کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانپێدانانی زۆرەملی، کاڵبوونەوەی چاوی نەیار

18:12 - 31 گەلاوێژ 2722

دەگوترێ پێشبڕکێیەک لەنێوان سیاسەتمەدارانی وڵاتانی جیاوازدا بەڕێوە دەچوو، پێشبڕکێکە لەنێو دارستانێکدا بوو و بڕیاربوو بەشداربووان بە زیندوویی کەروێشکێک بگرن و بگەڕێنەوە بۆ خاڵی دەستپێک. هەرکەسێک توانیبای خێراتر کەروێشکەکە بگرێ و بگەڕێتەوە، براوەی پێشبڕکێیەکە بوو. پێشبڕکێیەکە دەستی پێ کرد و هەمووان هەوڵیان دەدا کەروێشکی دەست‌نەکەوتوو بدۆزنەوە. زۆری نەخایاند دوای دەست‌پێکردنی پێشبڕکێیەکە، "علم الهدی"کە بە نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامییەوە بەشداریی پێشبڕکێیەکەی کردبوو، وەک کەسی یەکەم لە ڕاوکردنی کەروێشک گەڕایەوە. هەموو دادوەر و بینەرەکان سەرسام بوون، بە لەبەرچاوگرتنی تەمەن و باری جەستەیی،کە چۆن توانیویەتی بەو خێراییە کەروێشک ڕاو بکات و ئاوا زوو، دەمودەستیش بگەڕێتەوە. پێشبڕکێیەکە کۆتایی هات وکاتی خەڵاتەکان هات. دادوەرەکان خەریکی پشکنینی پشتڕاست‌کردنەوەی باشترین کەسەکان بوون کە بۆیان دەرکەوت جەنابی "علم الهدی" لەبری کەروێشک، کیسەڵێکی لەگەڵ خۆی هێناوە! بێگومان لە ڕوانگەی تەکنیکییەوە ئەم بابەتە دەبووە هۆی دوورخستنەوەی لە نێو براوەکان، بەڵام "علم الهدی" کۆتا نەدەهات و پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد کە ئەوەی لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی کەروێشکە نەک کیسەڵ. دادوەرەکان تێیدا مابوون چۆن قەناعەتی پێ بهێنن، دواجار "علم الهدی" داوای لە دادوەرەکان کرد کە لە خودی ئاژەڵەکە بپرسن ئەگەر قسەکانی قبوڵ ناکەن، ئەو بەدڵنیاییەوە لە هەموو کەسێک باشتر ناسنامەی خۆی دەزانێ. دادوەرەکان قبوڵیان کرد و چوونە لای کیسەڵەکە و لێیان پرسی ئایا تۆ پشتڕاستی دەکەیتەوە کە کیسەڵیت؟ کیسەڵ بێ ئەوەی تەماشایان بکا وەڵامی دایەوە: کیسەڵ؟! من کەروێشکم، چۆن ئێوە شتێکی ئەوەندە ڕوون نابینن. دادوەرەکان کە سەریان لە وەڵامی کیسەڵەکە سووڕمابوو، سەیری یەکتریان دەکردکە یەکێکیان ڕووی لە کیسەڵەکە کرد گوتی: تۆ ئەوەندە گەمژەیت کە تەنانەت ناسنامەی خۆشت نازانیت! کیسەڵەکە بە هێواشی سەری بەرز کردەوە و سەیری دادوەرەکانی کرد و گوتی: خۆم باش دەزانم کێم، ئێوە گەمژەن کە" علم الهدی" ناناسنن و هەوڵی ڕازیکردنی دەدەن، کاتێک" علم الهدی" دەڵێ من کەروێشکم، ناچارم کەروێشک بم! لە "ئێحسان تەبەری"ـیەوە هەتا "سپیدە ڕەشنۆ" چیرۆكی دووبارەی دانپێدانانی زۆرەملی كۆماری ئیسلامی لە نەیارانیەتی، بە هەموو سەلیقە و حیزب و گرووپێك لەژێر هەموو جۆر ئەشکەنجە و ئازاری گیانی و ڕوحی هەتا دەستدرێژیی سێکسی و لەنێوبردنی کەرامەتی مرۆڤ. ئەوەی جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە کە تێپەڕبوونی زەمان نەتەنیا نەبووەتە هۆی بچووکترین گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بەنەیارانی، بەڵکوو ڕووهەڵماڵاوتر لە ڕابردوو لە دڕندەییەکانی خۆی بەردەوام بووە. ئەگەر جاران تەنیا کەسانی ناسراوی سیاسی و ئایینی ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملی دەکران، ئێستا کار