، 555 کیلۆ و 740 گرام ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستی بەسەردا گیراوە، یەک‌ هەزار و 133 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانی‌کردن بە ماددەی هۆشبەر و دراوی ساختە دەستگیر کراون. زۆربەی ماددەکان و کەسانی دەستگیرکراو لە سنورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان و دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق بووە. سەمەند بەرزنجی، کارگێڕی ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی بەرەنگاربونەوەی ماددەی هۆشبەر ده‌ڵێ: لە ساڵی 2006، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان تەنیا 30 كه‌س بە تۆمەتی بازرگانی‌کردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر گیراون، بەڵام لەنێوان ساڵانی 2019 بۆ 2020 نزیکەی سێ هەزار کەس بە هەمان تۆمەت دەستگیر کراون و، ئێستا زیاتر لە 800 کەس لە ناوەندەکانی چاکسازی بە تۆمەتی بازرگانی‌کردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر حوکم دراون، کە نزیکەی 380 کەسیان بازرگانن، لەنێو ئه‌و ژماره‌یه‌شدا ئافرەت هه‌یه‌، هەروەها زیاتر لە 400 کەسیش بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر حوکم دراون، لەو ژمارەیەش نزیکەی 15 کەسیان ئافرەتن. هەرێمی کوردستان نزیکەی 513 کم سنوری هاوبەشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و ئێرانیش دوای ئەفغانستان بە پایتەختی ماددە هۆشبەرەکان ناسراوە، ئه‌مه‌ش کاریگەریی ڕاستەوخۆی خراپی له‌سه‌ر هەرێمی کوردستان داناوه‌.   سەرچاوەکان:
  1. دکتر کامران امین آوە، مبانی پزشکی اعتیاد، نشر تافگه، چاپ اول سنندج ١٤٠٠
  2. اعتیاد در کردستان رنگ عوض کرده است. ٣٠ آذر ١٣٩٩، ایسنا، https://www.isna.ir
  3. ٦ درصد زنان در کردستان اعتیاد دارند. ایرنا. سنندج. ٢٩ اردیبهشت ١٣٩٨، irna.ir
  4. حدود ۴۰ درصد معتادان کردستان، کارمند دولت هستند، ایرنا ٦ خرداد ١٤٠٠
  5. ۳ درصد جمعیت آذربایجان غربی درگیر اعتیاد هستند، خبرگزاری مهر ٢٣ مرداد ١٣٩٨، https://www.mehrnews.com/
  6. امسال بیش از ۵ تن مواد مخدر در آذربایجان‌غربی کشف شد، خبرگزاری تسنیم ١ تیر ١٤٠٠،  https://www.tasnimnews.com/
  7. تیرۆری سپی، لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکات، هەرێم نیوز. ٣.٧.٢٠٢١،
https://www.haremnews.com/details/19943
  1. دانا عومەر، ماددە هۆشبەرەکان؛ شەڕی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕوداو،05-01-2021،
          https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/05012021
  1. Nearly half of Kurdish youth smoke, survey finds, 29-11-2016,
https://www.rudaw.net/english/kurdistan/291120161
  1. Nasih Othman,1Attallah O. Kasem,2 and Faisal A. Salih3Waterpipe Smoking among University Students in Sulaimaniyah, Iraqi Kurdistan: Prevalence, Attitudes, and Associated Factors. 2017,
https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC5960227/  صمت: صنعت، معدن، تجارت