کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران بڕیاری دا

15:26 - 28 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: دوای ئاشکراکردنی ستراتێژی نوێی ئامریکا لە لایەن دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا، ناوبراو ڕێژیمی ئێرانی وەک هەڕەشەیەک وەسف کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان کۆشکی سپی لە بارەی ستراتێژی نوێی ئامریکا لەبارەی ئێران بڵاوی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیە و دەبێ دژی ئەو ڕێژیمە بوەستینەوە.

لە ستراتیژی نوێی ئامریکا باس لەوە کرا کە جیا لە ڕێژیمی ئێران و گرووپە تێرۆریستییەکان، کۆریای باکووریش هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئامریکا و ئێمە دەبێ بەرەنگاری ئەو مەترسییانە ببینەوە.

بەگشتی ستراتێژی نوێی ئامریکا سەبارەت بە ئێران و کۆریای باکوور لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە:

- رووبەڕووی ئەو مەترسییانە دەبینەوە دیکتاتۆرییەت لە ئێران دروستیکردوون.

- دیکتاتۆرییەتی کۆریای باکوور و کۆماری ئیسلامی بوونەتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە.

- کۆریای باکوور و کۆماری ئیسلامی بوونەتە هەڕەشە بۆسەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، هەروەها بوونەتە مایەی ئازار بۆ خەڵکەکەیان.

- ئێران پشتیوانی لە گرووپە تیرۆرستییەکان دەکات و بەئاشکرا داوای وێرانکردنی ئێمە دەکات.

- ئامریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی رووبەڕووی گرووپە تیرۆریستە بیانییەکان دەبێتەوە کە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکەمان لە نێویاندا ئەو گرووپانەی لەلایەن ئێران پشتیوانیان دەکرێت، وەک حیزبوڵڵا.

- ئێران لە سەرانسەری جیهان پشتیوانی لە تیرۆر دەکات، سوودی لە ناسەقامگیری وڵاتان بینیوە بۆ فراوانکردنی هێژمۆنی لە رێگەی گرووپە بە وەکالەتەکانی.

- هەڕەشەکانی رێکخراوە تیرۆریستە جیهادییەکان و ئێران ئەو راستییەیان دەرخستووە کە ئیسرائیل هۆکاری کێشەکانی ناوچەکە نییە.

- لەگەڵ هاوبەشەکانمان کاردەکەین بۆ ئەوەی رێگری لە ئێران بکەین، تاکوو دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات.

- لەگەڵ هاوبەشەکانمان کاردەکەین بۆ نەهێشتنی کاریگەی و چالاکییە خراپەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.

پێشتریش ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، سەرکۆماری ئامریکا ستراتێژی خۆی دژی ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاند که دوو وڵاتی عەرەبستانی سعوودی و ئیسرائیل پشتیوانییان لە هەڵوێستەکانی ئامریکا دژ بە ڕێژیمی ئێران کرد.