گەیشتۆتە مۆدێلەکانی نێو ئینستاگرام! ئێتر دانپێدانانی زۆرەملی زنجیرەیەکی بێ‌کۆتاییە کە هەموو ڕۆژێک بابەتی جیاواز لە ڕۆژانی پێشووی پێ زیاد دەبێت. چەند مانگێک بەسەر ژیانی شەرمەزاری کۆماری ئیسلامیدا تێ نەپەڕیبوو، کە دەستبەسەرکردنی کەسانی خاوەن بیروڕای جیاواز دەستی پێ کرد. خومەینی کە بڕیار بوو لە قوم دابنیشێت و دەسەڵات بداتە سیاسەتمەداران، زۆری نەخایاند سروشتی ویلایەتی فەقیهی ئاشکرا کرد. سەرەتا سەدان کەس لە کاربەدەستانی ڕێژیمی پێشوو لە چەند دادگاییەکی گرووپی و چەند خولەکیدا، دوای دانپێدانانی زۆرەملێ ڕادەستی سکوادی مەرگ کران. دادگایی‌کردنەکان بەبێ پارێزەری بەرگریکار و بەبێ هیچ رێکارێکی دیاری کرابوو. بەگوێرەی لێدوانەکانی حاکمی شەریعەت و ئەنجامدەری سەرەکیی ئەم دادگایی‌کردن و لەسێدارەدانانە، "سادق خەڵخاڵی" تەنیا ئەو کەسانەی کە لاڵ بوون مافی بەکارهێنانی پارێزەریان هەبووە! دوای پاككردنه‌وه‌ی پاشماوەی ڕێژیمی پێشوو، ئەوجار کاتی ده‌ستبه‌سه‌رکردنی کەسانی ناسراوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هات. یه‌كه‌م گرووپ، بەڕێکەوت ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارانە بوون كه‌ خۆیان بە یار و هاوڕێی خومەینی دەزانی و ساڵانێک بوو پێوەندیی قووڵیان لەگەڵ ئەو هەبوو. لای ئەو جەماعەتە خومەینی، فەقێهـ و زانایەک بوو دژ بە ئیمپریالیزم, پێیان وابوو خومەینی دەسەڵات ڕادەستی ئەوان دەکات بۆ ئەوەی بتوانن بە ویستی خۆیان سیستەمێکی نوێی حوکمڕانی دروست بکەن! هەرچەند لە سەرەتاوە، پەخشکردنی هەندێک دیبەیتی تەلەفزیۆنی و... ڕێگەدان بەوان بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانیان بە جۆرێک لە جۆرەکان، خۆمەینی دەرگای باخی سەوزی نیشانیان دا، بەڵام کەمێک دواتر بە دروشمی "کۆماری ئیسلامی، نە یەک وشە زیاتر، نە یەک وشە کەمتر"، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش و لە ماوەیەکی کورتدا، ئاکامی هاوکاریی و پشتیوانی لە خومەینی‌یان دیت! ئەندامە دیارەکانی حیزبەکانی "توده" و "نهضت آزادی" ئەوانە بوون کە هەر زوو ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێی تەلەفیزیۆنی کران. "کیانووری"، "ئیحسان تەبەری"، "عیزەتوڵڵا سەحابی"،" قوتبزادە" و هتد، یەکەم ئەکتەرەکانی زۆرەملێی ئەم نمایشە کۆمیدییە بوون. لەم نێوەشدا دانپێدانانەکانی"ئیحسان تەبەری" یەکێک لە گەورەترین تیۆریسیەنەکانی چەپ و پێغەمبەری مەعنەویی حیزبی توودە، لە هەموویان جیاوازتر بوو. دانپێدانانەکان کە بە پشت‌بەستن بە هەندێک بەڵگەنامە لەژێر چاودێری "حوسێن شەریعەتمەداری"دا، بوو بە هۆی پەخشکردنی زنجیرەیەکی فرە بەش لە تەوبەی "ئیحسان تەبەری". تەنانەت کتێبێک بە ناوی"کژراهه" (لە ڕەتکردنەوەی کۆمۆنیزمدا) بە ناوی ئەوەوە بڵاوکرایەوە. ئەوەی کە لە بەندیخانەی ڕێژیمدا چ بەڵایەک بە سەر بیردارێژی گەورەی حیزبی توودە هات کە لە کۆتاییدا ناچاریان کرد بڵێ: "من بە سەرپەرشتی و ڕێنمایی لێکۆڵەری ئازیزم موسڵمان بووم"، تەنها خودا دەزانێت. خومەینی تەنانەت بەزەیی بە یەکێك لە گەورەترین مەلاکانی شیعەشدا نەهاتەوە و"ئایەتوڵڵا شەریعەتمەداری"، پیاوێکی ئایینی و بەساڵاچووی