کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەموو کێشەیەک بە "فوو" چارەسەر دەکرێت

20:24 - 1 پووشپەڕ 2722

ئۆ ڕەببی بە خاتری ئەو شێخ و مەشایەخانەی من و تۆی ناوریا هیوامان پێیانە، دۆخەکە لەمە باشتر بێت. هێندەی خیزی لە بەستێنی ڕووباران و گەڵای لە داران، سەلام و سەڵەوات بۆ ئەو شێخ و مەشایەخانەی بە هەناسەی پاکیانەوە فوو بە کێشەی دەروێشانی سینەچاک و ڕەخش‌کێش و زەرگ‌وەشێن و ئاگرخۆری موشتاقی خۆیاندا دەکەن. کوا بە زمانی لاڵ و لەگۆکەوتووی ئێمە‌مانان تاریفات و مەدح و سەنای ئەو پیاوچاکانە تەواو دەکرێت؟ ئەوەی ئێمەی برسی و دژوین و نەزان و کەم وزە سەبارەت بەو گەورەپیاوانە دەیڵێین، لە چاو توانای ئەوان تەنیا تۆزقاڵێکە. هیچ پێویست ناکات بۆ دۆزینەوەی پیاوچاک و ودم‌بەدەست و کەرامەت‌داران بۆ ڕابردوو بگەڕێینەوە و بەدوای چیرۆک و ئەفساناندا بخولێینەوە. هەر دوور نەڕۆین ئەوەتا لە بنەوپاڵی خۆمان پەڕجۆی وا دەبیین ژن و پیاو سەریان سوڕ دەمێنێت و هیچ بەدوور نییە لە حەژمەتان هەموومان ڕەق‌هەڵێین و ببینە بەردیش. لەم سەروبەندەی دواییدا سەرداری سەرداران "رەحیم سەفەوی" یەکێک لە فەماندەرانی سوپای پاسداران، لە کاتی وانە‌گوتنەوە لە زانکۆی ئەفسەرانی ئەم سوپایەدا، بەسەرهاتێکی خۆشی لەگەڵ ڕێبەری ئینقلابی هەمیشە ئیسلامی (ئەرواحونا لەهولفیدا) بۆ ئەفسەرانی قوتابیی زانکۆکە دەگێڕێتەوە و هەموویان سەریان لەم بەسەرهاتە سووڕ دەمێنێت. ئاغای سەفەوی، باس لە نەوەیەکی خۆی دەکات و "دەڵێت نەوەکەم تووشی زەردوویی بوو و دوکتوران لە چارسەرکردنی دامابوون. ڕۆژێک لە خزمەت ڕێبەری موعەززەمی ئینقلاب نوێژمان دەکرد. دوای نوێژکردن جەنابیان فووی بەسەر قەندانێک قەنددا کرد و دوعای بەسەردا خوێند و ئێمە حازریان قەندەکانمان بەسەر خۆماندا دابەش کرد و لە ماڵەوە نەوەکەم بە خواردنی یەکێک لەم قەندانە وەک گوێزی ساغی لێ‌هاتەوە." دوای ئەوەی سەردار سەفەوی بە ئەمانەتەوە ئەم بەسەرهاتەی گێڕایەوە، ئێمەی مورید و خاکی بەر دەرگای ڕێبەری موعەزەم بەردەوام شتێک دڵمان ختۆکە دەدات و ئێستا دەیکەین بە دوعا و نزا و پاڕانەوە لە خزمەت جەنابیان. جا هیواداراین گوێ بداتە نزای ئێمە و بە مەرامی جۆراوجۆر فوو بە قەند و زۆر شتی دیکەدا بکات. بەم هیوایە کاربەدەستان و مەقاماتی لەشکەری و کشوەری، فێرگە و زانکۆیان جێ بهێڵن و بەگوێرەی پێویست فەردە قەندی ورد لە بەرماڵی جەنابیان ڕیز بکەن و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک قەندانانی لێ پڕ بکەن و داوا لە جەنابیان بکەن ڕۆژانە بە بەردەوامی فوو بە چەند قەندانە قەندێکدا بکات. دوای ئەوەی جەنابیان فووی بە قەندەکاندا کرد، بەردەستان و خادمانی جەنابیان قەندە فووپێداکراوەکان بە دنیادا بڵاو