کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"دڵداری‌دەرمانی" شێوازی نوێی چارەسەری هەموو کێشانە

03:01 - 1 جۆزەردان 2722

پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت "لە کۆتەرەدار ڕەویەوە بەسەر بەرازدا کەوت". ئەم پەندە لە خۆمان یانی لەمن و لە تۆ و هەموو ئەوانی دیکە ڕووی داوە. ماوەی چەند ڕۆژێکه لە ئێران زیاتر لە جاری جاران نان چووەتە پشتی شێران و برسیەتی فرە هێرشی هاوردووە. هەر لەبەر ئەمەشە خەڵکی ئێران شەوانە خەریکن لە شار و بازاڕان خۆیان پێشان دەدەن، یانی شەوانە خەریکی خۆپێشاندانن. خۆپێشاندانی شەوانە چەند هۆکارێکی هەیە. یەکیان ئەمەیە خەڵک بە ڕۆژ بە دوای ناندا دەدەگەڕێن و ئەگەر دەستیان کەوێ لە شوێنێک دەیدۆزنەوە، گوێی دەگرن و دەیهێننە ماڵەوە و بە دزیی دەروجیران و دوور لە چاوی میوانی سەربەخۆ پارچە پارچەی دەکەن و دەیخەنە گووپی ژن و منداڵی برسییانەوە. یەکی دیکە لە سوودی زۆری خۆپێشاندانی شەوانە ئەمەیە شەوان زۆربەی کووچە و کۆڵانی شاران تاریکن و خۆ‌پێشاندەران باشتر دەتوانن لە پەسیواندا خۆ لە ڕاوەدوونان و گرتنی هێزی تازەناوی "فەراجا" بپارێزن. یەکێکی دیکەی دیکەی هۆکاری خۆپێشاندانی شەوانەش کۆتایی‌‌هێنان بە شەودانیشتنی هەتا درەنگانە. شەودانیشتن لە ماڵاندا تام و چێژی جارانی نەماوە. هەتا ئەم دواییانە باش بوو خەڵکەکە لە ماڵەوە هەرکەس بە مۆبایلی خۆیەوە خەریک دەبوو، بەڵام ئێستا بە گەدەی بەتاڵ و ترسی نەبوونی نانی سبەی سەیرکردنی تۆڕ و مۆڕی کۆمەڵایەتیش تام‌وچێژی جارانی نەماوە و ئەمەش یەکێک لەو هۆکارانەیە ژن و پیاوی ماڵەوە شەوان دەچنە خۆپێشاندان و چوون بۆ خۆپێشانانیش هەر هیچ نەبێ دوو سوودی بەرچاوی دیکەی هەیە: یەکیان ڕاکردن لەدەست پرتەوبۆڵەی ئەوانی دیکەی نێو ماڵەوە و ئەوی دیکەش خەوی بەیانیەکەیە و دەکرێ بڵێی هەتا درەنگانی شەو لە خۆپێشاندان بوومە و ئێستاش ئەگەر بە ڕۆژ کارم نەبێت، خەوتن زۆر باشترە و بۆ خۆپێشاندانی شەوی داهاتووش وزەیەکی باشترم دێتەوە بەر. ئەم هەوڵ و جووڵەی خەڵک له کاتێک‌دایە هەڵسوڕێنەرانی کۆماری ئیسلامی دوای ئەوەی بە حیساب و کیتاب و لێکدانەوەی پارە و داهاتی پاشکەوت‌کراوی خۆیان ڕاگەیشتن، بیر لە دەنگ نەهێنانەوەی حیزبوڵڵای لوبنان و سەرنەکەوتنی چوارچێوەی هەماهەنگی لە عێراق و دەرچوونی هێزی چەکداری ڕووسیە لە سووریە دەکەنەوە. بەرپرسانی پلەباڵای مەملەکەتی ئیسلامی شوکرانەبژێرن دەبینن خۆیان پێداویستییەکی ئەوتۆیان نییە و ماڵ و منداڵیان لێرە و لە هەندەران تێر و تەسەلەن. خودی جەنابی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئەمشەو بیری لە قسەی ڕۆژی ڕابردووی شای ئۆردۆن دەکردەوە. شای ئۆردۆن