کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە گێژاوی قەیرانەکان‌دا

02:47 - 2 پووشپەڕ 2722

لە کۆی وڵاتانی جیهاندا کە زۆریان بەهۆی شەڕ، بێ‌داهاتی، کێشەی ئابووری و هۆکاری دیکەش تووشی قەیران هاتوون، هیچ وڵاتێک وەک ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی قەیراناوی نەبووە. قەیران‌گەلێک لەم وڵاتەدا کە نەتەنیا ڕێگە چارەیان بۆ نەبیندراوەتەوە، بەڵکوو ساڵ لە دوای ساڵ لێی زیاد بووە و پەرەیان گرتوە و لەسەر یەکتر کەڵەکە بوون. لە قەیرانی شەڕ هەتا قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، دیپلۆماسی، تەناهی و سیاسی و ئێستاش مەترسیی دووبارەبوونەوەی شەڕێکی ماڵوێرانکەری دیکە لە سەر ئێران، ئەگەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژایەتیی ڕۆژاوا و وڵاتانی ناوچە هەروا درێژەی هەبێ. لە دەرەوەی ئێران بەهۆی پەیمانی ئابراهام، هومێدبەستنی چل ساڵەی ستراتێژیستەکانی ڕێژیم بۆ سازکردنی شەڕێکی ناوچەیی لە دژی ئیسڕائیل لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و بە ناوی پارێزگاری لە قودس شکستی هێناوە. بەپێچەوانەوە ئێستا ئەوە ئێسڕائیلە کە دوای ئاسایی‌کردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ چەند وڵاتی عەرەبی بە تایبەت لە دەوری کەنداوی فارس، داوا دەکا و هەوڵ دەدا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کەنداو بە ڕێبەریی ئەمریکا لەدژی کۆماری ئیسلامی هاوپەیمانیەتیی بەرگری ساز بکا. هاوپەیمانییەک کە دوای ڕێکخستنەوەی پێوەندییەکانی ئێسڕائیل لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و قسەکانی بەرپرسانی فەرمییان، ئەگەر شەڕیشی بەدوادا نەیەت بەربەستێکی گەورە دەبێ لەبەردەم پاوانخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران و دەبێتە هۆی گوشارێکی سیاسی و نیزامیی توند بۆ سەریان. ئەم بابەتە کاتێک گرینگیی زیاتری دەردەکەوێ کە هەواڵی سەردانی سەرۆکی ئەمریکا، دوای دوو ساڵ ساردی لە پێوەندییەکانی نێوان ئەمریکا لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی بۆ ئەو وڵاتە بڵاو دەبێتەوە. هەرچەند باسکردن لە بابەتی وزە وەک هۆکاری ئاشکرای ئەم سەردانە ڕاگەیەێندراوە، بەڵام بە هۆی دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر عەرەبستان لە ڕێگەی حووسییەکانی یەمەنەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا و، ڕاوەستانی وتووێژەکانی بەرجام، باس لەسەر ئێران و پاراستنی ئەمنییەتی ناوچە بەرامبەر ئێران لە سەروو باسەکانەوە دەبێ. بە تایبەت ئێستا کە ئەمریکا بەرامبەر هاوپەیمانیی جیهانیی نافەرمیی چین و ڕووسییە زیاتر لە جاران پێویستی بە دۆستە ستراتێژییە کۆنەکانی لەو ناوچەدا هەیە. ئەمەش بێگومان بە قازانجی ئێران نابێ. ئەگەر هەر لەم ناوچەیەدا بڕوانینە وەزعی ئێران، دوا هەڵوێستی وەزیری دەرەوەی عێراق لەسەر جۆری ڕوانینیان بۆ پێوەندییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کە دەڵێ، "تاران بە زمانێکی نوێ گوێی لە قسەکانی بەغدا دەبێ... ئێمە بە ئێرانییەکانمان گوتووە کە پێویستیمان بە هاوکاری هاوبەش هەیە بەڵام بە دەستێوەردانی ئێوە نا.... پێوەندی ئێمە لەگەڵ ئێران لە قۆناغی بێدەنگی گۆڕاوە بۆ دەربڕینی ڕاشکاوانە"، دەری دەخا کە ڕێژیمی ئێران چیدیکە ناتوانێ وەک جاران بڕوانێتە عێراق و نیشانەی هەوڵدانێکە بۆ دروست‌کردنی پێگەیەکی نوێ بۆ عێراق لە ناوچەدا. ئەوان بەمجۆرە بەڕاشکاوی بە گوێی ئێرانیان داداوە کە لەوە زیاتر نایەڵن وڵاتەکەیان بکرێتە مەیدانی کێبەرکێ ناوچەییەکانی ڕێژیمی ئێران. ئەمەش لە حاڵێک‌دایە کە لە چەند ساڵ لەمەوبەرەوە لە شارە عەرەبییەکانی عێراق لەدژی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی