کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆڕاگریی \"نێ\" دوژمنی تاساند

16:26 - 2 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: هاووڵاتییانی گوندی نێــی مەریوان، لە بەرەبەری نەورۆز و دەسپێکی ساڵی نوێی کوردی، خەریکی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز بوون، کە لە لایەن چڵکاوخۆر و بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمەوە هێرش کرایە سەریان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە مالپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەشەمە، چەکدارانی ڕێژیم هێرشیان کردە سەر گوندی نێــی مەریوان و پێشیان بە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لەو گوندە گرت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە ڕایگەیاند: لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا بۆ سەر گوندی نێ، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان گۆپاڵ بەدەستان و خەڵکی ئەو گوندە هاتە ئاراوە و هێزەکانی ڕێژیم دەستیان کرد بە تەقەی هەوایی و لە گازی فرمێسکڕێژ بۆ بڵاوەکردنی خەڵک کەڵکیان وەرگرتووە.

هەروەها سەرلەبەیانی ڕۆژی دواتر، ١ی خاکەلێوە، هێزە حکوومەتییەکان جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر گوندی نێ و دەستیان کرد بە گرتن و تەقەکردن و کەلک وەرگرتن لە گازی فرمێسکڕێژ کە لە ئەنجامدا چەند شووشەی ماڵێک شکان و چەند منداڵیش بە گازی فرمێسکڕێژ بریندار کران.

هەروەها سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی نێ بە ناوەکانی حەمید، محەممەد و مەحموود دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

هەر لەو پەیوەندییەدا، مامۆستا و پێشنوێژی گوندی نێ لە بانگەوازێکدا داوای بەرگریی لە خەڵکی ئەو گوندە کردووە، کە بەرگری لە خۆیان بکەن و ئەم هێرشەی هێزە حکوومەتییەکانی بە دەستدرێژی بۆ سەر نامووسیان لە قەڵەم داوە.