کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەکداریی زۆرەملی بۆ گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزمی جیهانی

02:33 - 16 جۆزەردان 2722

سەربازیی مۆدێرن بۆ دەوڵەت یان چەکداری‌کردن بۆ دەوڵەت دیاردەیەکی زۆر کۆن نییە و مێژوویەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٧٩٨ زایینی ( ١١٧٧ هەتاوی ) کە لەدوای شۆڕشی فەڕانسە بۆ یەکەمین جار لەلایەن ئەو وڵاتە هاتە ئاراوە و وەک یەکەمین جمهوری لە جیهانی مۆدێرندا بەو پلانە لە هەوڵی ئەوەدا بوو لەبەرانبەر پاشایەتیی رۆژئاواییەکان بەرگری لە کیان و گەلەکەی بکات. لەڕاستیدا مەسەلەی هێزی سەربازی لە هەموو وڵاتێک بۆ پێکهێنانی ئاسایش و بەهێزکردنی ڕەهەندەکانی بەرگری وەک  پرسێک بۆ هەموو دەوڵەتان بووە و ڕێگەی جۆراوجۆری بۆ دۆزرایەوە و تاقی کرایەوە. دواجار بە داهێنانی فەڕانسە لەو بوارەوە لەژێر ناوی سەربازیی بەزۆرەملی، وڵاتانی تریش ئەزموون و بژاردەی ئەویان کردە هەوێنی چارەسەری ئەو مەسەلەیە. پرسیار ئەوەیە بۆ دەبێ تاکێكی کۆمەڵگە ماوەیەک لە تەمەنی خۆی لەپێناو خزمەت بە وڵات یان دەوڵەت دابنێ؟ بەڕاستی لەنێوان خزمەت بە وڵات و میللەت لەگەڵ دەوڵەت جیاوازیی چییە؟ هەر وڵاتێک بۆ پێکهێنانی ئاسایشی نێوخۆیی، بۆ پاراستنی سنوورەکانی لەهەمبەر دەستدرێژیی بیانی و کێشەی سیاسی، جوگرافی، ئابووری و نیزامی، بەرگری کردن لە ماف و چارەنووسەکەی و هتد پێویستی بە قەوارەیەکی نیزامی هەیە.  ئەوەی دەبێتە هۆی سەرەڕۆیی نەکردنی دەوڵەتان بە نیسبەت یەکتر، هەروەها پاراستنی دۆخی ئارامی نێو کۆمەڵگە و ڕێگریکردن لەو کردەوانەی کە پێش لە پێشکەوتنی کۆمەڵگە دەگرێ، هێزی نیزامیی وڵاتە. ئەو هێزە لە یاسای بنەڕەتی هەر وڵاتێكدا پێناسە کراوە و لەئێستادا ئەو پێناسەیە پەلی بۆ کەرتە ئابووری و یاساییەکان و ڕای گشتی لە ئاستی جیهانیشدا هاویشتوە و بۆتە هۆی ئەوە کە ئەو  دیاردەیە دوو پێناسەی بۆ بکردرێ کە لە هەڵسەنگاندن لەگەڵ یەکتردا خاڵی هاوبەش و جیاوازی بەرچاویان لەگەڵ یەکتر هەیە. پێناسەی یەکەم کە لە دەسپێکی هاتنە ئارای ئەو دیاردەیە بۆی کراوە بەو جۆرەیە کە هەر تاکێکی کۆمەڵگە بەزۆرەملی لە ماوەیەکی دیاریکراودا دەبێ تەمەنی خۆی پێشکەشی خاک و نیشتمان بکات و لەبەرانبەریشدا لەدوای ئەو تاکەکانی دیکە ئەو کردەوە بەزۆرەملییە بگرنە ئەستۆ. ئەو زۆرەملییە بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگە لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتمان و میللەت و دەسکەوتەکانی وڵات‌دایە؛ ئەوە پێناسە و بۆچوونی ئەو وڵاتانەیە کە سەربازی لە یاسای ئەواندا بەزۆرەملی پێناسە کراوە و وەک هەموو یاسایەکی دیکە خاڵ و ئوسوولی پێویستی بۆ دەستنیشان کراوە. پێناسەی دووهەم کە بە سەربازی خۆخوازانە نێوبانگی دەرکردوە و زۆربەی وڵاتانی جیهان لەو سەردەمەدا پێڕەوی لەو شێوازە دەکەن، بەو جۆرەیە کە سەربازی وەک هەموو کار و پیشەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگە وەک دیاردە و کارێکی پرۆفیشناڵ چاو لێ دەکردرێ و کەسانێک کە دەخوازن لە پیشەی نیزامیدا کار بکەن و شارەزایی وەدەست بێنن و سەرکەوتوو بن، دەچنە نێو ئەو بازنە کارییەوە؛ دیارە سەربازی (چ خۆخوازانە و چ بەزۆرەملی) وەک هەموو کار و پیشەیەکی دیکەی کۆمەڵگە خاڵی ئەرێنی و نەرێنیی خۆی هەیە.  