کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندان لە شارەکانی ئیسفەهان و مەشهەد درێژەیان هەیە

22:16 - 25 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: جووتیارانی ئیسفەهانی و پارەبەتاڵان براوانی مەشهەد، دیسانەوە بە خۆپیشاندان و دروشمدان لە دژی کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

جووتیارانی ئیسفەهان کە لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو لەهەمبەر کەمی ئاو و گواستنەوەی ئاوی زایەندەڕوود، چەندین جار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێکهێنا دیسان لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، دەستیان کردەوە بە خۆپیشاندان و درێژەدان بە ناڕەزایەتی دەربڕین.

جووتیاران لە ڕۆژەکانی پێنجشەممە و هەینی، ڕێکەوتی ٢٣ و ٢٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە کۆبوونەوە لە مەیدانی خوراسگانی شاری ئیسفەهان، جارێکی دیکە داوای مافەکانی خۆیانیان کردووە.

بەپێی دوایین هەواڵەکان لەو شەقامەی کە خۆپیشاندانەکە بەڕێوە چووە، پۆلیس شەقامەکە لە هەر دوو سەر دادەخات و خۆپیشاندەران گەمارۆ دەدرێن و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هێرش دەکەنە سەر خەڵک و چەندین کەس لە خۆپیشاندەران دەسبەسەر دەکرێن.

هەر لە ڕۆژی هەینی، لە شاری مەشهەد، پوڵخوراوەکانی پرۆژەی پەدیدە، بە لەبەرکردنی کفن و نووسینی دروشم بە دژی ڕێژیم لەسەر پلاکارد، لە بەرامبەر دادستانی شاری مەشهەد کۆبوونەتەوە و داوای گەڕانەوەی سەرمایە خوراوەکانیان لە لایەن خاوەنەکانی ئەو پرۆژە کردووە.

خەڵکی ناڕازی لەو خۆپیشاندانە بە دروشمەدان بە دژی ڕێژیم داوای گەڕانەوەی پشکەکانی خۆیان لە لایەن دەوڵەت کردووە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە هێرش کردنی نامرۆڤانە، دەست دەکەن بە لێدان و دەسبەسەر کردنی خەڵک.

کۆمپانیای پدیدە شاندیز لە ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی، دەست بەکار دەکات و سەهامەکەی دەفرۆشرێت بە خەڵک، بەڵام دوای ماوەیەک بە هۆی چالاکی نایاسایی و سەرپێچی دادخرێت و ٤ ساڵە کە سەرمایەی خەڵک هەروا ماوەتەوە و چارەنووسی سەرمایەی سەهامداران نادیارە.