کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوێستانی ئاواجیغ

20:56 - 31 پووشپەڕ 2722

لە نێوەڕاستەکانی مانگی ئەم مانگەدا قاچاغچییەکانی مرۆڤ کە زیاتر خەڵکی ئەفغانی ئاودیوی تورکیە دەکەن، لە ئاکام‌ گرتنی دەستەیەک لە ئەفغانەنییەکان لەلایەن ژاندارمی تورکەوە بەو ڕێگایەی پێیدا هاتبوون سنوورداش دەکرێنەوە. دواتر لەسەر ئەم کێشەیە دەبێتە شەڕ و گرووپی تورکەکان بە قەمە و دار و بەرد هەڵدەکوتنە سەر ڕەشماڵی ماڵە کوردەکانی ناوچەی کوێستانی "ئاواجیغ" (ئاواجیق)(دوو هەوار بەناوەکانی "نادۆ" و "سپی سەنگ" کە زیاتر لە ١٥٠ خێزانی لێیە و بیست هەزار سەر مەڕوماڵاتی لێ دەڵەوەرێندرێ و سەرەتای دەستپێکی کاروچالاکیی مەڕدارانە) و کوردەکانیش بەناچاری دەست دەکەنەوە؛ کە لە ئاکام چەند کەس لە هەردووک لا دەکوژرێن و بریندار دەبن. لەگەڵ ئەوەدا کە ئەو شەڕە دەکرا بە ڕێگای یاساییەوە چارەسەر بکرێ و هیچ پێویستیی بە لەشکرکێشان و خۆپێشاندان نەبێت، هەر زۆر خێرا خەڵکی تورکی ناوچەکە بە فیتی سپای پاسداران و پشتیوانیی نوێنەری بەناو مەجلیس کۆ دەبنەوە و داوا لە بەرپرسانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ناوچەکە دەکەن کە دەبێ ئەو کوردە مەڕدارانە سەدان ساڵە لەو کوێستانانە گەرمێن و کوێستان دەکەن کۆچ بدرێن و بەزۆری دەستبەرداری هەوار و زۆزانی خۆیان بن. لەم نێوەدا ژنێک لە فیلمێکدا دەردەکەوێ کە چەند دە کەسێک دەوریان داوە و گۆیا مامۆستای قوتابخانەیە و داوا لە نوێنەری ئەو شارە (ماکۆ، بەخشعەلی ڕەحیمی باغچە جوقی)و هێزە ئەمنییەتییەکان دەکا کە ئەو خەڵکە کوردە دژی شۆڕشن و یان دەبێ ئێوە بێن ئەو خەڵکە دەر بکەن، یان خۆمان کفن دەبەر دەکەین و لێرەیان وەدەردەنێن! بەناو نوێنەریش کە خۆی یەکێک لە مۆرەکانی ڕێژیمە، ئەم هەلە وەک باشترین دەرفەت دەبینێ و دەیقۆزیتەوە و بەپەلە بڕیار دەدەن دەبێ کوردەکان ئەو مەڵبەندە بەجێ بێڵن و لە چادر و چیغ و ڕەشماڵیان دەکەن.  ئەوە لە حالێکدایە ئەودەمەی ساڵ کاتی زۆزان و کوێستان‌چێیەکانە و بە وەرزی کار و تێکۆشانی مەڕداران دادەنرێ. هەر ئەمە وای کرد ئەو ڕووداوە ئاساییەی شەڕی دوو بنەماڵە ببێتە هەوێنی کۆچی زۆرەملێی بەشێک لە کوردەکانی ئەو ناوچەیە و هەڵوێستی بەشێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕاگەیاندنە کوردییەکانی بەدوادا هات. لێ مەخابن لە نێوخۆی ماکۆدا نەیانهێشت دەنگی کاناڵە کوردەکان بێتە دەر و وێڕای هەڕەشە و گوڕەشە پێیان ڕاگەیاندبوون هەر هەواڵێک لەسەر ئەو بابەتە دەچێتە چوارچێوەی ئەمنییەتی نەتەوەیی و نابێ بڵاو بکرێتەوە؛ لەبەرامبەردا کاناڵە تورکەکان بە دڵی خۆیان ڕووداوەکەیان چەواشە دەکرد و ئەسپی خۆیان لە مەیدانی سپادا تاو دەدا! لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا پان‌تورکەکان بە پشتیوانیی هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکان بەتایبەت سپای پاسداران کە لەم ناوچانەی کورد و تورک پێکەوە دەژین، دەسەڵاتدارن و بەهەر شێوەیەک بۆیان لوابێت دژایەتیی کوردەکانیان کردوە و بەجۆرێک دێموگرافیای کوردستانیان شێواندوە و بە قازانجی تورکەکان و لە بێدەنگیی ناوەنددا چالاکیی بەردەوام دەکەن. هەر لەم ڕووداوەی دواییدا کەسێک بەناوی "ئەلیار ماکۆیی"، جێگری حیزبی پان‌تورکی "گاموح" دەستخۆشیی لە قسەکانی ئەو ژنە کرد و