دیاری شیعە، لە یەکەم کەسەکان بوو کە لە تەلەفیزیۆنەوە ناچار بە خوێندنەوەی تۆبەنامە و دانپێدانانی زۆرەملی کرا! بە تێپەڕبوونی کات قەبارەی دانپێدانانی زۆرەملی نەک هەر کەم نەبۆوە، بەڵکوو هەم لە ڕووی ژمارە و هەم لە ڕووی فراوانی دانپێدانانەکانەوە زیادی کرد. ئەگەر له سەرەتادا تەنیا كەسایەتییه سیاسییه دیار و خاوەن پێگە کۆمەڵایەتییەکان بوون كه به زۆر ناچار بەوەیان دەکردن، ئێستا ئەندامانی ساده و ئاسایی ئۆپۆزیسیۆن بوو کە له تۆقی ئەشكەنجه و دانپێدانانی زۆرملێ پارێزراو نەبوون. دانپێدانانی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی حیزبه‌ كوردییه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن یان سازمانی موجاهه‌دینی خه‌ڵق به‌شێكی نوێی سێناریۆی رێژیم بوو. لوتکەی ئەم دانپێدانانە بۆ ساڵی 1367هەتاوی دەگەڕێتەوە کە هەزاران زیندانی کە زۆربەیان ئەندامی ڕێکخراوی موجاهدین و هەندێک لە گرووپە چەپەکان بوون لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردا ناچار کران قسەی دڵخوازی ڕژیم بکەن کە دوایەش بەشی هەرە زۆریان ئێعدام و کۆمەڵکوژ کران. شەپۆلی داهاتووی دانپێدانانی زۆرەملی پەیوەندی بە خوێندکاران و ڕووداوەکانی زانکۆی تارانەوە هەیە کە لەودا سەدان خوێندکاری بێتاوان ناچار بوون دان بە گوناهی نەکردوویان بێنن. "قەتڵە زنجیرەییەکان" و دانپێدانانی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی پلەبەرزی ڕێكخراوی ئیتلاعاتی ڕێژیم وەک "سەعید ئیمامی" به‌شێكی دیكه‌ له‌ دانپێدانانی زۆره‌ملێن. داخستنی بەکۆمەڵی ڕۆژنامەکان و دەسبەسەرکردنی زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان و دانپێدانانیان لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی محەممەد خاتەمی، گۆشەیەکی تری تاڵی چیرۆکی ئەشکەنجە و دانپێدانان لە کۆماری ئیسلامی‌دایە. جێگەی سەرنج ئەوەیە کە دوای ڕووداوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماریی ساڵی 1388 هەتاوی ئەو جار خودی لایەنی ڕێفۆرمخوازی ڕێژیم بوون بە بەشی تازەی زنجیرەی دانپێدانانی زۆرەملێ. خەزەڵوەری 1398 هەتاوی و ناڕەزایەتی بەرامبەر گرانیی نرخی بەنزین و دیسان دوپاتەی چیرۆکی کوشتن و دەستبەسەرکردن و دانپێدانانی زۆرەملێ بە هەزاران کەس. بەم ئەم لیستە دوورودرێژه، دەبێ دانپێدانانی وێبلاگنووسەکان، دانپێدانانی بەڕێوەبەرانی ئەو ماڵپەڕانەی کە پێیان دەوترێ پۆرن، دانپێدانانی تێکدەرانی بازاڕەکانی زێڕ، دراو، شەکر، برنج و هتد، دانپێدانانی کەمینە ئایینییەکانی سوننە، بەهایی و دەروێشەکانی گۆنابادی و... دانپێدانانی ژمارەیەک مۆدێلی سۆسیال‌مێدیا یان ئەوەی پێیان دەوترێت شاخی مەجازی! و دەیان کەسی تریشی زیاد بکەین. ئێستاش لە نوێترین ئەڵقەی ئەم بەرنامە کۆمیدییەدا، دانپێدانانی ژمارەیەک ژنی ناڕازی و دژ بە حیجابی زۆرەملێیە کە دەیبینین. ئاوردانەوەیەکی کورت بە هەموو ئەم دانپێدانانە زۆرەملێیانەوە، دەمانباتە سەر هەندێک وشەی سەرەکیی دژەشۆڕش، خیانەت، لادان، سیخوڕی و پەیوەندی بە خزمەتگوزارییە بیانییەکانەوە. لە ڕاستیدا سەرەڕای ئەوەی لە سەرەوە باسمان کرد، کۆمەڵێک کەسی بەرفراوان بە رێبازی