کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازاڕییانی سەقز جارێکی دیکە مانیان گرت

16:06 - 8 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە درێژەی مانگرتنی دووکانداران و بازاڕییانی شارە سنوورییەکانی کوردستان، جارێکی دیکە بازاڕییانی شاری سەقز مانیان گرت و دووکان و بازاڕییان داخست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ ٨ی بانەمەڕ بازاڕییانی شاری سەقز بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نەشیاوی ژیان و پشتیوانی لە مانگرتنەکانی شاری بانە خۆیان لە کردنەوەی دووکان و بازاڕ بوارد و پەیوەست بە مانگرتووان بوون.

شاری بانە ماوەی زیاتر لە ١٢ ڕۆژە بەردەوامە لە مانگرتن و بێ گویدان بە هەڕەشە و گوڕەشەکانی ڕێژیم داوای مافە ڕەوا و پێشێلکراوەکانیان دەکەن.

لە ڕێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوەوە بازاڕیان و دوکاندارانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ لەهەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان و زۆربوونی تعرفە‌های گمرکی مانیان گرتووە و داوای کرانەوەی سنوورەکانیان دەکەن.

بەرینتر بوونەوەی مانگرتنی دوکانداران و بازاڕییانی کوردستان بە هۆی داخرانی سنوورەکان و داخوازی کاسبکارانی شارەکانی کوردستان،
سەعید جەلیلی نوێنەری ڕێژیم لە شۆرای باڵای ئەمنییەتی هێنایە شاری بانە کە لە کاتی لێدوانیدا بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی مانگرتووان قسەکانی تەواو نەکرد.

هەرچەند بەرپرسانی ڕێژیم لەم شارانە بەردەوام هەوڵ دەدەن بە دانی وادە و بەڵێنی درۆیین، کەشی زاڵ هێور بکەنەوە بەڵام خەڵکی مانگرتوو بۆیان دەرکەوتووە کە ئەم چەشنە بەڵێنانە تەنیا درۆیەکی بێ بنەمان و ناچنە بواری جێبەجێکردنەوە.