کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادستانی گشتیی ڕێژیمی ئێران بڕیاری داخستنی تلێگرامی دەرکرد

16:36 - 11 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: پاش چەندین حەوتوو قسە و باس بە نیسبەت ئەگەری داخرانی تێلێگرام لە ئێراندا، دواجار دادوەری گشتیی ڕێژیمی ئێران بڕیاری داخستنی ئەو تۆڕۆ کۆمەڵایەتییەی مۆر کرد.

بە پێی ڕاگەیەندراوی دادستانی گشتی ڕێژیم، کە لە هەواڵدەریە ناوخۆییەکاندا بڵاو بووەتەوە، ئەو بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی لە لایەن لقی دووی دادسەرای فەرهەنگ و میدیاکانەوە، دەرچووە.

ئەم بڕیارەی ڕێژیمی ئێران لە دنیای مەجازیدا لەگەڵ کاردانەوەی بەکارهێنەرانی تۆڕی تێلێگرام بەرەوڕوو بووەتەوە، لەو بارەوە فیروز نادری بیرمەندی ئێرانیی لە ڕێکخراوی ناسا نووسیویەتی: خەڵکی ئێران بیروبارەڕی خۆیان لە باشگا وەرزیشییەکان، نێو شەقامەکان و دەیان شوێنی دیکەی ئێران دەردەبڕن، ئێوە هەرگیز ناتوانن هەموو خەڵکی ئێران بێدەنگ بکەن.

پاش ئەوەی کە داواکاریی بەرپرسانی ئێرانی بۆ ڕادەستکردنەوەی زانیاریی کاربەرانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بە ڕێژیمی ئێران، لە لایەن پاول دورۆڤ، بەڕێوەبەری تێلێگرامەوە ڕەت کرایەوە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کەوتنە هەڕەشەی داخستنی ئەو پەیامنێرە کۆمەڵایەتییە لە ئێران.

شایانی باسە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی پێشوودا، خەڵکی ئێران بە مەبەستی ئاگادارکردنەوە و ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان، لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە کەڵکی زۆریان وەردەگرت، کە ئەوەش بووە هۆی ترسی بەرپرسانی ڕێژیم لە بەردەوامی چالاکیی ئەو پەیامنێرە لە ئێراندا.