کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی رێژیمی ئێران لە کۆنفڕانسی مۆنیخ، ناڕەزایەتیی لێ کەوتەوە

12:39 - 14 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: لە خۆپیشاندان دژی بەشداریی نوێنەری رێژیمی ئێران لە کۆنفڕانسی مۆنیخ، بەیاننامەی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات خوێندرایەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٢ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی، خۆپیشاندانێک دژی بەشداریی نوێنەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کۆنفڕانسی ئەمنیەتیی مۆنیخ، لە شاری \'\'هامبوورگ\'\'ی ئاڵمان بەڕێوەچوو.
ئەو خۆپیشاندانە لەلایەن \'\'ناوەندی پشتیوانی لە خەباتکارانی ئێران ــ هامبوورگ\'\'ەوە رێکخرابوو و ژمارەیەک حیزب و رێکخراوی سیاسیی ئێرانی و کوردستانی، سەرەڕای هاتنی بەفر و باران و سەرما، تێیدا بەشدارییان کرد.
ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان لەو خۆپیشاندانەدا بەشدارییان کرد و تییدا بەیاننامەی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە خوێندرایەوە.
لەو بەیاننامەدا پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە و ئازار ئەشکەنجە و ئیعدامی ئازادیخوازان مەحکووم کرا و هەروەها پاڵپشتیی گرووپ و تاقمە تیرۆریستییەکانی جیهان و دەستێوەردان لە کاروباری نیوخۆیی وڵاتان، وەکوو مەترسییەک بۆ ئەمنیەتی جیهان لەو بەیاننامەیەدا ئاماژەی پێ کرابوو.
هاوکات لە شاری مۆنیخ خۆپیشاندانێکی دیکە بە مەبەستی مەحکووم‌کردنی بەشداریی نوێنەری رێژیمی ئێران لە کۆنفڕانسی ئەمنیەتیی مۆنیخ، بەڕێوەچوو.