کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باندێکی ئێرانیی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتی ئاڵمان ئاشکرا کرا

17:44 - 9 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: باندێکی مافیایی ماددە هۆشبەرەکان، کە سەرۆکەکەیان کەسێک ئێرانی بووە، لە وڵاتی ئاڵمان، لە لایەن پولیسەوە ئاشکرا کرا.

بەپێی هەواڵدەرییەکانی ئاڵمان، پولیسی ئاڵمان، لە بینای کەسێکی ئێرانی کە سەرۆکی باندێکی مافیایی ماددە هۆشبەرەکانە، دەستی بە سەر ٧١ کیلۆ ماددەی هۆشبەر و ٤٠٠ هەزار یوورۆ پارەی نەخت گرتووە.

ڕۆژی ٧ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، کەسێکی دووناسنامەیی (ئاڵمانی ـ ئێرانی) کە هێشتا ناوونیشانی ئاشکرا نەکراوە، بە تۆمەتی ئەوەی کە ماددەی هۆشبەری لە ئاڵمانەوە بۆ ژاپۆن، ئوسترالیا و ئامریکای باکوور ناردووە، لە شاری دووسلدورفــی ئاڵمان لە لایەن پولیسەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەم باندە لەگەڵ قوربانیانی خۆیان پێوەندییان دروست کردووە و لە بەرانبەر دانی پارەیەکی کەم و تێچووی سەفەرەکەیان ماددەی هۆشبەریان بە جانتا و لە نێو شتومەکی سەفەر بۆ وڵاتانی دیکە گواستووەتەوە.

هەر بەپێی هەواڵدەرییەکانی ئاڵمان، پولیسی ئەم وڵاتە ساڵی ڕابردوو، کۆمەڵێک کەسی دەسبەسەر کردووە، کە لە ئێرانەوە ماددەی هۆشبەریان بۆ ئاڵمان بردووە.

لەم پێوەندییەدا، چەندین ڕاپۆرت لە هەواڵدەرییە جیهانییەکان بڵاو کراوەتەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە، کە سپای پاسدارانی ڕێژیم ماددە هۆشبەرەکان بۆ وڵاتانی دەرەوە هەناردە دەکات.