کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٥ تا ٩٨ لەسەدی ژنانی ئێران لە شەقامەکاندا ئازار دراون

16:35 - 28 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی، ٧٥ تا ٩٨ لەسەدی ژنانی ئێران تووشی ئازاری خیابانی بوون.

بەرپرسی گرووپی لێکۆڵینەوەی ژنان له ئەنجومەنی کۆمەڵناسی ئێران وێڕای پشت ڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە له سمینارێکدا لە ژێر ناوی ئەمنییەتی ژنان له شوێنە گشتییەکان باسی لەوە کردووە که ئازاری خیابانی بەشێکە لە توندوتێژی له شوێنه تایبەتییەکان، شوێنە گشتی و نیوە گشتییەکان.

به وتەی شەهلا ئەعزازی، گەڵاڵەی توندوتێژی دژ به ژنان دراوە به دادستانی ئێران و هێشتا لەبەر بە تاوان ناساندنی هەمەلایەنەی پەسەند نەکراوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە که ئازارەکان به دوو شێوەی زارەکی و کرداری ئەنجام دەدرێن، زارەکی وەکوو: بێڕێزی کردن و بەکارهێنانی وشەی نەشیاو و هەڕەشە کردن و کرداریش وەکوو: بۆق لێدانی شۆفێرەکان و بەدواکەوتن و ئازاری فیزیکی و...هتد.

شەهلا ئەعزازی لە بەشێک له قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە که پێشتر شێوەی ڕووانین بەم دیاردەیە وابوو که، شێوەی جل لەبەرکردن و ئارایشی ژنان و هەڵسوکەوتیان دەبێتە هۆکاری ئازاردرانیان، بەڵام لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە که ئەو شتانه کاریگەریی لەسەر ئازاردانی ژنان نییە.

هەروەها باسی لەوە کردووە که ترس له دژکردەوەی شەڕئەنگێزانەی تاکی ئازاردەر و کەم بوونی توانای جەستەیی ژنان و نزم پیشاندانی پێگەی ژن له کۆمەڵگەی ئێران، بووەتە هۆی ئەویکه ژنان لە بەرامبەر ئازارەکان بێدەنگ بن.

بەرپرسی لێکۆڵینەوەی ژنان له ئەنجومەنی کۆمەڵناسی ئێران، ئاماژەی بەوە کردووە که له لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی له تاران، لە ٣٨٠ کوڕ تەنیا ١٨ کەسیان ژنانیان ئازار نەداوە و نیوەی ئەو کەسانە لەگەڵ ژنان تووشی قسەی نەشیاو بوون و هۆکاری ئازاردانیان به نیشاندانی هێما پیاوانەکانیان و ڕەفتاری پیاوانە داناوە.

لە کۆمەڵگەی ئێراندا، بەهۆی سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و نزم پیشاندانی پێگەی ژن له کۆمەڵگە بەبەراورد لەگەڵ پیاو و نەبوونی ئەمنییەت لە شوێنە گشتییەکان، تەنانەت لە شوێنە تایبەتەکانیش و خەسارناسی نەکردن بۆ کردارەکانی نێو کۆمەڵگە و به دواداچوون نەکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان له لایەن ڕێژیمی ئێران، بووەتە هۆی نەبوونی ئەمنییەتی گیانی و رەوانی تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێران به تایبەت ژنان.