دوێنێ گوتبووی هێزی چەکداری ڕووسیە باشووری سووریە جێ‌دەهەڵێن و چەکدارانی سەر بە ئێران و حیزبوڵڵا جێگەیان دەگرنەوە. ئێستا جەنابی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی تێدا ماوەتەوە، ئاخۆ جارێ بە شێوەی کاتی سەبارەت بە باشووری سووریە و پێوەبوونی چەکدارانی لەوێ و سەرنەکەوتنی جەماعەتی خۆی لە پێکهێنانی کابینەی عێراق پیشان بخواتەوە، یان بۆ گەرم‌کردنەوەی ئاگری شەڕی هەموو ناوچە به حووسیانی یەمەن بڵێ ئاگربەستیان لەگەڵ سعوودیە بشکێنن؟ ڕێبەرانی بەمشووری ئەم وڵاتە شێوە پشیلەیە، وەنەبی بیر لە خەڵکی نێوخۆش نەکەنەوە. هەر لە دوو سێ ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسانی موحتەڕم بە تایبەت لەنێو هەزارەزیلەی پایتخەت، بۆ پێشگیری‌کردن لە سەرهەڵدانی خۆپێشاندان، بە بیانووی خۆڵبارین لە هەموو قوتابخانە و زانکۆ و ئیداران پشووی ڕەسمییان ڕاگەیاند. لە کاتێکدا بۆ ڕۆژی دووهەم هەوای تاران پاک و خاوێن بۆوە، پشووی ڕاگەیەندراو هەروا بەردەوام بوو، لەبەرئەمە بوو کەوتینەوە بیر ئەم بەسەرهاتە: "دەگێڕنەوە لە جادەیەک ئوتوبووس لە پێچێک سوڕایەوە و کوڕێک لە تەنیشت خانمێکەوە بە بیانووی نەمانی هاوسەنگی شانی هاویشتە سەر شانی خانمەکە و کەمێک پێ چوو ئوتووبووس ڕاستەڕێ بۆوە، بەڵام کوڕە هەر شانی لەسەر شانی ژنە بوو. خانمەکە دەستێکی گەیاندە شانی کوڕە وگوتی، کاکە ڕاستەوە بە، خۆ دەمێکە پاسەکە ڕاستەڕێ بووەتەوە." لە لایەکی دیکەوە خۆپێشاندەران و خەڵکی داماو جاروبار بەردی لە دەستدانی کوڕەکەی ڕەزاشا لە ئەژنۆ دەدەن و دەڵێن "ڕەزاشا ڕوحت شاد". لێردا نازانم مەبەستیان بیرهێنانەوەی پەندی "ڕەحمەت لە کفن‌دزی پێشووە" یان خەریکن جارێکی دیکە "لە کۆتەرەدار دەڕەونە و بە سەر بەرازدا دەکەون"؟ ژنانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بۆ کۆتایی‌هێنان بە خۆپێشاندانان دەست‌پێشخەرییەکی باشیان کردوە. ئەوان دەزانن ئەم خۆپێشادانانە به هۆی برسیەتیەوە سەریان هەڵداوە. لە ئاکامدا پێشنیاریان کردوە ژنان لە نێوماڵی خۆیاندا بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ئەم کێشەیە خۆی لێهەڵماڵن. ژنانی نزیک لە حەوزەی خویندن و ماموستایانی فێرگەی ئیسلامیی قوم دەڵێن پێویستە ژنان شەوانە لە ماڵەوە زیاتر دڵداری لەگەڵ پیاوانیان بکەن و بە ئەوینداری و خۆشەویستی، برسیەتی و نەدارییان لەبیر بەرنەوە. کەسیش نییە چەپڵە بۆ ئەم ژنانە لێ بدا و بڵێت هەی چاوی سەرم بن! خۆ بەم ڕێنوێنیەی ئێوە فەرمایشتی میرزا خواجە عەلیش جێبەجێ دەبێ و ئەوانەی شەوانە بەم "شیددەت"ە دڵداری دەکەن، وەچەی زۆرتریان لێ‌ دەکەوێتەوە ئۆممەتی شەهیدپەروەری ئێرانیش لە پیری ڕزگاریی دەبێ.