کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستە شاراوەکانی پشتی پەردەی فەوتاندنی دارستانەکانی زاگڕۆس

20:04 - 1 پووشپەڕ 2722

بە هۆی ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەی هەواڵەکانی تایبەت بە ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکان، ڕەنگە هەندێک وای مەزندە بکەن کە هۆی سەرەکیی سووتان و لەنێوچوونی ژینگە تەنیا گەرمایە و ئەم ڕووداوانە هەر لە وەرزه گەرمەکانی ساڵدا ڕوو دەدەن. هەروەها پێیان وابێت کە سەرچاوە سرووشتییەکان لە وەرزەکانی دیکەی ساڵدا هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە! بەڵام ڕاستییەکان لەوە بەولاوەترن. لە پەنای نەبوونی چاودێری و پێڕاگەیشتن بە دارستانەکان و کێشەی ئاگرکەوتنەوە یەک لە دوای یەکەکان لە دارستانەکانی زاگرۆسدا، وشککردنی بنجی دارەکان و زەرەرگەیاندن بە ئێکۆسیستم بۆ یەک چرکەش ڕانەوەستاوە. لەم ساڵانەی دواییشدا سووتاندنی داربەڕووەکان بۆ بەرهەمهێنانی ڕەژوو و ئەو پرسەی پێی دەگوترێ قاچاغی لە ڕادەبەدەری دار، بەخێراییەکی زۆرتر بەرچاو دەکەوێ.   وێرانیی ژینگە ماوەیەکی زۆرە ئەو ڕێکخراوانەی لە بواری ژینگەدا چالاکن، وێنەی دڵتەزێن لە فەوتانی دارستانەکان، بڕینی داربەڕووەکان بۆ بەرهەمهێنانی ڕەژوو ئەویش بۆ برژاندنی کەباب! لە شارە بچووک و گەورەکان بڵاو دەکەنەوه. بەپێی زانیارییەکانی "سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان" زۆربەی کەیسەکانی بڕین و قاچاغی دار خەڵکی ناوچەکەی لە پشتە و دارە بڕدراوەکان بە ئۆتۆمبێلە بچوکەکان دەگواسترێنەوە بۆ ناوەندەکانی کڕینی دار کە لە شارە زۆر بچوکەکانیشدا هەن و لەوێشەوە لە شەودا و لە کاتی غەیری ئیداریدا بۆ کارخانە و شارە گەورەکان بەڕێ دەکرێن. ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزی وەک "ئەنجومەنی سەوزی چیا"ی مەریوان تا ئێستا چەندین جار خەڵک و دەسەڵاتیان لەبارەی بارودۆخی قەیراناویی دارستانەکان وریا کردۆتەوە و ڕایانگەیاندوە کە تێکدانی بەربڵاوی دارستانەکان و فەوتانی ژینگەی کوردستان لە ئاستی کارەساتیش تێپەڕیوە. لەم ساڵانەشدا ژمارەیەک له ڕێکخراوە ژینگەییەکان باسیان لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی هەندێک تاقم و لایەنی حکوومەتی کردوە کە لە سۆنگەی هێز و دەسەڵاتیان و، دەستڕۆیشتووییان ڕۆڵی بنەڕەتییان لە تێکدانی ژینگەدا هەبووە. بەڵام تا ئێستا بۆ بەرگرتن بەم بارودۆخە نەک هەر هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی نەنراوە، بەڵکوو بە توندترکردنەوەی زۆرتری بازنەی ئەمنیی "جەنگەڵبانی" و دانانی سنووری ئەمنییەتی لە هەمبەر چالاکیی ڕێکخراوە ژینگەییەکان بۆ پارێزگاری لە دارستانەکانی زاگرۆس، بڕین و قاچاغی دار و گواستنەوەی لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلە بچووک و لۆرییەکانەوە بووەته دیاردەیەکی ئاشنا و ئاسایی ڕۆژانە بۆ خەڵکی ئەم