کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترس لە سیاسەتی نوێی ناوکیی ئامریکا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی هێنایە دەنگ

15:38 - 16 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، پاش ئەوەی که ئامریکا ڕایگەیاند، که چەکی ناوکیی نوێ ساز دەکات، دژکردەوەیان لە خۆیان نیشان دا.

وزارەتی بەرگریی ئامریکا، لە نوێترین ڕاپۆرتی سەبارەت به بارودۆخی ناوکیی وڵاتەکەی ڕایگەیاندووە، کە بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ هێزی نیزامیی ڕووسیە و هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، کورەی باکوور و چین، بۆمبی ناوکیی بچووک ساز دەکات.

پاش بڵاوبوونی ڕاپۆرتی پنتاگۆن، حەسەن ڕۆحانی دژکردەوەی نیشان دا و ڕایگەیاندووە، که لە هەمبەر هەڕەشەکانی سەر دەسەڵاتەکەیان، دەبێت توانایی نیزامی خۆمان ببەینە سەرەوە و هەتا دەتوانین بۆ پارێزگاری لە هەمبەر هەڕەشە جیهانییەکان چەک و تەقەمەنی ساز بکەین و بکڕین و وڵاتەکەمان بەهێز بکەین، هەروەها باسی لەوەش کردووە، هەر کارێک کە پێویست بێت بۆ بەهێزکردنی نیزام دەیکەین، هەتاکوو دوژمنەکانمان نەوێرن هێرش بکەنە سەرمان.

لە لایەکی دیکەشەوە، محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، هەر لەو پەیوەندییەدا دژکردەوەی نیشان داوە و باسی لەوە کردووە، که ئامریکا پشت بە چەکی ناوکی دەبەستێت و سیاسەتی ناوکیی ئامریکا، مرۆڤایەتی بەرەو لەنێوچوون دەبات.

ڕێژیمی ئێران، بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی و ترس لە هێرشی نیزامی وڵاتە زلهێزەکان بەتایبەت ئامریکا، بەنهێنی مووشەک سازکردن و دەکڕێت و بوودجەی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەکات.