کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی سزا دا

20:49 - 5 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: لە یەکەم کاردانەوە بە بڕیارەکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نیسبەت گواستنەوەی پێتەختی ئیسرائیل بۆ شاری ئورشەلیم، ئامریکا یارمەتییەکانی خۆی بە بڕی ٢٨٥ میلیۆن دۆلار بەو ڕێکخراوە کەم دەکاتەوە.

تەنیا یەک حەوتوو پاش دژایەتی زۆرینەی ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نیسبەت بڕیاری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ بە فەرمی ناسینی ئۆرشەلیم وەک پێتەختی ئیسرائیل، رۆژی دووشەممە ٤ی بەفرەنباری ١٣٩٦ی هەتاوی، نیکی هێلی ڕایگەیاند کە ئامریکا بۆ ساڵی ٢٠١٨ی زایینی بڕی ٢٨٥ میلیۆن دۆلار لە یارمەتییەکانی خۆی بۆ ئەو ڕێکخراوە کەم دەکاتەوە.

ئەم کەم کردنەوەیە لە حاڵێک دایە کە ئامریکا هەر ساڵە ٣٠٣ میلیۆن دۆلار یارمەتی ماڵی بەو ڕێکخراوە دەدات، واتە هەر ساڵە ٢٢ لەسەدی بوودجەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن ئامریکاوە دابین دەکرا.

نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر هەڕەشەی کردبوو کە وڵاتەکەی بەشە بوودجەی خۆی بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کەم دەکاتەوە و هەروەها وتبووی: ئێمە ئەم ڕۆژەمان لە بیر ناچێت و ئەو دەنگانە کە بە دژی ئێمە دەدرێن لای خۆمان تۆماریان دەکەین.