کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندان بەزێنەکانی ئێمە (قادر محەممەد‌زادە)

02:59 - 1 جۆزەردان 2722

قادر محەممەد‌زادە لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٦ لە شاری بۆکان یەکێکی دیکە لە زیندانیانی سیاسیی کوردە کە ئێستا لە زیندانی ناوەندی شاری یەزد‌دا بەند کراوە و بەمجۆرە باسی ئازادیخوازی و خەباتکەریی خۆی دەدا. قادر محەممەدزادە ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کرا و پاش چەند مانگ هێشتنەوە لە سللولی تاکەکەسیی گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی مەهاباد و بۆکان و تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپێچینەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا. قادر پاش ١٥ مانگ بەندکران و ناڕوونیی چارەنووسی، دواجار لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە بە تۆمەتی "موحاربە" و "هاوکاری‌کردن لەگەڵ ڕێکخراوی کۆمەڵە" دادگایی کرا. ئەو سەرەیا لەو سۆنگەیەوە سزی ئێعدامی بە سەردا سەپا کە دوای ناڕەزایەتی‌دەربڕینی ناوبراو بەو حوکمە و بەدواداچوونی زۆری بنەماڵەکەی، حوکمەکەی لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێدا بۆ ٢٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی یەزد گۆڕدرا. قادر محەممەدزادە لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٨٩ هەتاویدا بۆ جاری دوویەم و، ئەمجارەیان لە پەروەندەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی "پێوەندی لەگەڵ مێدیاکانی دەرەوەی وڵات" دادگایی کرایەوە و لەو سۆنگەیەشەوە سزای ٦ مانگ زیندانی بە سەردا سەپا و ئەوەندە ماوەیەش بە حوکمی گرتنەکەی زیاد کرا. ڕەشەممەی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی قادر محەممەدزادە بە بڕیاری بەرپرسانی دەزگای قەزایی ڕێژیم ئەمجارەیان بە تۆمەتی "پێشێل‌کردنی یاسای نیو زیندان" لەگەڵ ٣٠ بەندکراوی دیکە بەمەبەستی تەمبی‌کردن و سزادانیان بۆ بەندی ئەمنییەتیی زیندانی ناوەندی ورمێ ڕاگوێزران. بەڵام قادر بێدەنگ دانەنیشت و سەبارەت بە دۆخی نالەباری زیندان و پێڕاگەیشتنەکان و هەروەها بێبەشی لە مافەکانی هەر زیندانییەک ناڕەزایەتیی توندی دەربڕی. ئەو دواتر لە ڕۆژی ١١ ڕەشەممەوە بۆ ماوەی سێ حەوتوو مانی لە خواردن گرت. ئەوە بوو کە لە ڕۆژی ڕێکەوتی ٢٦ ڕەشەممەدا پێی راگەیاندرا بەڕێی زیندانی ناوەندیی یەزد دەکرێتەوە. کەچی زیندانی یەزد سەرەتا لە وەرگرتنی نابراو خۆی بوارد و دواجار لە ڕێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوەدا هەر ڕەوانەی زیندانی ناوەندی یەزد کرایەوە. پەروەندەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان دوای ئەوەش لەدژی قادر محەممەدزادە هەر بەردەوام بوون. بۆیە لە پەروەندەیەکی دیکەدا و ئەمجارەیان بە تۆمەتی "بەشداری‌کردن لە کوشتنی مەئموورێکی ڕێژیم" و "هەڵگرتنی چەک" و "چوونەدەرێی نایاسایی لە وڵات" لە سنووری سەردەشتەوە بە ٧ ساڵ زیندان مەحکووم کرا. ئەو حوکمە دوای قۆناغەکانی سکاڵا و