دەڤەرە. بەرپرسانی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگاکانی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا بەردەوام گوتویانە کە هەبوونی گوشار لەسەر دارستان و باخەکانی ناوچەکە بە هۆی گەڵاڵەی "هەناسەدانی دارستانەکانی باکوور"ەوەیە. بەڵام چالاکانی ژینگەیی ئاماژە بە هێندێک هۆی دیکەی وەک: گۆڕانی شێوەی بەکارهێنان، زەوی‌خۆری، پەرەسەندنی هەژاری بە هۆی کێشە ئابورییەکان و ناکارامەیی و جێبەجێ‌نەکرانی یاساکان، دەکەن. چالاکانی ژینگەیی پێیان وایە بەهۆی کەمتەرخەمییەکان، خۆدزینەوە لە بەرپرسایەتییەکان و وەڵام‌نەدانەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بابەتی  بچووک‌کردنەوەی دارستانەکان و بڕین و قاچاغی دار بە ڕێژەیەکی بەرفراوان لەلایان ئەو کەسانەی دڵنیان، یاسایەکی ئەوتۆ بۆ سزادانیان نییە، هەروا درێژەی دەبێت.   ئامانجە شاراوەکانی پشتی تێکدانی دارستانەکان دارستانەکان بە یەکێک لە گرینگترین شوێنەکانی پاشەکەوتە سرووشتییەکان لە ئێراندا دادەنرێن کە بە خێراییەکی زۆر بەرەو نەمان دەبرێن. دارستانەکانی بەڕووی زاگرۆس وێڕای ئەوەی بە هۆی سووتاندن، بڕین و قاچاغی دارەوە زەرەرێکی زۆریان پێ دەگات، ساڵانە بەشێکی زۆر لە ڕووبەرەکەی لە ئاکامی ئاگرکەوتنەوەی بەئەنقەست، دروست‌کردنی ڕێگاوبان، سازکردنی خانوو، پڕۆژەکانی کشتوکاڵ، لەوەڕاندنی لە ڕادەبەدەری ماڵات، هێرشی کرمی چرۆخۆر و جۆرەکانی ئەنگەلی هێرشبەر دەفەوتێ. ئامار و بەدواداچوونەکان دەڵێن لە70  ساڵی ڕابردوودا 7 میلیۆن هێکتار لە دارستانەکانی زاگرۆس فەوتان و لە ئێستادا تەنیا 5 میلیۆن هێکتار لە دارستانەکانی زاگرۆس ماوەتەوە. هەروەها سەتا 90ی ئاگرکەوتنەوەکان هۆکاری مرۆیی (دەستی بەئانقەست یان نائانقەست)یان لە پشتە. شانبەشانی ئەوە هۆکاری مرۆیی لە بەشی دروست‌کردنی وێلا، ڕاکێشانی ڕێگاوبان، قاچاغی دار و خاکیشدا ڕۆڵ و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر لەنێوچوونی دارستان و لەوەڕگەکان هەبووە. چالاکانی ژینگەیی کوردستان دەڵێن بڕینی دارەکان هۆی جۆراوجۆری هەیە، هەندێک جار لە نەبوونی پەروەردەی دروست و فەرهەنگ‌سازی شیاودا کەڵک وەرگرتن لە دارستانەکان دەبن بە بەرژەوەندیی تاکەکەسی. هەندێک جاریش دوای هەڵگرتنی ڕەژوو بۆ فرۆشتن یان بەکارهێنان دەکەونە دەست خاوەنی خانووەکانی نێو باخ و وێلاکان کە لە سۆنگەی نەبوونی یاسا و بێ سەرەوبەریی ئیداریدا هاتوونەتە بەرهەم. ئەوان دەڵێن لە زۆربەی بابەتەکانی تێکدان و بڕینی دارەکانی دارستان، ڕێوشوێنێکی قانوونی بۆ پاساوهێنانەوە لەمەڕ زەوی‌خۆری دەبینرێتەوە، بە شێوەیەک کە دوای تێپەڕینی چەند ساڵێک لە بڕینی دارەکان و کێڵانە وەرزییەکان، ئەم زەوییە بێ پۆششە ڕووەکییانە، ڕێگا بۆ هێندێک ئیدارەی وەک سەرچاوە سروشتییەکان و وەزارەتی کشتوکاڵ خۆش دەکەن بۆ ئەوەی داوای ئەم زەوییانە بکەن بۆ هێندێک گەڵاڵەی بە ناو باخەوانی! هەندێک جاریش بیندراوە کە ئەو بڕیارانە تەنیا