کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی یادی پێنج ساڵەی کۆچی‏دوایی سکرتێری یەکیەتیی دێموکراتی کوردستانی(سووریە)، ڕێوڕەسمێک لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو

20:37 - 27 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: لە ڕێوڕەسمی یادی پێنج ساڵەی کۆچی‏دوایی سکرتێری یەکیەتیی دێموکراتی کوردستانی(سووریە)، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ئاڵمان، بە سەرپەرستیی ئارێز داراپوور بەرپرسی تەشکیلاتی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات کە بانگهێشتی ڕێوڕەسمەکە کرابوو، پەیامی هاوخەمیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتیان پێشکەش بە ئەندامانی ئەو حیزبە کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە لایەن پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان(سووریە) (PDK-S)، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی پێنجەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی ڕەوانشاد ئیسماعیل عومەر سکرتێری ئەو پارتە، لە شاری هیلدس هایمـی ئاڵمان بە بەشداریی بەرچاوی ئەندامانی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی هەرچوار بەشی کوردستان و کوردانی دانیشتووی ئاڵمان بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ئاڵمان، بە سەرپەرستیی ئارێز داراپوور بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە لایەن بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکەوە بانگهێشت کرابوو. ئارێز داراپوور بەو بۆنەوە وتەیەکی پێشکەش کرد.

داراپوور لە قسەکانیدا وێڕای گەیاندنی پەیامی هاوخەمیی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات، باسێکی تایبەتی لە سەر دۆخی ناوچەکە بەگشتی و کوردستانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی کرد و ڕایگەیاند: دۆخی ئێستای ناوچەکە زۆر هەستیارە و گەلی کوردیش توانیویەتی ببێتە فاکتەرێکی گرینگ لەسەر گۆڕانکارییەکان و کۆمەڵێک دەسکەوتی بەنرخی بەدەست هێناوە کە بێ‏گومان ئەو دەستکەوتانە بە خوێنی گەشی ڕۆڵەکانی نیشتمانەکەمان نەخشێندراون.

داراپوور لە بەشێکی قسەکانیدا لە هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر کوردستان و بەتایبەت کوردستانی سووریە دوا و لەو بارەوە گوتی: ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بە هەموو توانای خۆیەوە و بە پاڵپشتیی هێزە داگیرکەرەکان و یەک لەوان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرشێکی بێ بەزەییانەی بۆ سەر کوردستان لە باشوور و ڕۆژئاوا دەست پێکرد و خەڵکێکی زۆری شەهید، بریندار و ئاوارە کرد، بەڵام بەهۆی فیداکاری و قارەمانەتی ڕۆڵەکانی گەلی کورد زۆربەی ئەو هێرشانە تێکشکێندران و ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاوات دەخوازین کە حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا بە هەست‌کردن بە بەرپرسیارەتییەک کە لەسەر شانیانە، زیاتر ڕیزەکانی خۆیان یەک بخەن و بە گیانی تەبایی و برایەتییەوە نیشتمانەکەمان بپارێزن.