جیاوازەوە ناچاربە دانپێدانانی زۆرەملێ بوون، بەڵام بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە، هەموو دانپێدانانەکان بە جیاوازییەکی کەم لە یەکتر دەچن و وەشانێکی پێشوەختە ئامادەکراون. تەواوی ئەو دانپێدانانە بە دوو ئامانجی سەرەکییەوە هاتنە نێو بەرنامەی کاری ڕژێمەوە؛ سەرەتا ڕێژیم هەوڵی دا خەڵک ڕازی بکا کە ڕێگای سەرەکی و لەڕاستیدا تەنیا ڕێگای پێشکەوتن و "صراط مستقیم" ئەو ڕێگایەیە کە ویلایەتی فەقیهـ نیشانی داوە و ئەو میتر و پێوەرە بۆ جیاکردنەوەی ڕاستی و درۆ. بە تێپەڕبوونی زەمەن و دەركەوتنی سروشتیی ڕێژیم، دەگمەنە كەسێك بدۆزرێتەوە كە متمانەی بەم دانپێدانانە زۆرەملێیانە هەبێت. لە ڕاستیدا خەڵکی بەگشتی پێیان وایە ئەوەی مێدیای کۆماری ئیسلامیی دەیڵێ لە بنەڕەتدا درۆ و بێ‌بنەمایە و رێژیم ئیدی چاوی ڕەشی کاڵ بۆتەوە و هەزار قسە بە پووشێک. چاوخشاندنه‌وه‌ بە‌ زۆرێك له‌ كۆمێنته‌كانی کەسانی نێو حكوومه‌ت به‌ڕوونی ئاماژه‌ بەوە ده‌كەن كه‌ ڕێژیم قبووڵی كردووه‌ كه‌ ئه‌م جۆرە بەرنامە ته‌له‌ڤیزیۆنیانه‌ هیچ کاریگەرییان نەماوە. بەڵام پرسیار ئەوەیە، سەرەڕای زانینی ئەمە ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە درێژەدان بەم پڕۆسەی هەڵەیە چییە؟ ئامانجی دووهەمی كۆماری ئیسلامی لەم کارە نیشاندانی جۆرێك له‌ ده‌سه‌ڵات به‌ بۆچوونه‌ دژبەرەکانە. له‌ ڕاستیدا کۆماری ئێسلامی دەیهەوێ ئاشکرا وه‌بیر نه‌یارانی بێنێته‌وه‌ كه‌ هیچ باكی لە دژایه‌تیی ڕای گشتی نییه‌ و سه‌ركوتكردن و دانپێدانانی زۆرەملێ به‌ به‌شێك له‌ پرۆسەی حوکمڕانیی خۆی دەزانێت. بەپێچەوانەی ئامانجی یەکەم کە بە تێپەڕبوونی کات بەتەواوی کاڵ بووەتەوە، ئامانجی دووهەم زۆر زیاتر لە ڕابردوو  لەلایەن ڕێژیمەوە پێداگریی لەسەر دەکڕێت. ئەگەركۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە لەگەڵ گەلەكەیدا ئاشت ببێتەوە، بەئاشكرا لە دژی گەلەكەی چووەتە شەڕەوە و توندوتیژیی ڕووت بەشێكی نوێی ئەم ستراتیژییەیە. هەربۆیە کۆماری ئیسلامی بەبێ ترس لە ڕای گشتی، بە هەمان ڕوخساری ئەشکەنجەدراوەوە "سپیدە ڕێشنۆ" دەخاتە بەردەم کامێرا و تەنانەت چاوەڕێی چەند ڕۆژێکیش ناکا تا کوتران و هەڵمسانی ژێر چاوی چاک بێتەوە. کۆماری ئیسلامی دەزانێ کە کەس نییە ئیتر باوەڕ بە نمایشە گاڵتەجاڕەکەی بکات. ئەو تەنیا دەیەوێ نیشانی نەیارانی حیجابی زۆرەملی بدا که به زووترین کات دەگیرێن و ناچار دەکرێن بە دانپێدانانی زۆرەملێ. چاندنی تۆوی ترس لەنێو کۆمەڵگە و تاکتیکی هێرشکردن لە جیاتی بەرگری پلانی تازەی ڕێژیمە. بەڵام ئەوەی کۆماری ئیسلامی نایزانێ یان باشتر بڵێم نایەوێت بیزانێ، کاردانەوەی خەڵکە بەرامبەر بەم توندوتیژییە ڕووتە. دەمێکە خەڵک وازیان لە ترس هێناوە، ئێستا کەسێک کە لە کەمینەدایە و دەبێت ئاگاداری خۆی بێ ئەوە بەکرێگیراوانی ڕێژێمن. خەڵکی ئاگادار لە ماف و ڕاستییەکان، ئێتر بەئاسانی ناچنە نێو قەفەسی بیری ئیشک و بێ‌بنەمای کۆماری ئێسلامی. ئازایەتی بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر هەر ڕۆژ زیاتر دەبێت, ڕۆژێک پریشکێک دەبێتە هۆی ئاگرێکی گەورە و دۆمینۆی ئەم سیستەمە گەندەڵە لە ڕەگەوە هەڵدەوەشێنێتەوە.