کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا و هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی، دەستێوەردانی ئێرانیان لە یەمەن مەحکووم کرد

14:12 - 9 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: ئامریکا و سێ وڵاتی ئورووپایی لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، پێبەند نەبوون و پێشیلکردنی بڕیارنامەی ٢٢١٦ی شۆرای ئەمنییەت، سەبارەت بە یەمەنیان لە لایەن ئێرانەوە مەحکووم کرد.

ئەم ڕاگەیەندراوە ڕۆژێک پاش وتۆ کردنی ڕەشنووسی بڕیارنامەی بریتانیا بە نیسبەت یەمەن و ئێران هاتووەتە ئاراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەشەممەی ١٣٩٦ی هەتاوی، ئامریکا و وڵاتانی فەڕانسە، بریتانیا و ئاڵمان ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بە نیسبەت پێبەند نەبوونی ئێران بە بڕیارنامەی ٢٢١٦ی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە نەدانی چەکوچۆڵ و کەرەستەی سەربازی بە یەمەن، بڵاوی کردەوە و لەو ڕاگەیەندراوەدا چالاکی و دەستێوەردانەکانی ڕیژیمی ئێرانیان لە یەمەن مەحکووم کردووە.

ئامریکا و هاوپەیمانەکانی هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەدا، داوایان لە ئێران کردووە، هەتا بە خێرایی هەر جۆرە چالاکییەک کە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢١٦ی شۆرای ئەمنییەت ڕابگرێت.

ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەشەممە بریتانیا ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی ئامادە کردبوو، کە سەرەڕای درێژکردنەوەی گەمارۆی چەکوچۆڵی یەمەن بۆ ماوەی یەک ساڵی دیکە، ئێرانی بە هۆی ناردن و دانی مووشەکی بالستیکی بە حووسیەکان تۆمەتبار کردبوو.

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پشتڕاستی کردۆتەوە کە مووشەکە بالستیکییەکانی دروستکراوی ڕێژیمی ئێران لە لایەن میلیشیا شێعەکانی یەمەنەوە کەڵکیان لێ وەرگیراوە.