کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاشکرا بوونی گەندەڵییەکانی سەعید مورتەزەوی

20:20 - 4 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: پارێزەرێکی کرێکارانی دامەزراوەی تامین اجتماعی گەندەڵییەکانی سەعید مورتەزەوی ئاشکرا کردووە.

مستەفا تورک هەمەدانی، پارێزەری کرێکارانی تامین اجتماعی له وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرق لە بارەی دۆسییەی گەندەڵییە ماڵییەکانی سەعید مورتەزەوی، باسی لەوە کردووە: که ناوبراو له کارنامەکەیدا هەر لە فرۆشتنی پرسیارەکانی کونکووری سەرانسەری بگرە هەتا دزی کردن له دامەزراوەی تامین اجتماعی و تووقاندنی پارێزەری سکاڵاکەرەکان و بەخشینی کارتی دیاریی به نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم، تۆمار کراوە.

هەروەها ئاماژەی به دۆسییەی لێکۆڵینەوە مەجلیس و دۆزگەری ڕێژیم له ساڵی ١٣٨٦ هەتاوی کردووە، که عەباسی پالیزدار، گەندەڵی هەندێک له بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی ئاشکرا کردبوو و ناوی سەعید مورتەزەویشی تێدا بووە، جێگەی ئاماژەیە که عەباسی پالیزدار بە بۆنەی ئاشکرا کردنی گەندەڵییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم به ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.
مستەفا تورک هەمەدانی، باسی له بەرپرسایەتی سەعید مورتەزەوی له دامەزراوەی تامین اجتماعی کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، که لە کاتی بەرپرسایەتی ناوبراو لەو دامەزراوەیە، چەندین دزی و دەسبەسەر داگرتنی دارایییەکانی خەڵک ڕووی داوە.

لە کارنامەی گەندەڵییەکانی مورتەزەوی، لە گەندەڵییەکانی بابەک زەنجانی و مەحموود ئەحمەدی‌نژادیش دەستی هەبووە
لە لایەکی دیکەشەوە، ناوبراو له پێوەندی لەگەڵ دەسبەسەرکراوانی زیندانی کەهریزەک و ئەشکەنجە و دەسدرێژی بۆ سەر دەسبەسەرکراوان له ساڵی ١٣٨٨ هەتاوی به دوو ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەر بناغەی گەندەڵی دامەزراوە و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە به شێوەی سیستماتیک و به پیلان بە دابەشکردنی پۆستە حکوومەتییەکان له نێوان خۆیان، پرۆسەی گەندەڵی لە ئێران دەبەنە پێش، بەڵام جاروبار بە هۆی کێشەی نێوخۆیی خۆیان و کڵاولەسەرنان له نێو خۆیان دەستەویەخە دەبن و دۆسییەکانی یەکتر دەخەنە ڕوو و لە دە ساڵی ڕابردوودا زۆرترین گەندەڵی لە لایەن خۆدی بەرپرسانی ڕێژیمەوە ئاشکرا کراوە.