کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلومبێرگ: شەپڵە لە بازاڕە بازرگانییەکانی ئێرانی داوە

15:47 - 11 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: سیاسەتە ناڕوونەکانی ئیدارەی ترامپ سەبارەت بە بەرجام و ئەگەری کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، ئابووریی ئێران بە گشتی و بازاڕی دراو و بازاڕە بازرگانییەکانی ئەم وڵاتەی بەتایبەتی، تووشی شەپڵەلێدان و گۆج بوون کردووە.

هەواڵدەریی بلومبێرگ لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە دواڕەوشی ئابووریی ئێران و کاریگەرییەکانی ئامریکا لەسەریان ڕاپۆرتێکی بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، بەهۆی سیاسەتە ناڕوونەکانی ئیدارەی ترامپ سەبارەت بە بەرجام و ئەگەری کشانەوەی ئامریکا لێی، ئابووریی ئێران گۆج بووە!
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: دابەزینی نرخ و بایەخی دراوی ئێران بەهۆی ئاڵۆزییە سیاسییەکانی نێوان ئامریکا و ئێرانە، کە بووەتە هۆکارێک لەمەڕ هاتنەئارای کۆمەڵێک گۆڕانکاری هەستپێکراو کە بازاڕی دراو و بازرگانیی ئێرانیان بە تەواوی لاواز کردووە.

بلومبێرگ لە زاری بەڕێوەبەری یەکێک لە کۆمپانیا ئێرانییەکانەوە بڵاوی کردۆتەوە کە بەهۆی بارودۆخی نەشیاوی بازاڕ و دراو، ڕۆژانە بە کردەوە هیچ کارێکی بەکەڵک و قازانجهێنەر ئەنجام نادرێت و بەگشتیی وڵات بەردەوام لە پاشەکشە کردندایە.

لە دوابەشی ئەم ڕاپۆرتەشدا هاتووە: هەرچەند کە بەرپرسانی ڕێژیم هەوڵ دەدەن دوژمنە ناوچەییەکان بە هۆکار و بڕیاردەری دابەزاندنی نرخی ڕیاڵ بە خەڵکی ئێران بناسێنن بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە ئەگەری چوونەدەرەوەی تاکلایەنەی ترامپ لە بەرجام و بەڕێوەبەریی ناکارامەی لێپرسراوانی ئێرانییە.