سەربازی بەزۆرەملی بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٢٢ی زایینی ( ١٣٠١ی هەتاوی ) لەلایەن وڵاتی ئیرلەندەوە وەلانراوە و دواتر وڵاتانی وەک ژاپۆن، ئینگلیز، لوکزامبورگ، ئوسترالیا، ئەمریکا ئەو کارەیان کرد و لە ئێستادا ١٠٩ وڵات ئەو کارەیان کردوە کە سەتا ٥٥ی وڵاتانی دنیا دەگرێتەوە. لە سەتا سی و دووی وڵاتانی دیکە سەربازییان بەشێوەی خۆخوازانە یان تێکەڵاوێک لە دوو شێوازی خۆخوازانە و بەزۆرەملی (لە ماوەیەکی کەمدا و بە مەبەستی ئاشنابوون لەگەڵ چەمکەکانی نیزامی و جۆرەکانی بەرگری و هتد) یان سەربازی بەشێوەیەکی مەدەنی یان نیزامی بەبێ چەک هەیە. بەڕێوەبەرانی وڵاتان بە لێکدانەوەی باری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندییە گشتییەکانی وڵات بەو ڕاستییە گەیشتوون کە سەربازیی پرۆفیشناڵ و خۆخوازانە لە هەموو بوارە جۆراوجۆرەکان (سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و سەرچاوەی مرۆیی) بۆ وڵاتێکی ئازاد و دێموکرات یان وڵاتێک کە بەرەو ئازادییە مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان هەنگاو دەنێ باشتر و جێگرتووترە و پرۆسەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەل و وڵات، بەو جۆرە جێگەی پاراستنی دەسەڵات (بەشێوەیەکی یەک ڕەهەندی) دەگرێتەوە و پێش لە سازبوونی هەل بۆ چەقبەستوویی نێوخۆیی و چوونی دەسەڵات بۆ نێو ڕیگەی دیکتاتۆرییەت دەگرێ. لە وڵاتێکی ئەوهادا هێزی نیزامی بە تایبەتمەندییەکانی نیشتمانپارێزی و نیشتمانپەروەرانە بنچینەی ڕاهێنان و پەروەردە لەپێناو پاراستن و پێشکەوتن بەشێوەیەکی ئینسانی، ئوسوولی و پێویست دادەمەزرێنێ. ئەو وڵاتانەی کە لە سەردەمی ئێستادا سەربازی بەزۆرەملییان هەیە بریتین لە ٢٦ وڵات کە هەرکامیان پاساوی تایبەت بە خۆیان بۆ ئەو شێوازە لە سەربازی دێننەوە. لەنێوان ئەو وڵاتانەدا وڵاتی کۆرەی باکوور بە زۆرترین بازنەی زەمەنی بۆ سەربازیی بەزۆرەملی لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانە دایە و کۆماری ئیسلامی لە پلەی دووهەمدا جێگیر بووە. بە چاو لێکردن لەو دوو وڵاتە دەبنیدرێ کە هەردووک پێبەند بە باوەڕێکی سیاسیی ئیدئۆلۆژیکن کە هەموو ڕەهەندەکانی دامودەزگای وڵات لەپێناو پاراستن و بەرژەوەندیی بیروباوەڕی خۆیان دایە بەبێ ئەوەی بەرژەوەندی وڵات و خەڵک و هەروەها پێشکەوتن و گەشەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لە بوارە پێویستەکان یان ویست و خواستەکانی سەردەمیانە لەبەر چاو بگرن. بەکارهێنانی بواری نیزامی بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە یەکێکە لەو کردەیە دیار و