کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەزا بەراهەنی؛ شاعیری شێعری زمان و ڕووناکبیری چەپ

23:26 - 15 خاکەلێوه 2722

ڕەزا بەراهەنی[/caption] ڕەزا بەراهەنی، شاعیر، نووسەر و ڕەخنەگری ئازەری‌زمانی فارسی‌نووسی خەڵکی شاری تەورێزی ئازەربایجانی ئێران کە ڕۆژی ٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، میراتێکی گەورەی ئەدەبیی بە زمانی فارسی لەدوای خۆی بەجێ هێشت. سەرباری ئەوەی کە زمانی دایکیی ڕەزا بەراهەنی تورکیی ئازەرییە، بەڵام بەهۆی ئەو سیاسەتە زمانییەی لە نزیکەی سەد ساڵی ڕابردووەوە بەسەر ئێراندا زاڵە، ئەویش وەکوو میلیۆنان مرۆڤی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران دەرفەتی ئەوەی لێ زەوت کراوە کە توانا و هونەری داهێنانی خۆی لە زمانی دایکی‌دا بئەزموێت، بۆیە بەپێی ئەو تیۆرییەی ژیل دولوز و فیلیکس گواتاری لە کتێبی ''کافکا، بەرەو ئەدەبیاتی کەمینە''دا باسی دەکەن، بە ناچاری دەبێتە نووسەری ئەدەبیاتی کەمینە و ''وەکوو مشک زمانی زۆرینە هەڵدەکۆڵێ تاکوو کونێکی بۆ خۆی تێدا دروست بکا؛ تاکوو خاڵی پەرەنەسەندووییی خۆی، زمانە ناوچەییەکەی خۆی، دنیا سێیەمەکەی خۆی و بیابانی خۆی تێدا بدۆزێتەوە ... تاکوو تایبەتمەندیی سەرکوتکراوی زمانەکەی خۆی لە هەمبەر تایبەتمەندیی سەرکوتکەری زمانی زۆرینەدا دانێت ... چونکە گەرەکیەتی خولیایەکی دژ لەنێو زمانی زۆرینەدا بئافرێنێ؛ خولیای دەربازبوون.'' هەر ئەو تایبەتمەندیی سەرکوتکراوی لە بەرانبەر سەرکوتکەرییەش‌دایە کە بێجگە لەوەی لە بواری ڕەخنە و تیۆریی ئەدەبیدا هەوڵ بۆ ڕزگارکردنی زمانی ئەدەبی، بەتایبەتی زمانی شێعر لە ''زۆرداری''ی ڕێزمان دەدا بۆ ئەوەی زمان بە ''زمانیەتی/زمانیبوون''ی خۆی شاد بکاتەوە، بەلای هەڵوێستی فکری و سیاسیی جودا جوداشدا کل دەبێ و ئەو هەڵوێستانە لە قۆناغەکانی ژیانیدا بوونەتە هەواڵی جێی باس و مشتومڕی لێکدژ، کە تەنانەت دوای مەرگیشی کەوتنەوە سەر زاری لایەنگران و دژبەرانی. سەردەمێک لە وتاری ''فەرهەنگی ستەمکار و فەرهەنگی ستەم‌لێکراو''دا داوای ''خودموختاریی فەرهەنگی'' بۆ گەلانی ئێران دەکا و بە گوتەی خۆی لەسەر ئەوە ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی لەلایەن ساواکی ڕێژیمی پەهلەوییەوە دەستبەسەر و ڕاپێچی زیندان کراوە و لەوێدا تووشی ئازار و ئەشکەنجە بووەتەوە و، سەردەمێکیش فریوی خومەینی دەخوا و تەنانەت نامەی بۆ دەنووسێ و تکای دیداری