ناڕەزایەتیی زۆر لەلایەن خەڵکی ئەو شارانەوە درێژەی هەبووە و لە وەزعی ناڕوونی ئێستای عێراقدا، سەیر نییە خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ڕابردوو لەو وڵاتەدا دەست پێ بکەنەوە و دژایەتیی کۆماری ئیسلامی ببێتەوە قسەی شەقامی عێراقی. جگە لەوانەش شەڕی ڕووسیە لە دژی ئۆکراین کە ڕێبەرانی ڕێژیم دڵیان بە سەرکەوتنی کتوپڕی ڕووسیە خۆش کردبوو و پێیان‌وابوو سەرکەتنی ڕووسیە لە کێبەرکێ نێودەوڵەتییەکاندا پێگەی ئەوان بەهێز دەکا، پێناچی بەم زووانە کۆتایی پێ بێ. شەڕێک کە یەکەم کاریگەریی لەسەر ئێران کاڵبوونەوەی ئێعتباری دیپلۆماسی و کەمبوونەوەی بازاری هەرزانفرۆش‌کردنی نەوتەکەیان بوو. نەوتێک کە بە هۆی تەحریمەکانەوە بە دزی دەیانفرۆشت و جگە لە تەحریمە بەردەوامەکانی ئەمریکا، ئێستا بە هۆی مامەڵەی نەوتیی ڕووسیە و چین ئەو بازاڕەشیان ڕوو لە کزییە. ئەوەش لە حاڵێک‌دایە کە بەڕوونی دیارە کە ڕووسیە هەرگیز وەک هاوپەیمانێک چاوی لە ڕێژیمی ئێران نەکردوە و تەنیا لەو شوێنانەی پێویستی بە هێزەکانی ئێران هەبووە -وەک سووریە- کەلکی لەوان وەرگرتوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەش بە دوورکەوتنەوەی ئاسۆی ڕێککەوتنی بەرجام لە نێوان ئێران و ڕۆژاوادا، بە تایبەت کە ئەمریکا بەهۆی شەڕی ئۆکراین بە دوای هاودەنگییەکی جیهانیدا دەڕوا، لەگەڵ ئەگەری وەستانی وتووێژەکان فشارێکی زۆرتر دەخاتە سەر ڕێژیمی ئێران. هەرچەند دیار نییە کە کۆماری ئیسلامی کەی و چۆن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن پاشەکشە دەکا و ڕێی خۆبەدەستەوەدان دەگرێتە بەر، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانەی بەتایبەت بە دوای شەڕی ئۆکراین هاتووەتە پێش و بووەتە هۆی دروست‌بوونی یەکدەنگییەک لەنێو وڵاتانی ڕۆژاوادا، پێناچێ ڕێخۆشکەر بن بۆ ئەوەی ڕێژیمی ئێران دەسکەوتێکی گرینگ و درێژماوەی لەم مامەڵەدا ئەگەر بیەوێ بیکا، هەبێ. لەم وەزعەدا لە ئێران ناڕەزایەتییەکان ڕوو لە پەرەسەندنن. کەم ڕۆژ هەیە کە لە شارە جیاجیاکانی ئێران دەنگی مافخوازانەی خەڵک بەرز نەبێتەوە. هەرچەند گرانی، هەڵاوسان و کەم‌داهاتیی خەڵک و هێندێک کێشەی دیکە سەرچاوەی ئەم خۆپیشاندانەن، بەڵام دروشمەکانی ئەو خەڵکە لەدژی بنەماکانی کۆماری ئیسلامی تا ئاستی ڕێبەری نیزام دەری دەخا کە خەڵک بەگشتی نەفرەت لە بوونی سیستمی دەسەڵاتداریی لە وڵاتەکەیان دەکەن و خوازیاری گۆڕانێکی بنەڕەتی و دێموکراتیکن. ئەوەی دیارە خەڵک دەیانەوێ بە شێوازی مەدەنی و وەڕێخستنی ڕێپێوان و مانگرتن لە شوێنە گشتییەکاندا داواکارییەکانی خۆیان بە گوێی بەرپرسانی دەسەڵاتداری ڕێژیم بگەیەنن. داواکارییەک کە تا ئێستا گوێی بۆ شل ناکرێ و وەک هەمیشە ڕێژیم دەیەوێ بە بەکارهێنانی زۆر و کەلک‌وەرگرتن لە هێزە سەربازی و ئەمنییەتییەکان پێش بە درێژەی ئەم ناڕەزایەتییانە بگرێ. هەتا ئێستاش لێدان و گرتن و زیندانی‌کردن تەنیا وڵامدانەوەیەک بووە بە داواکاری خۆپیشاندەران و پێناچێ لە وەزعی شپرزی ڕێژیمدا، دەسەڵاتداران جگە لە سەرکوت ڕێگەیەکی دیکە لەبەر دەم خۆیاندا ببینن. چالاکانی ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و مامۆستایانی قوتابخانەکان کە زۆرترین حەشیمەتی کاری ئێرانن ڕۆژانە دەکەونە بەر پەلامار و ڕەوانەی زیندان دەکرێن کە ئەمە بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی ئاشکرای کارناسانی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا. هەربۆیە خەڵک بە هومێدەوە دەڕواننە داهاتوو و دەبێ ئەو باوەڕەیان هەبێ دەربازبوونی ڕێژیم لەو هەموو قەیرانە کارێکی ئەستەمە و هەوڵدان بۆ دەربازبوونی ئەوانیش لە چنگ ڕێژیمی دژە مرۆیی کۆماری ئیسلامی تەنیا ڕێگەی ڕزگاری و ئازاد ژیانە.