بۆ فشارهێنان و بە ئامانجی تۆڵەکردنەوە لە کەسانێکی دیاریکراو، یان چالاکانی ژینگەیی دراون: لەم ساڵانەدا کەسانێکی وەک ڕاوچییەکان و داگیرکەرانی زەوی کە لەلایەن چالاکانی ژینگەوە بەربەست لە بەردەم گەیشتن بە تەماحە پڕنەبووەکانیان دروست کراوە، دێن بە سووتاندن و زیان‌گەیاندن بە ژینگە داخی ڕقی کوێری خۆیان دادەمرکێنن. ژینگەپارێزان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان دەڵێن کە داگیرکەرانی زەوی و تێکدەرانی ژینگە کەسانێکی دەستڕۆیشتووی دەزگا ئیداری و ناوەندە ئەمنییەتییەکانن و لە سایەی هەبوونی (رانت)دا و بە نیشاندانی گڵۆپی سەوز و تەنانەت ڕێنوێنیی پێویست لەمەڕ چۆنیەتیی بەزاندنی ڕێوشوێنە یاساییەکان لە تێکدانی سەرچاوە سروشتییەکان و دەست‌بەسەرداگرتنی زەوییە سووتاوەکان بەردەوامن. بەڕێوەبەرانی ئەنجومەنی سەوزی چیا باس لە دیاردەیەکی دیکەش دەکەن. ئەوان دەڵێن لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەتایبەت لە ناوچەکانی مەریوان و سەوڵاوا بە هۆی گرانبوونی بایی ترێی ڕەش، دارستانە سرووشتییەکان تێک دەدرێن و دەکرێن بە ڕەز. لەلایەکی دیکەشەوە دوای پێدانی پشوویەکی 10 ساڵە بە دارستانەکانی باکوور، هەلپەرستان ڕوویان کردۆتە دارستانەکانی زاگرۆس، بەتایبەت مەریوان و سەوڵاوا و تەنانەت لەو ناوجانە جۆرێک بازرگانی لە بواری دانان و دروست‌کردنی خانووە وێلاییەکان سەری هەڵداوە. بڕینی داربەڕووەکان، سوتاندنیان بۆ ڕەژوو یان بەرێکردنیان لە مەریوانەوە بۆ پارێزگاکانی دەوروبەر وەک هەمەدان و ورمێ و هەندێک ناوچەی دیکەی ئێران بۆ پیشەسازیی مۆبڵ و کارە دارینەکان و کردنی ناوچە دارستانییەکان بە شوێنی نیشتەجێبوون و لە ئاستێکی بەربڵاوتردا تێکدان و هەڵکەندنی بناغەی دارستانەکان بە مەبەستی دروست‌کردنی ڕەز (ترێی ڕەش) بە گرینگترین مەبەستەکانی نەهێشتنی دارستانەکانی کوردستان ڕیز کراون. ئامارە حکوومییەکان دەڵێن جاران کە شاری مەریوان ٢٧٠٠ هێکتار باخی ترێی هەبوو، بە زیادکردنی ٣٠٠ هێکتار ڕەزی نوێ بە باخاتی ئەو شارە ئێستا ٣٠٠٠ هێکتار ڕەز لەو ناوچەیە هەن. چالاکانی ژینگەیی دەڵێن لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەم پڕۆژانەی بەرفراوانکردنی باخەکانی ترێ بەنرخی تێکدانی دارستانەکان بە پاڵپشتیی جەهادی کشاوەرزی کراون. هەروەها نەبوونی نەبوونی لقی ژینگەیی لە دادگاکانی پارێزگادا دۆخێکی وای دروست کردوە کە ڕێگا بۆ تێکدەران وەها ئاوەڵا بێت کە بەبێ هیچ شەرم و حەیایەک و بە ڕۆژی ڕووناک بە مشاری کارەبایی و ئامرازگەلی پێشکەوتوو بەرببنە گیانی دارستانەکان. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەچاو قۆناغەکانی پێشوو لە ئیستادا 1500 حاڵەتی کردەوەی تێکدەرانە لە دارستانەکانی مەریوان و سەوڵاوا تۆمار کراون کە کێشە ئابوورییەکان، هەژاری و بێکاریی بەربڵاوی دانیشتووان و هەروەها بوونی زۆر ڕێگای لاوەکی کە شوێنی بارستاییەکی بەرچاو لە داری قاچاغە، ئەو ڕەوتەی خێراتر و زیاتر کردوە.    