کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوردمانی بنکەکانی ڕێژیمی ئێران لە سوریە

16:31 - 10 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، کوژرانی دەیان پاسدار و وێرانی پایگاکانی لێکەوتەوە.

رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٩ بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، هێرشی مووشەکی کرایە سەر پایگاکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری حەما و حەلەب لە سوریە و خەسارێکی زۆر بەو پایگانە گەیشت؛ چاودێری مافی مرۆڤ لە سوریە هەواڵی کوژرانی ٢٦ نیزامی بڵاو کردەوە کە لە هێزەکانی ڕیژیمی ئێرانن.

دەوڵەتی سوریە ڕایگەیاندووە کە لەو پایگانەدا هێزەکانی ڕێژیمی ئێران جێگیر بوون و میدیاکانی ئەو وڵاتە وێنەی وێرانکراوی پایگاکانیان بڵاو کردوەتەوە، بەڵام تەنیا ڕایانگەیاندووە کە کاری دوژمنان بووە و وردەکارییەکان و ئاماری ڕاستەقینەی کوژراوان و خەسارەکانی ئەو پایگانە تا ئێستە بڵاو نەکراوەتەوە.

هەتا ئێستە دیار نییە کە ئەو هێرشانە لە لایەن کام وڵاتەوە کراوە، بەڵام توندی و گەورەیی ئەو هێرشە لە ئاستێکدا بووە کە تەقینەوەکان بوونەتە هۆی بوومەلەرزەیەکی ٦/٢ ڕیشتری لەو ناوچەیە؛ میدیاکانی ڕێژیمی سوریە وتوویانە ئەگەری هەیە ئەم هێرشە لە لایەن ئیسرائیلەوە کرابێت.

سەرچاوە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئەسەد ڕایانگەیاندووە کە ئەو هێرشانە زۆرتر لە ٤٠ کوژراو و ٦٠ برینداری هەبووە و باسیان لەوە کردووە کە ١٨ کەسیان لە هێزەکانی ڕێژیمی ئیران بوون، بەڵام سەرچاوە ناوچەییەکان باس لەوە دەکەن کە زۆرینەی کوژراوان لە پاسدارەکانی ڕێژیمی ئێرانن و زیاتر لە ١٠٠ کەسیان کوژراوە.

ئیسرائیل بە بەردەوامی ڕایگەیاندووە کە کێشەی سەرەکی ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست ڕێژیمی ئێرانە و ناهێڵن کە میلیشیاکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکە بە تایبەت سوریە جێگیر ببن، بەڵام هەتا ئێستە ئیسرائیل ئەو هێرشەی بە ئەستۆ نەگرتووە.

ئەمە یەکەمجار نییە کە بنکەکانی ڕێژیمی ئێران لە سوریە بوردمان دەکرێن و پاسدارەکانی ڕێژیمی ئێران دەکوژرێن، بەڵام ئەو ڕێژیمە نەتەنیا هیچ وڵامێکی لە هەمبەر هێرشەکان نەبووە بەڵکوو لە بەرامبەریاندا بێدەنگە.