کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادی ٤٠ساڵەی دامەزرانی فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات

14:33 - 29 بانەمەڕ 2722

لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا بە بەشداریی سکرتێری گشتیی حیزب و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، یادی ٤٠ ساڵەی دامەزراندنی فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بەرز ڕاگیرا. ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، بە بەشداریی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سەدان کادر، پێشمەرگە و ئەندامی حیزب بەبۆنەی یادی ٤٠ ساڵەی دامەزراندنی فێرگەی پێگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بە "ڕێژە"ـی پێشمەرگانەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە چوو و سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی‌رەقیب و ساتێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد، پاشان بەڕێز "خالید عەزیزی" سکرتێری گشتیی حیزب پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی بەبۆنەی ٤٠ ساڵەی دامەزرانی فێرگەی پێگەیاندنی حیزب پێشکەش بە بەشداربووان کرد. بەڕێز خالید عەزیزی، لە پەیامەکەیدا وێڕای پیرۆزبایی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەبۆنەی یادی ٤٠ ساڵەی دامەزرانی فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، تیشکی خستە سەر پەروەردە و بارهێنانی ڕۆڵە بە ئەمەگەکانی نیشتمان لە فێرگەی سیاسی-نیزامیی حیزبی دێموکراتدا و وتی: پەروەردەکردن لە حیزبی دێموکراتدا هەمان پەروەردەیە کە پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری کوردستان بناغەکەی داناوە و هەر ئەو پەروەردەیەیە کە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پۆل پۆل کچان و کوڕانی نیشتمانپەروەر پەیوەست دەبن بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پەروەردەی حیزبەکەی پێشەوا قازی ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە سەرە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆیە خەڵک تاکوو گەیشتن بە ئامانجەکانی گەلی کورد ئەو حیزبە بە هی خۆیان دەزانن. بەڕیز عەزیزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: پێویستە لەم ڕۆژەدا یادی ئەو فەرماندانەی کە لە ڕۆژە سەختەکانی خەباتدا ڕۆڵی گرینگیان هەبووە لەسەر داوای مافی ڕەوای نەتەوەکەمان بەرز بنرخێنین و یادیان بکەینەوە و سپاسی سەرجەم مامۆستایانی فێرگەی پێگەیاندی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بکەین، حیزبی دێموکرات بەردەوام بیری لە پەروەردەی کۆمەڵگە کردۆتەوە و هێزی پێشمەرگە بۆیە چەکی لەسەر شانە بۆ ئەوەی بەرگری لە مافی ڕەوای نەتەوەکەی بکا، کۆماری ئیسلامی بە درێژایی مێژووی خۆی هەوڵی ئەوەی داوە کە هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان لەیەک داببڕێ بەڵام هیچکات نەیتوانیوە ئەو کارە بکا و بەردەوام خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە وەکوو دوانەیەکی لێک دانەبڕاو لە یەک سەنگەردا بەدژی دوژمنانی داگیرکەری کوردستان خەباتیان کردووە. لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا سروودێکی شۆڕشگێرانە لەلایەن کۆڕی هونەریی حیزبەوە پێشکەش بە بەشداربوان کرا و دواتر ڕێزنامەی دەفتەری سیاسیی حیزب بەبۆنەی ٤٠ ساڵەی دامەزرانی فێرگەی سیاسی-نیزامی لە بەڕێوەبەریی فێرگە لەلایەن بەڕێز حەسەن قادرزادە، ئەندامی دەفتەری سیاسیی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی پێشمەرگەوە پێشکەش کرا. هەروەها لە درێژەدا سروودێکی نیشتمانی لەلایەن کۆڕی هونەریی حیزبەوە و ڕاپۆرتی فیرگەی پێگەیاندنی حیزب لەلایەن بەڕیز برایم چووکەڵی، بەرپرسی فێرگە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا و ڕێزنامەی فێرگە لەلایەن بەڕیز مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێری گشتیی حیزب و بەڕیزان "کەماڵ کەریمی، حەسەن قادرزادە و عومەر باڵەکی" ئەندامانی دەفتەری سیاسیی حیزب پێشکەش بە مامۆستایانی فێرگە کرا. لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا بەڕیز برایم چووکەڵی خەڵاتی فێرگەی پێشکەش بە سێ کەسی یەکەمی دەورەی مودیرییەت کرد کە لە ماوەی مانگێکدا ئەو دەورەیە بەڕێوە چوو بوو.