پێداچوونەوە لە دیوانی بەرزی وڵاتدا گۆڕدرا بە پێ‌بژاردنی "خوێنبایی". لەگەڵ یەکلابوونەوەی ئەو پەروەندەیە کەچی پاش ماوەیەک و لە ڕۆژی ٢٤ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا بە قادر ڕاگەیەندرا کە ئەو ٧ ساڵ زیندانەی پێشتر پێیان داوە هەڵناوەشێتەوە. ئەویش بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین بەو زۆردارییە و ئەو حوکمە زۆرەملێیە لە ڕۆژی ٢٦ی ڕەزبەردا بۆ جاری دوویەم مان لە خواردن دەگرێتەوە. کاربەدەستانی زیندانی یەزد لەبری وەڵامدانەوە بە داخوازییەکانی قادر ڕۆژی ٩ خەزەڵوەر  لە سللوولی تاکەکەسیی دەپەستێون و لە حاڵێکدا ناوبراو لەسەر مانگرتنەکەی سوور بووە، ڕۆژی ١٤ خەزەڵوەر بەهۆی ناجێگربوونی باری تەندروستیی بەڕێی بێهداری زیندان دەکرێ. قادر محەممەدزادە لە هاوینی ١٣٩٩دا و بۆ جاری سێیەم لە ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژەوە بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە پێنەدانی مەرەخسی و دەستبەسەرداگرتنی بارمتەی یەک میلیارد تمەنیی بنەماڵەکەی کە لەبری ناردنی بە مەرەخەسی بۆیان دانابوو، مانی لە خواردن گرتەوە. ئەمجارەیان پاش ئەوەی لەلایەنە بەرپرسانی زیندان و ئیدارەی ئیتلاعاتی یەزدەوە بەڵێنی ئەوەی دەدرێتێ کە پێداچوونەوە بە پەروەندەکەیدا دەکەن و بە مەرج لێخۆشبوونی بۆ دەردەچێ، پاش ٤٠ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا. قادر محەممەدزادە لە ڕێکەوتی ٢ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠ هەتاوی لە نامەیەکدا کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بڵاو بۆوە باس لەوە کرد کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا کە خراوەتە بەندیخانەوە، "لە پێدانی مەرەخسی و هەرچەشنە مافێکی دیکەی زیندانیی سیاسی بێبەش بووە." هەروەها لەو نامەیەدا پێی لەسەر ئەوە داگرتبوو کە لە بابەت کوژرانی مەئموورێکی هێزە ئینتزامییەکاندا ناوبراو بێ‌تاوانە و لە هیچ کوێی ئەو بابەتەدا هیچ نەخشێکی نەبووە." ئەو دەڵێ دادگا هیچ بەڵگەیەکی لەدژی من نەبوو، بەڵام قازیی پەروەندەکە گوتی هەرچۆنێک بێ کەسێک لە هێزە ئینتیزامییەکان کوژراوە و مادام تۆ زیندانیی سیاسییت، تاوانبار بیت یان بێتاوان دەبێ سزاکەی تۆ بیدەی".  قادر لە درێژەی نامەکەیدا باسی لەوە کردبوو کە "بە بنەماڵەکەیان گوتوە هەتا ئەو بڕە پارەیە نەدەن کە وەک خوێنبایی بۆ کوڕەکتان دیاری کراوە، مەرەخسی نادرێتێ". ئەو باس لەوەش دەکا کە بەهۆی نەدانی مەرخسی چەند جار ناچار بووە مان لە خواردن بگرێ و دواجار ناچار بووە هانا بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ببا. قادر محەممەد‌زادە پاش ١٦ ساڵ مانەوە لە زیندان بەبێ یەک رۆژ مەرەخەسی، دواجار لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەممەی ساڵی ١٤٠٠ هەتاویدا بە دانانی بارمتەیەکی یەک میلیارد تمەنی بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ نێردرایە مەرەخسی. ئەو ئێستا لە زیندانی ناوەندیی یەزددا خەریکی کێشانی هەڤدەهەمین ساڵی بەندکرانیەتی.