کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ سەردانی حیزب و رێکخراوە کوردییەکان لە پارلمانی برێمن

17:53 - 2 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ ئاڵمان و چوندین نوێنەری حیزب و رێکخراوە کوردییەکان سەردانی پارلەمانی برێمن\'\'یان کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی ٢٩ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی نوێنەرانی حیزب و رێکخراوە کوردییەکان سەردانی پارلەمانی ئەیالەتی برێمنیان کرد و لە گەڵ هەردوو پارلەمانتار ئوولریکا هیلەر و رووکێن ئایتاس پارلەمانتاری فراکسیۆنی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان چاوپێکەوتنیان کرد.

نوێنەری حیزبە سیاسییەکان چەپکێک گوڵ بە مەبەستی ئاشتی و تەبایی نێوان نەتەوەکانی جیهان و بە بۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە پێشکەش بە خاتوو ئوولیکا هیلەر ئەندام پارلەمان لە فراکسیۆنی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان کرد.

لەو سەردانەدا شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەسەرپەرستی شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب بەشداری ئەو دیدارە تایبەتییە بوو.

سەرەتا لەلایەن خاتوو رووکین ئایتاس پارلەمانتاری بە رەگەز کورد پێشوازیان لێکرا و بەبۆنەی نەورۆز جێژنی نەتەوەیی کورد و دەستپێکی ساڵی نوێوە ، وتەیەکی پێشکەش کرد.

ئایتاس لە قسەکانیدا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ ئەم دیدارە، پشتیوانی خۆی بۆ گەلی کورد دەربری و وتی کە هەموو تواناکانی خۆی لەو بارەوە دەخاتە گەڕ و شانازی دەکات کە دۆست و هاورێیەکی نزیکی پارت و رێکخراوەکانی هەرچوار پارچەی کورستانە.

دواتر خاتوو ئوولیکا هیلەر قسەی بۆ میوانەکان کرد و پرژایە سەر پرسی شەڕی کورد لە دژی رێکخراوی تێرۆریستی داعش. ناوبراو لەو پەیوەندییەدا وێڕای بەرزنرخاندنی قارەمانییەتی و بەرگری پێشمەرگە و شەڕڤانانی کورد لە عێراق و سووریە لەدژی تێرۆریسیم ، هاوسۆزی و پشتیوانی خۆی و حیزبەکەی بۆ گەلی کورد دەربڕی.

پاشان هەردوو پارلەمانتار بە وردی گوێیان بۆ قسە و باسی نوێنەرانی حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان گرت.

شەهریار نەقشبەندی لە وتەیەکیدا رووبە هەردوو ئەندام پارلەمانتار ، باسی گێرانی رۆڵی نەرێنی کۆماری ئیسلامی لە شەری دژی داعش کرد و وتی کە: ناکرێ ئەوە لەبەر چاو نەگرین کە ئەو رێژیمە رۆڵێکی زۆر خراب لە ناوچە و بەتایبەت لە شەڕی دژی داعش دەگێڕێ و پێویستە هەموولایەک هەوڵی ڕێگرتن لە سەرەرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی بدەن .

نەقشبەندی باسی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە ناوخۆی وڵات و بەتایبەت لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئە ورێژیمە کرد.

لەبەرانبەردا خاتوو ئوولیکا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی نەقشبەندی ، بەداخبوونی خۆی لەو دۆخە نالەبارە دەربری و هیوای خواست کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی سنوورێک بۆ ئەو سەرەرۆییانە دابنێن.

لە کۆتایی ئەو دیدارەدا هەردوو ئەندام پەرلەمان پیرۆزبایی خۆیان بە بۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە پێشکەش بە نوێنەرانی حیزبەکان و گەلی کورد کرد.

گادەر. د