بکەنەوە. دوای ئەمە هەموو گرووپ و ڕێکخراوی نێو بەرەی مقاومەت لە لوبنان و سووریە و عێراق و یەمەنەوە هەتا دەگاتە ئەفغانستان ڕابسپێرن قەندی فوو پێداکراو بەرەو شوێنی خۆیان بگوازنەوە و بەسیجیانی جان‌بەرکەفی نێوخۆش بەشێک لەم قەندانە بە هەموو کەلێن و قوژبنی وڵاتدا بڵاوبکەنەوە بەم جۆرەی خوارەوە ئاکامەکەی ببینەوە: ١-‌ لە سووریە و لوبنانەوە چەند کڵۆقەندێک بۆ لە نێوبردنی ئیسڕائیل بەسە و ئێتر پێویست ناکات کڵۆقەندی فووپێداکراو بۆ تەقاندنەوەی ئەو مووشەکانەی ئیسرائیل لە سووریەیان دەدات و ئەو سێخوڕانەی لەنێو ئێران پیاوانی جەنابیانی پێ دەکووژن، خەسار بکرێن. ٢- با چەند کڵۆ قەندیش بۆ لەنێوبردنی وەهابیانی سعوودی تەرخان بکرێت، ئەوکات نەک هەر یەمەن، بەڵکوو هەموو ناوچە لە دەست ئالی سەعوود ڕزگاری دەبێت و ئەمریکاش دەستی لە کەنداوی هەمیشە فارس کورت دەبێتەوە. جا ئەوکات کەنداو زمانی عەرەبیی لەبیر دەچێتەوە و بەتەواوی دەگەڕێتەوە سەر زمانی فارسی. ٣- لە سەردەمی مەرحووم شا ئیسماعیلی سەفەویدا دوای ئەوەی سەرچاوەی ئاوی قەڵای دمدم دۆزرایەوە و ئاوی نێو قەڵاکەیان بڕی، خانی لەپ‌زێڕن و سەرهەڵداوانی نێو قەڵاکە خۆیان بەدەستەوە دا. بەم ئەزموونەوە وا باشە قەندێکی زۆر بکرێتە نێو سەرچاوەی ئاوی کوردان لە هەر چوارپارچەی کوردستان و وابکرێت هەموویان یەک‌جێ زمانی کوردییان لەبیر بچێتەوە و واز لە تورکییش بهێنن و بە فارسی بە پلاتفۆڕمی یەکپارچەیی ئێرانەوە بنوسێن و ئۆپۆزسیونی فارسی ئێرانیش سەرئێشەی تەجزیەتەڵەبانی لەکۆڵ بێتەوە. ئەوکات پێویست نابێت داوا لە ئەفسەرانی وڵاتانی‌تریش بکەن بە مووشەکی "نوقتەزەن" قەڵای دێموکراتیان بۆ بنگێون. ئەگەر ژمارەی ئەم چاوەڕوانیانە لە قەندی فووپێداکراو زیاد بکەین، بۆ چاپ‌کردنی چەند مەن کاغەزمان دەوێت و هەتا کۆشکی سپیش دەکەینە حوسێنییە ئەم چیرۆکە هەر درێژ دەبێتەوە. بەڵام چەند کارێکی بەپەلە بۆ نێوخۆی ئێران پێویستن و تەنیا بە تەرخان‌کردنی چەند کڵۆقەندێک زۆر کێشەی بنەڕەتی چارەسەر دەکرێن. ئەگەر سەرەتا دوو سێ قەندانی پڕ لە قەند بە فووی جەنابیانەوە لە کارگەکانی ئێران بڵاو بکرێنەوە و پێداویستیی ئەم کارگەیانە لە زەوی دەربقوڵێت و چەند کڵۆقەندێکیش ڕووباران وەخۆ بخەن و بەنداوی ئێران پڕببنەوە، تەنیا یەک دوو كڵۆش بۆ داخستنی پێشەوەی مانتۆی "ڕووباز"ی ژنانی سنگ‌پانی گەرن‌کێڵ لە سەرانسەری ئێران تێچوویەکی زۆر نییە. داوای لە هەموویان بەپەلەتر ئەمەیە نەک هەر قەندانێک و چەند قەندان، بەڵکوو با تەرخان‌کردنی فەردیەک قەندی فووبەسەرداکراویش بۆ دابەزانەندنی نرخی دۆلاری ئەمریکای جیهانخۆر و گەڕاندنەوەی نرخی دۆلارێک بۆ حەوت تومەنی جاران پەلەی لێ بکرێت، بەڵکوو خەڵکیش چی ‌دیکە بە ڕەزا کەچەڵ نەڵێن ڕوحی شاد.