بەرچاوانە کە ئەو دوو وڵاتە بەکاری دەهێنن و مانۆری لەسەر دەدەن و لاوەکانی وڵات ملکەچ دەکەن بۆ ئەوەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر و دیاریکراو لە خزمەت ئەواندا بن. لە جیاوازیی سەرەکیی نێوان سەربازی بەزۆرەملی و خۆخوازانە دەکرێ ئاماژە بەو خاڵە بەرچاوە بکەین لە وڵاتێکدا کە سەربازی بەشێوەی خۆخوازانەیە هەر تاکێک بە خوێندنەوە و موتاڵای لینکەکانی ئەو بوارە و هەڵسەنگاندنی ژیانی خۆی، ژیانی نێو کۆمەڵگە و تێڕوانینی بۆ نیشتمان، خەڵک و ئامانجەکانی وەک پاراستنی سەروەری و کەرامەتی وڵات، خزمەت بە ویست و خواستەکانی خەڵک کە لە بوارەکانی دیکەی دامودەزگای دەوڵەتی بەدەست دەهێندرێن، لەڕێگەی ڕەچاوکردنیان و پاراستنیان و هەروەها پارێزگاری لە دەسکەوتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی یاسا و عورفی ڕیگەپێدراوی نێودەولەتی و پوتانسییەل و هێژموونییە مەوجوود و واقعەکانی، بڕیار دەدا کە بچێتە نێو ئەو کار و پیشەیە یان نا؟ بەڵام بە چاولێکردن لە وڵاتانێک کە دەسەڵاتێکی ئیدئۆلۆژیک و تۆتالیتێر دەستی بە سەر هەموو نیهادە سیاسی، نیزامی و ئیدارییەکاندا داگرتوە و هەموو سامانە سرووشتی، دەستکرد و ئینسانییەکان بۆ پاراستن و گەشە و بڵاوکردنەوە و جێگیرکردنی هەرچی زیاتری باوەڕی ئیدئۆلۆژیکی خۆی بەکار دەهێنێ و لەونێوەدا خەڵک و وڵات و بەرژەوەندییەکانی ئەوانی لەلای گرینگ نییە بە بەزۆرەملی‌کردنی سەربازی هەوڵی ڕێکخستنی ئەو قەوارە نیزامییە (بەو پێناسەیەی بۆمان کردن) دەدەن. ئەزموونی وڵاتانێک کە سیستەمێکی دیکتاتۆر یان تۆتالیتێر تێیاندا حاکم بووە یان لەئێستادا هەر لێیان حاکمە (وەک ئێران و کۆرەی باکوور) سەربازی بەزۆرەملی گرینگترین بەش و کۆڵەکەی سەرەکیی ئەو دەسەڵاتەیە کە تەواوی ئامانجی ئەو هێزە پاراستنی دەسەڵات، جێگیرکردنی ویست و خواستی دەسەڵاتە. لە هەمان کاتدا لەڕووی توانایی سەربازی و نیزامییەوە بەپێی دەرفەت و ئیمکان هەوڵی تێکدانی دۆخی ناوچە دەدات کە لەڕێگەی سەپاندنی هێژموونی سیاسی و نیزامی بۆ بڵاوکردنەوە و گەشەپێدان بە ئامانجی چەقبەستوو و باوەڕمەندانەی خۆیەتی. لەو جۆرە سەربازییەدا گرینگ نییە کە هەر تاکێک کە دەبێتە سەرباز چ بیروباوەڕێکی هەیە، گرینگ نییە تا چ ڕادەیەک جۆری ڕەوتی نیزامی ئەو وڵاتەی قبووڵە؛ ئەوەی گرنگە پەیوەست بوونی تاکەکانە بە ڕیزەکانی ئەو پرۆسەیە و بەکارهێنانیان لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان و پاراستنی بیر و هزری دەسەڵات لەهەموو دژکردەوەیەک. لەو شێوە سەربازییەدا، دەسەڵات هێزەکانی خۆی ملکەچ دەکا بۆ ئەنجامی هەموو کردەوەیک کە بەشێوەی سازمانی پێیان دەگوترێ و بۆیان دادەڕێژرێ. لەو شێوازەدا لە بازنەی قسە و تێئۆرییەکەیدا پاراستنی گەل و نیشتمان زەق و بەرچاوە بۆ ئەوەی لە بواری یاسایی لە نێوخۆی وڵات و ڕەوتی نێودەوڵەتی تا ڕادەیەک پێش بە دروست‌بوونی کێشەی سیاسی و یاسایی بگرێ. بەڵام لە ڕەفتاردا هەموو کردەوەکان تەنیا لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی خۆسەپێن دادەبێ و بازنەی کردەیی ئەو هێزە تەنیا بەرژەوەندی ئەو دەسەڵاتە دەبینێ؛ بۆ ئەوەش کارنامە و مێژووی کردەیی ئەو وڵاتانە لەبواری نیزامییەوە دەرخەری ئەو ڕاستییەن. لە ئێران لەساڵی ١٣٠٤ی هەتاوی بەشێوەیەکی فەرمی سەربازیی بەزۆرەملی لەلایەن دەسەڵاتەوە پەسند و جێبەجێ کرا کە ئامانجەکەی بوو بە مانۆڕی دەسەڵاتی پەهلەوی، سەرکوتی گەلانی ئێران، بێدەنگکردن و کپکردنی ویست و داخوازیی خەڵک بەتایبەت گەلی کورد. هێزی سەربازی پەهلەوی (نیزامی و ئەمنییەتی) تا کۆتا ساتەکانی ژیانی ئەو دەسەڵاتە لە سەرکوت و گرتن و چەوساندنەوەی گەلی کورد و زەوتکردنی ماف و ویستی گەلی کورد لە هیچ کردەوەیەک کۆتایی نەکرد و لەجیات هێزی گەل بە هێزی پاشای پاشایان ناوزەد کرابوو و ناوبانگی دەرکردبوو. کورد بەو شێوازە سەربازییە هەر لە سەرەتاوە ناڕازی بووە و تاکوو ئێستا بە ئیجباری ناوی هێناوە، چونکی پێی کردەیەکی بێ‌مانا بووە لە بەرانبەر ئەو زوڵم و ستەمەی لێی دەکرێ. لەدوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە، ڕەوتی سەربازیی بەزۆرەملی تاکوو ئێستا درێژەی پێ دراوە. بەو جیاوازییە کە کۆماری ئیسلامی بازنەی سەربازگیرییەکەی گەورەتر کردەوە و جگە لە ئەرتەش، هێزی ئینتزامی و دەزگای زانیاری بە دامەزراندنی سوپای پاسداران، جۆرێکی دیکەی لە ئەرک و دەسەڵاتی هێزی چەکداری هێنایە ئاراوە. هەرچەند کە ئەرتەش وەک ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی پێناسە کراوە نەک ئەرتەشی وڵات یان خەڵک؛ ئەوە بۆ نیروی ئینتزامی و دەزگاکانی دیکەش ڕێک هەر بەو شێوەیەیە. بەڵام سوپای پاسداران بە ناوی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ناو بردراوە و وشەی ئێران نە لە نێوەکەیدا و نە لە لۆگۆکەیدا نەهاتووە و پێناسەی خودی ناوەکەی بەتەواوی دەرخەری ئەرک، ڕادەی دەسەڵات و ئامانجەکەیەتی. جگە لەو تاریفەی کە لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا بۆی کراوە، بە ناوەکەی‌ڕا دەتوانین ئەو پێناسە گشتییەی بۆ لە بەرچاو بگرین. سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بە ئەو هێزە چەکدارییە دەگوترێ کە ئامانجەکەی پاراستنی شۆڕشی ئیسلامییە. ئەو شۆڕشەی کە خومەینیزم لەژێر چەتری ئیدئۆلۆژی ویلایەتی فەقیهـ لەگەڵ دارودەستە و تاقمەکەی لە ئێراندا سەپاندیان و هەموو دامودەزگای دەوڵەتی و دەسەڵاتیان پێ قۆرخ کرد و بە دەرکردنی حیزبەکانی دیکە لە بازنەی سیاسی-یاسایی وڵاتدا و بە سەرکوت، قەڵاچۆکردنی گەلانی ئێران و دژبەرەکانیان، هێژموونیی خۆیان بەتەواوی بە سەر هەمووی ئەو قەوارە سیاسی و جوغرافیاییە لە ڕێگەی سوپای پاسدارانەوە بە هەموو توانا و ئیمکاناتەوە سەپاند و هەر لەو سەردەمەوە تائێستاش هەوڵی هەناردەکردن و بڵاو کردنەوەی ئەو بیر و هەزرەیان داوە مەبەستی جێگیربوونی ئەو جۆرە تێڕوانینە سیاسی-ئیدئۆلۆژیکە.  