لێ دەکا، بەڵام دواتر ئەویش وەکوو زۆرینەی ڕووناکبیرانی چەپ دەکەوێتە بەر غەزەبی ڕێژیمی خومەینی و ناچار دەبێ ئێران بەجێ بێڵێ و تا کۆتاییی تەمەنی لە تاراوگە مایەوە، بەڵام لە هەموو ژیانیدا سەرباری ئەوەی کە باوەڕی بە پاراستنی یەکپارچەییی خاکی ئێران هەبوو، کەچی ئەو هەڵوێستەی خۆی نەگۆڕی کە پێی وابوو دەبێ گەلانی ئێران خودموختاریی فەرهەنگی و مافی خوێندن بە زمانی دایکییان هەبێ. وەک لەو چەند دێرەی سەرەوە ئاماژەم پێ دا، ڕەزا بەراهەنی جودا لە نووسەری، کاری ڕووناکبیریشی کردوە، بەڵام لایەنی هەرە گرنگ و گەورەی کەسایەتییەکەی هەر نووسەری و بەتایبەتی شاعیرییە. خۆی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە داهێنەری زمانی ڕەخنەی نوێی ئەدەبییە لە زمانی فارسیدا و شێوازە نوێیەکەی شێعری خۆیشی بە ناوی ''ڕەوتی شیعری زمان''ـەوە ناودێر کردووە. بەراهەنی لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە ئەو ڕێباز و فۆرمە نوێیەی نیما یوشیج لە شیعری فارسیدا داهینابوو و چەندان شاعیری داهێنەر و ناسراو بەرهەمی خۆیان تێیدا خولقاندبوو، پێویستە تێ‌پەڕێندرێ و زمانی شیعر ''زمانیەتی/زمانیبوون''ی خۆی بنوێنێ. لەم بارەیەوە دەڵێ: ''چەندان ساڵ ئەزموون فێری کردووین کە یەکەم، زمان کەرەستە نییە و، دووەم، هەرجارێک کە بۆ شێعر لەکاری دێنینەوە، دەگەڕێتەوە ناخی خۆی و دەبێتە شتێکی وا کە لە سێرەی پێشبینی دەخزێ و دەبێ هەموو قانوونەکانی خۆی تێک هەڵشێلێ، تەنانەت قانوونە نەریتییەکانی و ڕێزمان و داڕشتنی خۆیشی بۆ ئەوەی ''زمانیەتی/ زمانیبوون''ی خۆی وەکوو بنەمایەکی شاعیریی زەفەر پێنەبراو بپارێزێ و بەرەو سەردەمانی دادێی هەڵاوێ.'' هەرچەند زاراوەی ''زمانیەتی'' (languageability) لە دەرەوەی پۆیەتیکای تیۆرییەکەی بەراهەنی پێشتر لە تێۆرییە ئەدەبییەکاندا بەرچاو نەکەوتووە، بەڵام نزیکە لەو پۆیەتیکایەی کە ڕەوتێک بە ناوی ''شیعری زمان'' لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٦٠ و سەرەتاکانی دەیەی ١٩٧٠ی زایینیدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سەری هەڵدا و بوو بە شێوازێک بۆ شیعری هاوچەرخی جیهان. لە پۆیەتیکای ''شێعری زمان''دا زاراوەی wordness هەیە بە واتای ئەوەی کە لە شیعردا وشەکان لە قووڵاییی خۆیاندا هەن و، نە وشەی دیکە و نە پرۆسەی شیعری جێیان پێ لێژ ناکەن. بەپێی ئەم زاراوەیە و زاراوەکەی بەراهەنییش، ئەوەی کە لە شێعردا هەیە لە کری