کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک دژی ڕێژیمی ئێران هەستاونەتەوە

20:51 - 7 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: به هۆی گرانیی شتومەک و نابەرپرسیارەتی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی وڵات خەڵک دژی ڕێژیم لە شارە گەورەکانی ئێران خۆپیشاندانیان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ٧ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە شاری مەشهەد و چەند شارێکی دیکەی ئێران، خەڵکی ئێران نیسبەت بە گرانی، گەندەڵی و بەتاڵانبردبی سامان و داراییەکان لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتەکان خەڵکی ئێران دژی گەرانی لە شارەکانی بووشێهر، گناوە، کاشمەر، نەوشەهر، شاهروود و یەزدی خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە وشەڕ و تێکهەڵچوونیش لە نێوان خەڵک و هێزەکانی ڕێژیمەوە ڕووی داوە.

خەڵکی خۆپیشاندەر دروشمی دژ و بە حەسەن ڕۆحانی و ڕێژیمیان وتووەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش بۆ بڵاوپێکردنی خۆپیشاندەران، گازی فرمێسک‌ڕێژیان بەکار هێناوە.

خۆپێشاندەران لەم خۆپیشاندانانەدا دروشمی دیکەی وەک مرگ بر دیکتاتور، مرگ بر روحانی،اسلام رو پلە کردید، مردم رو ذلە کردید، پلیس برو دزد بگیریان داوە.

هەروەها خۆپێشاندەران بە نیسبەت گرانی و بێکاری به دروشمی ای جوان ایرانی بلند شو بلند شو، دزد غارت می کند، دولت حمایت می‌کند و سوریە رو رها کن، فکری بە حال ما کن دژی ڕێژیم هەستاونەتەوە.

لە ماوەی یەک حەتووی ڕابردوودا، شەپۆلێک لە گرانیی سەرسووڕهێنەر سەرانسەری ئێرانی گرتووەتەوەو بە هۆی نەبوونی کار و بێکاری ئەم دۆخەی هێندەی دیكە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی ئاڵۆزتر كردووە.