بەپێی ئەو پێناسەیەی لەو شۆڕشە ئیسلامییە و سپای پاسداران کراوە، بزووتنەوەی ئیسلامی لە هەر کوێی ئەو گۆیی زەوییە جێگیرکرابێ یان بەه ەر ڕادەیەک بڵاو کرابێتەوە یان لانیکەم پوتانسییەلێک (بە هەر ڕێژە و ڕادە و ئەندازەیەک) بۆ وەرگرتنی ئەو شۆڕشە یان هێندێک لە چەمکەکانی لە ئارادا بێ، ئەرکی ئەو سوپایەیە کە لەو شوێنانە پارێزگاریی لێ بکات، یان حزووری هەبێت و لەڕێگەی لق و پۆپەکانیەوە ئاسانکاری زیاتر بکات بۆ هەناردەکردنی ئەو شۆڕشە و پاراستنی ئەو بازنە جوگرافییە بە هەموو تایبەتمەندییەکانییەوە. هاوکات هەوڵی بەهێزکردنیانی بدات لەڕووی سەربازی، نیزامی، ئابووری و مەیدانییەوە. ئەو ناوە و ئەو ئامانجە دیاریکراوە بۆ ئەم هێزە چەکدارییە وای کردوە کە بتوانێ لە هەموو کاروباری نێوخۆیی و دەرەکی وڵاتدا دەستێوەردان بکا یان حزووری هەبێت و بە ناوی پاراستن و پارێزگاری‌کردن لە شۆڕشی ئیسلامی بتوانێ لە بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت بڕیاردانیشدا هیچ سنوور و چوارچێوەیەک بۆخۆی دیاری نەکات و نەیناسێ. سوپای پاسداران سەرچاوەی ئینسانیی خۆی لە لاوانی گەلانی ئێران دابین دەکات و بۆ ڕاپەراندنی ئەرکەکانی لەپێناو ئامانجە دیاریکراوەکەیدا بەکاریان دێنێ، نەک بەرژەوەندی گەلی و نیشتمانی؛ وەک هەناردەکردنی ئیدئۆلۆژیی ئیسلامی لە جۆری ویلایەتی فەقیهـ، بێدەنگ‌کردنی ئۆپۆزیسیۆن و ناڕازیەتییەکانی نێوخۆی وڵات، سازکردنی جەوێکی ئەمنییەتی و تۆقێنەر، زەوت‌کردنی پوتانسییەلە مەوجوود و پێویستەکان. لەو پێناوەدا بەگرەوگرتنی کوڕی خەڵک لەهەمبەر ژیان و داهاتوویاندا هەوڵی خۆی داوە کە هێژموونی و داگیرکاری خۆی لەنێوخۆی وڵات بەتەواوی بسەپێنێ و هەروەها بەرەوڕووی دژبەرانی لە دەرەوەی وڵات بێتەوە. لەڕاستیدا سوپای پاسداران بە کەڵک‌وەرگرتن لەو شێوازە سەربازییە بۆ خزمەتکردن بە هزری کۆشکی خەلافەتی ویلایەتی فەقیهـ و پێکهێنانی لق و پۆپی جۆراوجۆر لەو هێزەدا لاوانی ئەو وڵاتەی لەپێناو خزمەتکردن بەو دەسەڵاتە، بە ناوی پاراستنی وڵات و خەڵک لەدژی خەڵک و خۆپێشاندەران بەکارهێناوە. ساڵەکانی سەرەتایی لەدوای شۆڕشی گەلان لە ئێران و ئەو بەڵگە مێژووییانەی کە ماونەتەوە شایەتحاڵی ئەو ڕاستییەن کە سوپای پاسداران لەژێر ئاڵای پاراستنی خەڵک و وڵات هێرشی کرد بۆ کوردستان و بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ یاسایەکی نیزامی و ئینسانی دەستی کرد بە کوشتن و گرتن و قەڵاچۆکردنی خەڵک و وێرانکردنی کوردستان و زەوتکردنی ماف و ویستی گەلی کورد. بۆ ئەو ئامانجەش بێجگەلە لە بەکرێگیراوەکانی خۆی هەر بە یاسای سەربازی بەزۆرەملی، کوڕی خەڵکی کردە قەڵغان و سەرچاوەی ئینسانی و مەیدانیی خۆی.  