زماندا دیارە و بە هەرچەشنە بادانەوەیەک بۆ دەرەوەی زمان، بەهای شیعر لەنێو دەچێ و ئەوەی کە بە ناوی شیکاری و ڕاڤەی واتایی و مەبەستی شاعیر دەکرێ، ئەگەر بێت و بە شتێکی بەدەر لە کری زمانەوە ببەسترێتەوە، هیچ بایەخێکی نابێت. بەراهەنی پێی وایە نەک ''بابەتی نووسین''، بەڵکوو ''کاری نووسین'' دەتوانێت کۆمەڵێک بەهای شیعریی هێزەکی لە زماندا بدۆزێتەوە و دەڵێ: ''لە زمانی فارسیدا زۆر جێی شاراوە هەن کە ڕێزمان بوێریی ئەوەی نەبووە سەریان پێدا بکا، تەنانەت شێعری فارسی تا ئێستا نەیوێراوە سەر بەو شوێنانەدا بکا. تەنیا شێعرێک کە وەکوو ''کاری نووسین'' لە نووسراوە دەڕوانێ، بوێر دەبێت و بە تیشکی بوێری، تاریکایی دەردەکێشێ.'' زمان لە پۆیەتیکای شێعری بەراهەنیدا گرنگایەتییەکی بنەڕەتیی هەیە و پێی وایە کاری شاعیر دەربڕینی ئەو گرنگایەتییە، ''ئەرکی شاعیر دەربڕینی زمان بووە. نیما بە شێوەیەکی تایبەت زمانی دەربڕیوە، شاملوو بە شێوەیەکی دیکە دەریبڕیوە و ئێمەش بەدوای ئەوەوەین کە بە شێوەیەکی دیکە زمان دەرببڕین.'' بەراهەنی پێی وایە ''نیما سەرباری ئەوەی زۆر زۆر هەوڵی داوە زمانێکی نوێ بێنێتە ئاراوە، بەڵام لە نووسینی شێعردا لە ڕێگەی جێنشین‌کردنی خواستنی (مێتافۆری) و هێمایی (سیمبولیک)ـەوە کاری کردووە، نەک لە ڕێگەی جێگۆڕکێ‌وە'' و، پێی وایە ''شاعیر دەبێ بوارێکی دەهێنەرانە لە شوێنی خۆی هەڵکەنێت و ... بە جێگۆڕکێ و کاتگۆڕکێ و کەشگۆڕکێ، بەرەو داهاتووی هەڵاوێ.'' واتا لە تیۆریی ''زمانیەتی''ی بەراهەنیدا دەبێ هەموو شتێک لە خزمەتی ''کاری نووسین''دا بێت. خۆی نموونە لە چەند زمانی جیاواز دێنێتەوە کە لەو نموونانەدا سەرباری ئەوەی کە ڕێزمان و پێکهات و واتای زمان تێک دەدرێ، بەڵام دیسان زمان لە گۆڕەپانی زمانیەتیی خۆیدا ڕۆڵی تایبەتی خۆی دەگێڕێ، لەوانە: ''زمانی منداڵ، زمانی گەمەی دایک لەگەڵ منداڵ و منداڵ لەگەڵ دایک، زمانە جیاوازەکانی یاری، زمانی ئەو خولیایانەی کە نابنە ڕستە، زمانی کابووس و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی و ئەو زمانەی لە زەلکاوی سامناکی ترسەکانی سەردەم چەقیوە.'' بەراهەنی پێی وایە سەرلەبەری ئەو نموونەی زمانانە سەرباری ئەوەی کە ناچنە چوارچێوەی ڕستەی تەواو و ڕێزمانییەوە، بەڵام زۆر لە ڕستەی تەواو و ڕێزمانی ڕوونتر دەتوانن ''لاڵی و کێماسییەکان'' دەرببڕن و دیمەنی زمانیەتیی زمان نیشان بدەن. بە کورتی دەتوانین بڵێین بەلای بەراهەنییەوە زمانی