کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی سەرەکیترین خواستەکان لە کۆمەڵگەی ئێران و هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی

05:26 - 16 گەلاوێژ 2722

ئەمەوێ لە سەر قەیرانێک لە کۆمەڵگەی ئێرانی ئەمڕۆدا بنووسم کە هەموان لێی ئاگادارن و باسێکی نەبیستراو نییە، بەڵام بە جیددی ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە. قەیرانی ویست و خواستەکانی کۆمەڵگە، ئەو خواستە بنەڕەتییانەی بەدینەهاتنیان دەبێتە هۆی گرژیی دەروونی تاکەکان و بەرەبەرە قەیرانی ڕۆحی و تەنانەت جەستەیی مرۆڤەکانی لێ ‌دەکەوێتەوە. لە ڕوانگەی تیۆریی هەڵبژاردنەوە کە ویلیام گاسلر پۆلێنبەندیی کردوە، خواستەکانی مرۆڤ پێنج بوار لە خۆ دەگرێ کە بریتین لە خواستی مانەوە، خواستی ئازادی، خواستی عیشق و خۆشەویستی، خواستی هێز و توانا، خواستی گەشت و سەیران. لەم خواستانە یەکیان پێوەندە بە ژێنێتیکی مرۆڤەوە (مانەوە) و چوارەکەی دیکەیان پێوەندیی دەروونناسانەی بە مرۆڤەوە هەیە. وەدینەهاتنی هەرکام لەم خواستانە و سەرکوت‌کردنیان لەلایەن دەسەڵاتەوە لە وڵاتێکی وەکوو ئێران کەلێنێکی گەورەی لەنێوان خواستەکان و دەسکەوتەکانیاندا دروست کردوە، ئەم کەلێنانەش بۆتە هۆی سەرهەڵدانی کێشە و گرفتە دەروونییەکانی کۆمەڵگەی ئێستای ئێران. لە درێژەی بابەتەکە بۆ هەرکام لەم خواستە بنەڕەتییانە بە هێنانەوەی چەند نموونەی هەست‌پێکراو هەوڵی دۆزینەوە و زۆرتر ڕوونکردنەوەی قەیرانی خواستە بەجێ‌نەهاتووەکانی کۆمەڵگەیەک دەکەین لەژێر گوشاری دەسەڵاتێکی دوگم و سەرکوتکەردا. خواستی مانەوە وەکوو یەکەمین نموونە و ئەو خواستەی کە بنەمای لە بایۆلۆژیی مرۆڤ‌دایە، بە جەوهەر لەنێو هەموو بوونەوەرەکانی ڕووی ئەم عەردە هاوبەشە و لە کۆمەڵگەی مرۆڤەکاندا لە پێداویستییە ئابوورییەکاندا خۆی دەنوێنێ، بۆ نموونە داهات و مووچەکان بۆ گوزەرانی ژیان، زەینییەتی تاکەکان بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان، ئەمنییەت و ئاسایش و سەرپەنای تاکی کۆمەڵگە، سەقامگیری و جێگیربوونی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا دەستەبەر نەکرێ، قەیرانی برسیەتی و داخوازە بنەڕەتییەکانی ژیان سەرهەڵدەدا و لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکاندا خۆی دەنوێنێ. بۆ نموونە کۆبوونەوە و مانگرتنە سەراسەرییەکانی کرێکاران و مامۆستایان و خانەنشینانی شارەکانی ئێران لەم دواییانەدا خۆی نیشان لە مەترسییەکانی سەر خواستی مانەوە و بەقای تاک بە تاکی خەڵکانی ڕیزبەستووی نێو ڕیزە جۆراوجۆرەکانی خوراک و خواردەمەنییەکانە. دووهەمین خواست، عەشق و خۆشەویستی شوێنە، ئەم خواستە پێوەندی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، بۆ نموونە پێوەندیی نێوان تاکەکان لە بنەماڵەکاندا، پێوەندی دۆستانەی هاوڕێیان لە شوێنه جۆراوجۆرەکان، مژارەکانی بەخشین، لێک‌تێگەیشتن، دڵسۆزی، هاوکاری، هاودەردی و هتد... ئەگەر لە کۆمەڵگەدا ڕوو لە داکشان و داڕمان بکات ئیدی قەیرانی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە کەمترین حاڵەتدا دەبێته هۆی سەرهەڵدانی دڵساردی و ناهومێدی کە ڕیشەی زۆرێک لە نەخۆشییە جۆراوجۆرە دەروونییەکانە. لەو نێوەدا کۆماری ئیسلامی سەرەڕای دروشمە ئایدۆلۆژیکەکانی وەکوو "ئیسلام ئایینی برایی و بەرابەرییە" هیچ هەوڵێکی نەداوە لەکردەوەدا بۆ برایی گەلان و تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی و تەنانەت شوێنکەوتوانی خۆی. خواستی سێهەم، ویستی هێز و توانایە. ئەم خواستە خۆی دبێتە سێ بەشەوە، هێزی زاڵبوون لە سەر خەڵکانی‌تر، هاوهێزی لەگەڵ خەڵکانی‌تر و هێزی دەروون، بەداخەوە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرتای هاتنە سەرکاریەوە بە داسەپاندنی هێزی دەوڵەتی و گشتگیر بە سەر خەڵکی تازەڕزگاربوو لە دەستی ڕێژێمی دیکتاتوری پەهلەوییەکاندا، توندتر و بێ‌ڕەحمانەتر، شێوازی دەمکوت و سەرکوتی گرتەبەر و هەر بۆیە هەست بە هەبوونی هێز و توانا لە تاکی ئێرانیدا تا ئاستی کۆیلایەتی دابەزیوە و هیچکات مرۆڤی ئێرانی هەستی بە تواناکانی خۆی لە بەرانبەر ئاقاری دەوروبەریدا گەشەی نەکردوە و بەشی تاکی کۆمەڵگەی ئەم وڵاتە گریان و چێژ لە گێڕانەوەی تراژدیاکانی شکست و هەرەسهێنی نێو ئایینەکان وماڵوێرانی بووە هەر بۆیە مرۆڤێک کە هیچکات تامی توانایی و زاڵبوونی سەربەخۆیانەی نەچەشتبێ چۆن دەتوانێ لە مانای هاوهێزی و دابەشکردنی دەسەڵات لە نێو هاوڕێیانیدا تێ‌بگات!؟ هەروەها هێزی دەروون پێوەندی ڕاستەوخۆی هەیە لە گەڵ ئەو دوو شێوەکەی‌تری هێزداربووندا، مرۆڤێک لە وەدەسهێنان و دابەشکردنی هێز و توانا لە نێو کۆمەڵگەدا بێبەش کرابێت، وردە وردە تووشی داڕمانی دوایین بەرگرییەکانی خۆی لە دەروونیدا دەبێتەوە و تا ئاستی کۆیلایەتی و ژهراوی‌بوونی هزر و بیری دادەبەزێت، ئەمەیە هۆکاری سەرلێشێواوی کۆمەڵگەیەکی گرفتار لە گرداوی حکوومەتێکی کۆیلەدار و چەقبەستووی هاوچەشنی سەدەکانی نێوەڕاست. خواستی چوارەم هەستی ئازادییە، ئەم ویستە بۆ مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا بە دوو شێوە پێناسە دەکرێت، یەکیان بە کەم‌کردنەوە و نەهێشتنی ئەو کۆسپ و لەمپەرانەی خەڵکانی‌تر دەیهاوێنە بەر پێی مرۆڤەوە و دووهەمین شێوە پێوەندی بەهێز و ئیرادەی خودی مرۆڤەوە هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. لە پێکهاتەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیدا، ئازادی