کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگر بووە هۆی سووتانی خێوەتی ١٥خێزانی بوومەلەرزە لێدراو

21:05 - 7 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: سوتانی خێوەتێک لە شوێنی مانەوەی بوومەلەرزەلێدراون بووە هۆی سووتانی ١٥ خێوەتی دیکە.

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٦ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، خێوەتی ١٥ خێزانی بوومەلەرزەلێدراوی شاری سەرپێڵ زەهاو لە ئاگردا سووتان و بووە هۆی لە ناوچوونی تەواوی کەلوپەل و ئەو یارمەتییانەی لە لایەن خەڵکەوە پێیان گەشتبوو. ئەم ئاگرە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە.

لەگەڵ تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ بەسەر ڕوودانی بوو،ەلەرزەکەی سەرپێڵ زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان، باری ژیانی خەڵکی ئەم ناوچە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت و ڕێژەی زیانە گیانی و ماددییەکان بەرزتر دەبێتەوە.

ڕێکخراو و ناوەندەکانی ڕێژیم تا ئەم کاتە نەیانتوانییوە کەمپی شیاو بۆ نیشتەجێبوونی لێقەوماوانی بوومەلەرزە لێدراوان دابین بکەن و بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ڕێژیمی ئێران تەنیا ١٠% ئەم خەڵکانە کانێکسیان بۆ دابین کراوە. ڕۆژنامەی آفتاب یزد، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەز، لە ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەل لە سەر ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان وای نووسیبوو کە: بۆ هەر ٣ یا ٤ بنەماڵە تەنیا یەک کانێکسی ٣ لە ٤ مەتری دراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا بەشێكی زۆری زیان لێكەوتووان کانێکسیان پێ نەدراوە، هەر لەو بارەوە قاسم جاسمی نوێنەری ڕێژیم ڕایگەیاند: تا ئێستا تەنیا ١٠% کانێکسی پێویست بۆ ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان دابین کراوە.

بەپێی ڕاپۆرت و فیلمە بڵاوکراوەکان ، خەڵکی زیان لێکەوتوو هۆکاری ئەم پشتگوێخستنەی ڕێژیم دەگەڕێننەوە بۆ کورد بوونیان و پێیان وایە تەنیا هۆکاری هاوکاری نەکردنیان لە لایەن ڕێژیمەوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردبوونیان و بەرپرسانی ڕێژیم لەو بارودۆخەی کە خەڵکی کرماشان تێیکەوتوون ڕازین و پێیان خۆشە.