لەدوای ئەوە لە ساڵەکانی ٩٨،٩٦،٩٤،٨٨،٧٨،٦٧ و ١٤٠١ لە سەرکوتی خەڵکدا ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە و لە تەواوی ئەو ساڵانەدا لە هەموو خۆپێشاندانەکاندا ئەکتەری یەکەمی مەیدان بووە بۆ بێدەنگ‌کردن و سەرکوتی خەڵک و گرتن و ئەشکەنجە و هتد. وەک گوترا سوپای پاسداران کە لەلایەن ئەمریکاشەوە وەک هێزێکی تێرۆریست ناسراوە، ئامانجەکەی تەنیا پاراستنی نیزامی سیاسیی وڵاتە، نەک خەڵک و مافەکانیان. بە پێناسەیەکی سادەتر دەتوانین بڵێین کاتێک کە خەڵک یان زۆرینەی دانیشتووان لە ئێران بڕیار بدەن بەشێوەیەکی دروست و ئوسوولی لەسەر بنەماکانی پێناسەکراو لە سەرچاوە حقووقی و یاساییەکان هەوڵی گۆڕینی جۆری دەسەڵات یان تەنانەت چاکسازی بەشێوەیەکی پێویست و گووجاو بدەن، ئەوە سوپای پاسدارانە کە ڕۆڵەکانی ئەو خەڵکە بەدژی خۆیان بەکار دێنی بۆ ئەوەی هەم ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێ، هەمیش خەڵک لەگەڵ یەکتر ڕووبەڕوو بکاتەوە و بە بارمتەگرتنی ژیان و داهاتووی لاوانی وڵات، ئەو لاوانە لە گرەو بنێ لە پێناو ئامانجەکانی خۆی کە تا ئێستاکەش هەر ئەو کارەیان کردوە. هەروەها لاوان بە نەچوون بۆ سەربازیی بەزۆرەملی جا چ لە ڕیزی سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی دیکەی ڕێژیمدا، لە زۆر یەک لە مافە سەرەتایی و سەرەکییەکانی ژیانیان بێبەری دەکرێن، وەک بێبەش بوون لە هێندێک مافی شارومەندی، بێبەش بوون لە درێژەدان بە خوێندن، وەرگرتنی پاسپۆرت، دامەزران لە ئیدارە دەوڵەتییەکان، کەرتی تایبەت و هەروەها ژیان بە ترس لە دەسبەسەرکران و گیران، جەریمە و بەندیخانە و هتد. بە مانایەکی سادەتر ئەو ناوەندەی کە تەنیا ئەرکی پاراستن و پەرەپێدان بە سیاسەتەکانی دەسەڵاتی خۆسەپێن و دژەخەڵکیی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵات و دەرەوی وڵاتە، زۆربەی هەرە زۆری سەرچاوەی ئینسانییەکەی لە تاکە ئاساییەکانی کۆمەڵگە دابین دەکا و بۆ ئەوەی لاوەکان و ئەو سەرچاوە مرۆییانە ملکەچی خۆی بکات، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەست بەسەر ماف و ژیان و داهاتوویان دادەگرێ و لەبەرانبەریشدا بە دابینکردنی ژیانێکی باش بۆ ئەو هێزە لەبەرانبەر کار و پیشەی دیکەدا هەوڵی هەڵخەڵەتاندنی خەڵک بەتایبەت چینی هەژار دەدات بۆ پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی. یەکێک لەو کردەوانەش کەلک‌وەرگرتن لەو دۆخە نالەبارە ئابوورییەیە کە تا ڕادەیەک دەستی مافیای سوپای پاسدارانی لەپشتە و هەوڵی ئەوە دەدات کە بە دانی ئیمتیاز و پارە جگە لەو سەربازیی بەزۆرەملییە، بەکرێگیراوەکانی خۆی ڕۆژبەڕۆژ زیاتر بکات. لەو حاڵەتەدا لاوانی ئەو وڵاتە بە جیاوازیی نەتەوەیی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە دەخاتە سەر دوو ڕێیانێکی قوورس؛ ملکەچی نەکردن بۆ سوپای پاسداران و نەچوون بۆ سەربازی بەزۆرەملی بۆ ئەوەی پێ لەسەر بەرژەوەندیی خەڵک و وڵات دانەنێ لەپێناو لەکی‌ چوون و سووتانی داهاتووی خۆی. یان چوون بۆ سەربازی بەزۆرەملی و ملکەچی لەپێناو دەستووراتی سوپا و بەشداربوون لە سەرکوت، ئازار و ئەشکەنجەی خەڵک و پێ لەسەر ژیان و بەرژەوەندی و ویستی خەڵک دانان و وەگەڕ خستنی سەرچاوە و هێزی ئینسانی ئەو سوپایە لەپێناو ژیانێکی ئاسایی و بێبەری‌نەبوون لە مافە سەرەتایی و سەرەکییەکانی ژیان.