شیعر بانتر لە کەرەستەیە و تێیدا هەوڵ دەدرێ بەشە تاریک و ڕێ تێنەبراوەکانی زمان بدۆزرێتەوە، بەڵام بەراهەنی ئەو هەوڵە مەزنە نەک لە زمانی دایکیدا، بگرە لە زمانی زاڵ بەسەر زمانی دایکیدا دەکا کە بێگومان نەک بە ویستی خۆی، بگرە وەکوو گەلێک لە نووسەرانی گەلانی ستەم‌لێکراوی جیهان، لەوانە نووسەرانی کورد، وەکوو عەلی‌ئەشرەف دەروێشیان، یاشار کەمال، سەلیم بەرەکات و... لەبەر ئەوەی نووسین بە زمانی دایکیان نامومکین بووە، بە ناچاری لە بەرزترین ئاستی مومکیندا بۆ پاساوێکی واقعی گەڕاون کە ئەویش نووسین بە زمانی زاڵ، یان زمانی زۆرینە بووە، بە گوتەی دولوز و گواتاری: ''داهێنان وەکوو هەنگاونان بەنێو نامومکینەکاندا.'' ***     ''هەرچیی بە زماندا نەیا   هەرگیز نایاتە دنیاوە'' ڕەزا بەراهەنی/ ساماڵ ئەحمەدی   هەرچیی بە زماندا نەیا     هەرگیز نایاتە دنیاوە ئەو کەسەی خۆرێکی ئەڵماسشێوە لە ناخی خۆیدا بەردەوام     بە ئازاری ئەشقەوە پەروەردە دەکا گوێ ناداتە هیچ ئەستێرەیەکی بزمارین کە بە نووکە تیژەکەیەوە لە دوورەدەستەکانی دنیاڕا بەلەز هەڵدەخوشێ و دادەخوشێ سێ پەنجەی دەستی ڕاستەم بە فەرمانی خۆر لەم زمانە کاکیبەکاکییەدا غار دەدەن و بڕیاری چاوم لەم ئاسمانەی ناخمەوە ڕادەکشێ خەیاڵیشم وەها شێتانە دەفڕێ کە باڵی     دەڵێی دابەستەی فریشتەکانی ئاسمانن من پەردەداری غەیب نیم     خوم غەیبم هەرکەسێکیش پێی وایە من بەم ئاستەی زەوی ڕازی بووم یان بەو ئاسمانەی بان سەرم هێشتا لەوە نەگەیوە کە سەرانسەری گەردوون بە چڵەپووشێک ناکڕم دنیا بە هەموو خۆر و کەشکەڵانەکانییەوە لە منڕا دەڕۆن     ئەوە من نیم کە دەڕۆم کێهە ئەستێرە تا ئێستا     دێڕێک     شیعری دڵداریی هۆنیوەتەوە؟ خۆریش مەگین هیچ لە ئەڤین و لە مۆسیقا تێدەگا؟ دنیا بە هەموو خۆر و کەشکەڵانەکانییەوە لە منڕا دەڕۆن     ئەوە من نیم کە دەڕۆم کێهە ئەستێرە تا ئێستا دێڕێک شیعری دڵداریی هۆنیوەتەوە؟ ئەشقی مۆسیقا مەگین ئەو خۆرەی لەخۆبایی نەکردووە؟ کێهە ئاسک تا ئێستا سەری هەڵێناوە بۆ ئەوەی مانگ ببینێت؟ ئەدی مانگ، مانگ و ئاسک و دارستان بەو پێچەڵپێچییەوە ئەگەر من نەبم و نەیڵێم؛ مەگین هەر هەن؟ کەشکەڵانیش مەگین چییە بێ لە چاوترووکانێکی ناکاوی من لە نێوان موژەکانمدا؟ ئەی ئەگەر من نەبم، تۆ کە گراویی منی     مەگین دەنیشییە سەر دیدەی ئاشقانی دیکەی دوایی؟ هەزار ئاوێنەی کەسیی شێتم هەڵداوە بە دەوری عیشوەی بێبڕانەوەی تۆدا ـــ ''عیشوە'' ـــ ئای لەو وشە بەرزە! وەک بڵەی ئەوەت تۆ بە زماندا هێنا هەوەڵێ و     دوایی لە ژن قیامەت هەستا هەر پاش ئەوەش بوو کە هیچ نەینۆکی ترم ڕوخسەت نەدا سەری ئەو نینۆکە تازەبڕاوە ناسکەی تۆ بنوێنێ ئا‌شق ئەگەر دڵپیس نەبێ حەتمەن شێتە دەنا سەری لە جوانی دەرناچێ *** من کەشکەڵانی ئەرد و ئاسمانم تەقاندووە کلیلم لە گشت خۆر و هەسارە و ئەستێرەیەکدا سووڕاندووە هیچ نەشمەزانی بەدوای چی و کێدا دەگەڕێم کتوپڕ زانیم هەر لە هەوەڵێوە بەدوای ئێرەدا وێڵ بووم بۆ ئەوەی ڕاپۆرتێک بنووسم لەو بانەڕۆژەی تێیدا مرۆڤ پۆلە مەلێکی گیانلەبەر لە وشەکان دەئافرێنێ باڵەکانیشیان دەڕاسێنێ     لە دژی ئەو سپێدە کیژەی کە خۆر مارەییی خوێنی پیا دەپژێنێ *** ئەرکی من ئەوە بووە کە هەر لە سەرەتاوە لە تاریکیی دنیا تێبگەم و ڕوونی بکەمەوە ئەو ڕووناکییەش لە ڕووناکاییی خۆر خۆی کەمتر نەبووە بڕوانە ئاشقان لە قووڵاییی تاریکیدا جەستەی یەکدی بە درەوشاوە دەبینن و بە چنگەکڕکێ هەوڵ دەدەن نەیەڵن دەروازەکانی بەهەشتی یەکتر دابخرێن وا بووە من هەستم کردووە      کە ئاسمانەکانم هێناوەتە سەر زەوی هەر هەناسەیەکیشم بەس بووە بۆ ئەوەی دارستانەکان لە حاڵی سەمادا هەڵفڕێنم جوانترین نەسکەکانی کتێبی پیرۆزم بە خەتی خۆم نەک هەر نووسیوەتەوە بگرە بە نووسراوم لە سینەدا تۆمار کردوون هەرچییەکی بە زمانی مندا نەیا هەرگیز نایاتە ئەم دنیایەوە خوداکان پێویستیان بووە بە ئەلفبێی گیانی ئەم منەی پەرێشان هاشوهووشیان سەرلەبەر هاواری دوورییەکەی ئەمن بوو زمانی من نەبووایە، ئەم دنیایەش نەدەبوو! هەر ئەوەندە و ''ڕووناکایی ببە و ڕووناکایی بوو!'' لە منەوە گەییشتە ئاسمانی دنیا ئەو وشانە سەرلەبەر وشەی شاعیر بوون لە خەونەکانی منیان دزیون ئەو چەند وشەیە چەند وشەی شاعیرێک بوون مرۆڤ، میعراجی بە بەژن و باڵای خۆی هەڵداوە سەرباشقەکە وەستانی مرۆڤە بە هەموو باڵای خۆیەوە لەسەر پێ سەرباشقەکە بەژن و باڵای مرۆڤە ئەوەی بۆ ئاسمان نەگەڕێت مرۆڤ نییە و     خۆیشی ناناسێت وەهای ئاسمان لە ڕاستیی دڵەوە خواستووە کە جارجار خۆی لە ئاسمانی دنیا جێ هێشتووە ئاشقان لە قووڵاییی تاریکیدا جەستەی یەکدی لە خۆیاندا بە درەوشاوە دەبینن تەنانەت ئەگەر خاچیش خەڵکێکی پەرێشان هەڵیاندابێ میعراج لە خواستی خۆیەکیی ئەو بەژنەی مرۆڤ هەڵکشاوە ئێستا تۆ بڕوانە ئاشقان کە لە قووڵاییی تاریکیدا     جەستەی یەکدی بە دەرەوشاوە دەبینن میعراج لە خواستی بەژنی مرۆڤ هەڵکشاوە