سپای پاسداران و مافیای دارستان پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە چ کەس و لایەنێک لە پشت ئەم باسەن کە تا ئێستا سەرەڕای بەدواداچوون و هەوڵی ڕێکخراوە ژینگەییەکان، ڕاگرتن یان کەمکردنەوەی بڕین و قاچاغی دار لە کوردستان نەگەیشتۆتە هیچ ئاکامێک؟ چالاکانی مەدەنی دەڵێن دوابڕیاری پەروەندەی تاوانکاری و لادانەکان لە پێوەندی لەگەڵ تێکدانی ژینگە لە دادگاکاندا بە شێوەگەلی جیاوازی نانەوەی ترس و دڵەڕاوکێ، هەڕەشە لە چالاکانی مەدەنی و پێدانی بەرتیل بە بەرپرسە ئیداری و قەزاییەکان، لە دادگاکانی پێداچوونەوەدا لە بەرژەوەندیی تاوانباراندا دراون. بە واتایەکی دی ئەوانەی ئاگر لە دارستانەکان بەردەدەن، ئەوانەی دارستانەکان دەکەن بە زەویی سووتاو بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێ بوون و ئەوانەی بازرگانی بە داربەڕووی دارستانەکان دەکەن، ئەوانن هەمیشە براوەی دادگاکانن. ئەوان دەڵێن بە دیاریکراوی لە نەبوونی یاسای بەرگێڕەوە و ئیرادەی بەرەنگارخوازانەدا، سپای پاسداران بە پشتیوانی زۆرینەی ئەم جۆرە خەڵکە ڕۆڵێکی بنەڕەتیی لە پەرەسەندنی فەوتانی دارستانەکانی زاگڕۆس هەبووە  هەیە. لەو نێوەدا تەنیا دلخۆشی، هەستیاریی ڕۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتری خەڵک و ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکانە. ڕێکخراوه ژینگەییەکان لەم ساڵانەدا بە بەڕێوەبردنی کۆرسی فێرکاری و چاپ و بڵاوکردنەوەی نامیلکه، پۆستێر و بڵاوکردنەوەی نامە لە گوندەکان، بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە یەک لە دوای یەکەکان لەگەڵ بەرپرسان، چاندنی نەمام و خاوێن‌کردنەوەی سروشت، دروستکردنی دێکیۆمینتی زۆر لەسەر تێکدانی دارستانەکان و بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئامانجی ڕاکێشانی سەرنجی زیاتر بۆ سەر ئەم قەیرانە، ڕۆڵی بەرچاویان لە وشیارکردنەوەی بیروڕای گشتیدا هەبووە. بەڵام بارستایی زیان و خەسارەکان، کەمتەرخەمیی ناوەندە بەرپرسیارەکان و ڕووهەڵماڵاویی تێکدەرانی ژینگە ئەوەندە زۆر و بەرچاوە کە ئەنجومەنە ژینگەییەکان بەتەنیایی ناتوانن پێش بەو لافاوە بگرن. ئەمەش لە حاڵێک‌دایە کە ئەم ئەنجومەنانە لە پێناو پاراستنی ژینگەدا زۆر ڕۆڵەی بەوەج و ئەندامیان وەک شەهیدان شەریف باجوەر، ئومێد کۆنەپۆشی و موختار خەندانی و... دا گیانیان بەخت کردوە. بەڵام لەوبەر وەک چالاکانی ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان دەڵێن لەلایەک ناوەندە ئەمنیەتییەکان بە چالاکییەکانیان حەسساسن و پەروەندەی ئەمنیەتی لەدژیان دروست دەکەن، لەلایەکی دیکەش دیدار و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسان و وریاکردنەوەی بەردەوامیان لە پڕۆسەی تێکدانی سروشت و ژینگە و خەسارەکانی ئەم دەستدرێژییانە هەرگیز نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی ڕوون.