هیچ پێناسەیەکی ڕوونی بۆ نەکراوە، ڕێبەران و بناغەدانەرانی ڕژێم بۆ خافڵاندن و خاپاندنی جارجار ناچار بە دووپات‌کردنەوەی وشەی ئازادی ناچارکراون بەڵام لە شیکردنەوەی ئەم وشە لە سەر منبەرەکاندا تەنیا مەبەستیان دەستاوەڵایی بووە لە بەڕێوە بردنی فەریزە ئایینییەکاندا، هەر بۆیە گوشار و کۆسپ و تەگەرەکانی ڕژێم لەهەمبەر ئازادیخوازە ڕاستەقینەکاندا نە تەنیا هەموو فاکتەرەکانی مرۆڤی ئازادی لەناوبردووە بەڵکوو زۆربەی ئەم کەسایەتییە ڕووناکبیر و جیابیرانەی ناچار بە کۆچ و دوورکەوتنەوە لە زێد و وڵاتی خۆیان کردوە. هەموان لەم چل ساڵ تەمەنی دەسەڵاتدارێتی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامییەدا شاهیدی زەوتکردنی ئازادییەکانی تاکی بێ دەرەتانی نێو ئێرانین لە هەر چین و توێژێک، بۆ نموونە ڕادان و وەدەرنانی مامۆستایانی بژاردە و هەڵکەوتەی زانکۆکانی ئێران، زیندانی‌کردنی ڕۆژنامەوانان و چالاکانی مەدەنی و سیاسی و کرێکارانی ناڕازی و زۆر نموونەی دیکەی  لەناوبردنی مافی ئازادبوونی تاک لە کۆمەڵگەی ئێرانی ئەمڕۆدا. دەوڵەت لەجیاتی دەستەبەرکردنی ئەو مافە ئینسانییە بۆ خەڵکی وڵاتەکەی زۆربەی بەرهەڵستکارانی ڕێژێمەکەی ڕووبەڕووی بڕیاری قورسی دادگاکان بە تۆمەتی کێشەی ئەمنییەتی دەکاتەوە. لە تیۆریی مافی هەڵبژاردندا هاتوە هیچکەس ناتوانێ بە زۆرەملی ناچارمان بکاتە ئەنجامی ئیش و کارەکانمان و لە ڕاستیدا خواستی ئازادی  خواستێکی فراژووییە و ئامانجەکەشی وەدیهێنانی هاوسەنگییە لە نێوان خواستی تۆ بۆ ناچارکردنی من بە شێوەژیانێک کە باوی مەیلی تۆیە و خواستی من بۆ ڕزگاربوون لەو ناچارکردنە. خواستی پێنجەم، کات ڕابواردن و گەشت و سەیرانە. مەبەست لە گەشت و سەیران و ڕابواردن تەنیا سەفەر کردن نییە کە بەڕاستی خواستێکی زۆر پێویستە لەسەدەی بیست و یەکدا، بەڵکوو ئەم خواستە ڕووگەشی و شادمانی و پێکەنین و سەرگەرمی و خۆخڵافانەکانیش لە خۆ دەگرێت لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا، بەڵام زۆر بەداخەوە لە فەلسەفەی گریان و شەپۆڕە ئایینییەکانی مەلاکانی ڕێژێمدا شادی و ڕووگەشی بابەتی مرۆڤی سووک و خەمساردە و هەر بۆیە خەمۆکی و دڵساردی و ناڕەحەتی نیشانەی پابەندبوونە بە ڕێگای مەزڵوومانی مێژووی پەسەنکراوی دەسەڵاتدارانەوە. هەر بۆیە تا ئەو ڕۆژەی ڕێژێمی دژبەخواستی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی بە سەر ئێرانەوە بێت هیچکام لەو پێنج خواستە سەرەکییانە کە فاکتەری کۆمەڵگەیەکی تەندروست و ڕوو لە گەشەیە نایەتە دی و ڕۆژبەڕۆژ خێرایی قەیرانی وەدینەهاتنی ئەم خواستانانە بەرزەڕوویە و کۆمەڵگەی ئێران بەرەو هەڵدێرێکی تاڵ و تاریک و ناخۆش هەنگاو دەنێت.