کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاشتبوونەوەی دوو کۆرە و ئەگەرەکانی دواتری

17:24 - 7 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بۆ یەکەمین جار سەرۆکی کۆریای باکوور بەمەبەستی وتووێژی دوولایەنە لەگەڵ کۆریای باشوور، سەردانی ئەم وڵاتەی کرد.

ڕێبەرانی هەر دوو وڵاتی کۆریای باکوور و باشوور سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە خاڵی سنووری نێوان دوو وڵات دیدارێکیان پێکهێنا و لە حاڵێکدا کە کیم‌جوونگ‌ئوون بە پێکەنینەوە لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشوور قسەی دەکرد، بۆ ئەنجامدانی هەندێک وتووێژی دوولایەنە سەردانی ئەم وڵاتەی کرد.

بەپێی هەواڵەکان بڕیار وایە ئەم چاوپێکەوتنە سەرەتای کۆتایی هێنان بە شەڕی فەرمی ٦٥ ساڵەی نێوان دوو وڵات بێت.

بەڕای کارناسان ئاشتبوونەوەی دوو کۆرە لە ڕووی سیاسییەوە، کارتێکەری زۆری لەسەر داهاتووی ئێران دەبێت؛ ئاگری ئیسماعیل‌نژاد چالاکی سیاسی لە لاپەڕەی فەرمی خۆیدا لە فەیسبووک وتوویەتی: هەنووکە سێ کێشەی نێودەوڵەتی ئێران بریتین لە: یەکەم، داهاتووی درێژخایەنی پرۆژەی ناوکی، دووهەم موشەکی بالستیک و سێهەم دزەی ئێران لە وڵاتانی عەرەبی_ئیسلامی.

بە وتەی ناوبراو ناوەندە ئەمنییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە کۆرەی باکوور، هەم لە پڕۆژەی ناوکی نهێنی( ئەو پرۆژەی کە شیمانە دەکرێت کۆماری ئیسلامی بە شاراوەیی و دوور لە چوارچێوەی بەرجام هەبێت) یارمەتیدەری ئێران بووە و هەمیش لە پرۆژەی موشەکی بالستیکی ئێران سەرچاوەی زانستی ئێرانییەکانە، بێ گومان لە ئاشت بوونەوەی دوو کۆرە، یەکێک لە رێککەوتنەکانییان ئەوە دەبێت کە زانستی ناوکی و موشەکی نەدرێتە ئێران، ئەوە گرینگترین قۆناغی بەرتەسککردنەوەی کۆماری ئیسلامی لە سەرەڕۆییە دەرەکییەکانی دەبێت، چونکە مووشەکی وشکاڕۆپێوی ئێرانی کە ئێران بەهۆیەوە هەرەشە لە ئەرووپا دەکرد، خۆی توانایی سازکردنی نییە و گومان دەکرێ زانستەکەی لە کۆرەی باکوور کڕیبێت.

ناوبراو دەڵێ: سەرەڕای ئەوەش ئەگەری ئەوە هەیە لە بەرانبەر هێندێ دەسکەوت، کۆرەی باکوور زانیارییە نهێنییەکانی خۆی لەسەر پرۆژەی ناوکی ئێران و پرۆژەی موشەکی ئێران بداتە ئامریکا، لەگەڵ ئەوەیکە دەزگای زانیاری ئامریکا_ ئیسرائیل لەسەر ئێران زانیاری بەربڵاویان هەیە و کێشەی ئەوان لەسەر ئێران زانیاری نییە، بەڵام بە هۆی هەستیاری ئەو بابەتە ئەگەر لە دانیشتنی ئامریکا و کۆرەی باکوور زانیاری لەسەر ئێران بدرێتە ئامریکا ئەو زانیارییانە لەسەر داهاتووی بەرجام و گەمارۆی نوێی ئابووری لەدژی ئێران کارتێکەری زۆری دەبێت!!

بەوتەی ناوبراو بێگومان لەوە بەوەلاوە ئێران لەسەر پرۆژەی موشەکی بالستیکیش لەلایەن ئەورووپاییەکانەوە گەمارۆی دەخرێتە سەر!!