کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندان‌بەزێنەکانی ئێمە (شاکر بێهروزی)

22:46 - 31 خاکەلێوه 2722

زیندان‌بەزینی ئەمجارەی "کوردستان" شاکر بێهروزی‌یە کە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا بەند کراوە و سزای ئێعدامی بەسەردا سەپاوە. شاکر (فەرهاد) بێهرووزی، کوڕی سەلیم لەدایکبووی گوندی دزەی سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ‌یە. شاکر قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە گوندەکەی خۆیان تەواو کردوە و پاشان لە تەڵاشی زیوە درێژەی بە خوێندنی دواناوەندی داوە و پاشان لە ڕەشتەی "کار دانش"دا بڕوانامەی دیپلۆمی وەرگرتوە. ئەو دواتر بۆ بژێوی ژیانی ڕوو لە کاری چێشتلێنەری دەکا و لە تالارەکانی شاری ورمێدا بەو کارەوە سەرقاڵ دەبێ. شاکر لە ساڵی ١٣٩٦ هەتاودا هاتۆتە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، پاشان لە خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧دا و دوای وەرگرتنی "ئەمان نامە" گەڕاوەتەوە ئێران و خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ کردۆتەوە. ناوبراو پاش ١٤ ڕۆژ دەسبەسەری لە گرتنگەی ئیتلاعات و تەواوبوونی قۆناغەکانی یەکەمی لێپرسینەوە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. بەڵام پاش ٦ مانگ بۆ جاری دوویەم لە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەممەی هەمان ساڵدا لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی ورمێ‌وە دەسبەسەر کرایەوە بە تۆمەتی "کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی" دەستبەسەر و بۆ ماوەی ساڵێک و  ٩ ڕۆژ لە گرتنگەی ئەو ناوەندە ئەمنییەتییەی ڕێژیم هەڵکەوتوو لە پادگانی ئەلمێهدیی ئەو شارە خرایە ژێر ئەشکەنجە. حیفازەت ئیتلاعاتی ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی داننانی زۆرەملێ لە شاکر قورسترین و جۆراوجۆرترین شکەنجەی لەسەر تاقی کردەوە. شاکر دوای ٥ مانگ مانەوە لە گرتنگەی حیفازەت ئیتلاعاتی ئەو شارەدا بەو پەروەندە قورسەی لەدژی دروست کرابوو، لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٩ هەتاویدا سەرەتا لە لقی ٢ی دادگای شۆڕشی شاری ورمێ‌ و لە دادگایەکی چەند خوولەکیدا بە سەرۆکایەتی قازی "شێخ‌لو" بەتۆمەتی "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. بەڵام دواتر حیفازەتت ئیتلاعاتی سپا بە هەڵبەستنی تاوانێکی نەکردوو دوو پەروەندی دیکەی لەدژی کردەوە و لە دادگا بە تۆمەتی "بەغی"ی لە ڕێگای ئەندامەتیی "کۆمەڵە" و هەروەها "کوشتنی" ئەندامێکی سوپای پاسداران سزای ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا. ئەو حوکمە لە پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٠ لە دیوانی بەرزی وڵات‌ڕا بۆ پێداچوونەوەی دووبارە نێردرایەوە بۆ دادگای شۆڕشی شاری ورمێ و لە ئاکامدا لە ڕەزبەری هەمان ساڵ (١٤٠٠) سزای ئێعدامی شاکر لە لقی ٣١ی دیوانی بەرزی وڵات لە شاری قوم پشتڕاست کرایەوە. سەپاندنی حوکمی ئێعدام بە سەر شاکر بە تۆمەتی "کوشتنی" ئەندامێکی سوپای پاسداران و ئەندامەتی لە ڕێکخراوی کۆمەڵە لە کاتێک‌‌دایە کە ئەو پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە و هیچ پێوەندییەکی بە کۆمەڵەوە نەبووە. هەروەها دوای پشتڕاست‌کردنەوەی حوکمی ئێعدامی شاکر لە دیوانی بەرزی وڵات، ١٢ کەس لە خەڵکی ئاوایی دزەی مەرگەوەڕ لە نامەیەکدا داوایان لە دەزگای قەزایی کرد ئەو پەروەندەیە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر وەگەڕ بخاتەوە و دادگەرانە پێیدا بچنەوە. ئەوان شایەتییان دابوو کە شاکر لە کاتی کوژرانی ئەو ئەندامەی سپای پاسداران لە گوندەکەی خۆیان بووە؛ هەروەها بنەماڵەی "مامەل محەممەدی"، پاسدارە کوژراوەکەش لە سکاڵا دژ بە شاکر خۆیان بواردبوو. بەڵام دواتر حیفازەت ئیتلاعات بۆ زیاتر گوشار خستنە سەر شاکر لەسەر بنەماڵەی "مامەڵ محەممەدی" دەکا کە بێتوو بەدژی ئەو (شاکر) سکاڵا بەرز نەکەنەوە و ئەگەر بێتوو لێی ببوورن، مووچەی مانگانەیان لە "بونیادی شەهید"دا دەبڕن؛ بەوەش ئەو بنەماڵەیە مل بۆ بڕیارەکەی سپای پاسداران رادەکێشن. شاکر بێهرووزی دوای ئاگاداربوون لەو باسە و لەو پیلانەی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپا ناڕەزایەتیی توند دەردەبڕێ و لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٠دا لەد زیندانی ناوەندیی ورمی بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک مان لە خواردن دەگرێ. شاکر پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردانی هەمان ساڵدا بە نیشانەی ناڕەزایەتی‌دەربڕین لەمەڕ ڕەوتی نادادپەروەرانەی دادگایەکی و سەپاندنی سزای ئێعدام بە سەریدا، مانی لە خواردن گرتبوو. بەڵام لە حاڵێکدا کە پێشتریش ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ١٥ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاویدا ناڕەزایەتیی خۆی لە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە سەپاندنی سزای ئێعدام بە سەر شاکر بیهرووزی‌دا دەربڕیبوو، هیچ وەڵامێک بە داوای وردبینی و پێداچوونەوەی سەرلەنوێ بە پەروەندەی ناوبراو نەدراوەتەوە. شاکر لەم دواییانە و لە ڕێکەوتی ١٠ خاکەلێوەی ئەمساڵیشدا بەنیشانەی ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە بەندکرانی لە سللولی ئینفڕادیدا مانی لە خواردن گرت و، ڕۆژی شەممە ٢٧ی خاکەلێوە پاش ١٧ ڕۆژ دوای ئەوەی کە بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ بڕیاری گواستنەوەی ئەویان بۆ بەندی سیاسییەکان دا، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.