هێزەکانی ڕێژیمی هان دەدا بۆ ئەوەیکە دەبێ بەزۆرەملێ کۆچ بەو کوردانە بکرێ. ناوچەی ئاواجیخ (ئاواجیق) دەکەوێتە باکووریترین خاڵی سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دوامین ئاواییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەو مەڵبەندەیە کە بەپێی سەرژمێرییەکانی ئێستای ئێران سەر بە شاری "چاردێرانە"(چالدران)ە و بەدرێژایی مێژوو وەک ڕێڕەوێکی ستراتێژیی تورکەکان بۆ هاتوچۆ کەڵکی لێ وەرگیراوە. لە مێژووی ئەو دەڤەردا سەلجوقییەکان، مەغۆلەکان، سەفەوییەکان، تورکەکانی بەیات، ئەفشار، قاجار، شاملوو و ئیستجالوو و ... بەم دەربەندەدا بۆ کوردستان دەگوازرانەوە یان بەم ڕێڕەوەدا هێرشیان دەکرد و هەڵدەهاتن. لە سەردەمی سەفەوییەکاندا هەزاران بنەماڵەی ئەم سنوورە بەرەو خۆراسان گوازرانەوە، بەجۆرێک کە لە سەردەمی شاعەبباسی سەفەویدا قەڵای "قابان"ـی ماکۆ کە بە ناوەندی دەسەڵاتی کوردەکانی "مەحموودی" دەناسرا، دەستی بەسەردا گیرا و دوای وێرانکردنی قەڵاکە، ٣٠٠ بنەماڵەی تورکی بەیاتیان بۆ ئەو ناوچەیە گواستەوە، و بەمجۆرە حاکمییەتی سەڵماس و ورمێش هەر لەو سەردەمدا دران بە دەستەڵاتدارانی تورک. دوای گەڕی دووهەمی شەڕەکانی ئێران و ڕووس و شکانی ئێرانییەکان، تورکە قەرەپاپاقەکانیان هێنایە ئەو ناوچە سنوورییانە و پاش ماوەیەک بەشی هەرەزۆرییان بردنە دەشتی سندووس و دەوێیان خزاندن، بەجۆرێکی دیکە ئەو تورکانەی ئاواجیخ و قەرەپاپاقی نەغەدە لە یەک تایفە و بەرەبابن. وێڕای هەموو ئەو ئاڵوگۆڕە ئەتنیکییە و شێواندنی دێمۆگرافیای ئەو ناوچانە و هێنانی دوامین دەستە لە تورکەکان لە ١٦٠ ساڵ لەمەوبەر، هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێ کوێستان و زۆزانەکان و هەروەها ئاواییەکان هەر لەدەست کوردەکاندا ماوەتەوە و جەلالییەکان و میلانییەکان بەردەوام دەسەڵاتداری ڕەسەنی ناوچەکانیان بوون. دوای نسکۆی شۆڕشی ئاگری بە سەرکردایەتیی ژێنراڵ ئێحسان نووری پاشا بەهۆی ئەوەیکە کوردەکانی ئەم بەشە هاوکار و یارمەتیدەری شۆڕشی ئارارات بوون، نزیک پێنج هەزار بنەماڵەی جەلالییان وەک تۆوی زەوی بەسەر ئەردەبێڵ، قەزوین، ئەهەر و خۆراسان وەرکرد و لەژێر ناوی "تختە قاپو"کردنی کۆچەرەکان ڕێژیمی شا جارێکی دیکە هەوڵی سڕینەوەی کوردەکانی ئەو ناوچەیەی دا. ئەو هەمووە هەوڵە لانیکەم ئاکامەکەی لەو ماوە زەمەنییە دوورودرێژە ئەوە بوو کە، بەشێکی زۆر لە کوردەکان ئاسمیلە بوون کە لەوان دەتوانین ئاماژە بە کوردەکانی دونبولی کە هەم زمانیان بۆتە توریک و هەمژی دینیشییان بۆتە شیعە! یان تایفەی کوردی ڕەسەنی مافی کە لە ورمێ نیشتەجێ دەبن، ئەو حاڵەتەیان بەسەردا هاتوە. یان سیاسەتی ئابووریی ناوەند وای کردوە زۆربەی کوردەکانی ئەو ناوچانە لەبەر ئەوەیکە هیچ هیوایەکیان بە دامەزراندن و هاوکاری و یارمەتییەکانی حکومەت نییە بەناچار یان دەبێ کۆڵبەری بکەن و بکوژرێن، یان دەبێ بۆخۆیان ئەو ناوچانە جێ بێڵن و ڕوو لە شارە گەورەکانی وەک تاران و ئیسفەهان بکەن و بەمجۆرە بۆ پەیدا کردنی بژیوی ژیانیان و کوردستان و خاکی خۆیان بەجێ بێڵن و حکومەت و لایەنی پان‌تورک بە هاوکاریی دەزگا ئەمنییەتییەکان هەموو ئیمکانات و دەرفەتێک بۆ تورکە هاوردەکان دەرەخسێنن و دایاندەمەزرێنن بۆ ئەوەیکە لەو ناوچانەدا بمێننەوە و خاکی کوردان بە شێوەیەکی نەرم و لەسەرخۆ داگیر بکەن.