کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازاڕییانی سەقز: حکومەت هۆکاری بڕینی نانی خەڵکە!

16:05 - 9 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: لە کۆبوونەوەی فەرماندار و بەرپرسانی ئەمنی ڕێژیم لە شاری سەقز لەگەڵ بازاڕییانی ئەم شارە، خەڵک دژکردەوەیان بەرامبەر بە قسەی بەرپرسانی ڕێژیم نیشان دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێکەوتی ٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری و نوێنەری دەوڵەت لە سەقز بە چاوساغی چەند کەسێکی سەر بە ڕێژیم کۆبوونەوەیەکیان بۆ بازاڕییان و کاسبکارانی ئەم شارە لە پاساژی ئەڵماسی غەرب بەرێوە برد.

لەم کۆبوونەوەیەدا وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێ، نوێنەرانی ڕێژیم هەوڵیان دا تاوانی وەزعییەتی خراپی ئێستای ژیان و گوزەرانی خەڵک لە ملی خۆیان داماڵن و بیخەنە ئەستۆی دوژمنانی فەرزی! .

بەپێی ئەم هەواڵە، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا خەڵک زۆر ڕاشکاوانە بە فەرماندار و شاندەکەیان وتووە: ئێمە دڵنیاین کە ئێوە هیچ کارێک بۆ ئێمە ناکەن و داخرانی مەرزەکان بە درێژکراوەی ئەنفال و قڕکردنێک دەزانین کە لە کەرکوک و عەفرینەوە بە شێوەی ئاشکرا دەستی پێکردووە و لە ڕۆژهەڵاتیشدا بە شێوەی داخستنی ڕێگای کاسبی و بڕینی نانی سفرەی تاک تاکی گەلی کورد لەم پارچەی کوردستان درێژەی پێدەدرێت.

هەواڵنێری کردستان میدیا لەمبارەوە ڕایگەیاند: بەرپرسانی دەوڵەتی جگە لە وادەی بێ بنەما هیچ وڵامێکیان بۆ داواکاری و قسە و ڕەخنەکانی خەڵک نەبووە و کۆی گشتی قسەکانیان ئەوەی بە بەردەنگ و بیسەر دەسەلماند کە هیچ شتێک چاک نابێت و لەمەش خراپتر بەڕێوەیە.

هەنووکە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا قەیرانە ئابوورییەکان بەهۆی داخرانی بازاڕچە سنوورییەکان چەند قات زیاترە و کاسبکاران و بازاڕییان وێڕای خەڵکی ئاسایی گیرۆدەی بێکاری و هەڵاوسانی بازاڕ بوون.