کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانڵد ترامپ بەڵێنییەکەی خۆی بردە سەر

15:55 - 25 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: پاش چەند ڕۆژ مشتومڕی لایەنگران و دژبەرانی هێرش بۆسەر ڕێژیمی ئەسەد لەلایەن ئامریکاوە، شەوی ڕابردوو سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا وادەکەی خۆی بردە سەر.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ئاخاوتنێکی تەلەفزیۆنیدا بەشێوەی زیندوو وێڕای هۆشداریدان بە ئێران و ڕوسیە بۆ کۆتایی هێنان بە پشتیوانییەکانیان لە ئەسەد، ڕایگەیاند: بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەڕانسە و بریتانیا بڕیاری هێرش بۆسەر ناوەندە لێکۆڵینەوەییەکان و زەڕادخانەی شیمیایی هێزەکانی سوریەمان دا.

ناوبراو ڕایگەیاند: چەند ساتێک پێش بڕیارم دا بە هێزی هەوایی ئامریکا تاکوو لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ورد، دامەزراوە پێوەندیدارەکان بە چەکی شیمیایی بەشار ئەسەد، دیکتاتۆری سوریە بکەنە ئامانج.

سەبارەت بەم ئۆپەراسیۆنە وەزارەتی بەرگری ئامریکا ڕایگەیاندووە: لەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەدا دامەزراوەکانی ناوەندیی لێکۆڵینەوە زانستییەکان لە دیمەشق کە لێکۆڵینەوە لەسەر چەکە شیمیاییەکان دەکات و دوو دامەزراوەی سەربازی و شوێنی ڕاگرتنی چەکوچۆڵی شیمیایی ڕێژیمی سوریە لە حۆمس هێرشیان کرایە سەر.

سەبارەت بە بەردەوام بوونی ئەم چەشنە هێرشانەش، جەیمز مەتیس وەزیری بەرگری ئامریکا ڕایگەیاندووە: ئەگەر ئەسەد واز نەهێنێت و بەردەوام بێت لە کوشتاری خەڵکی سڤیل لەڕێگەی چەکە شیمیاییەکانییەوە ئەوە ئێمەش بەردەوام دەبین لە هێرشەکانمان.

هەندێک سەرچاوەی میدیایی دیکەش باس لەوە دەکەن کە لەم هێرشە بەربڵاوەدا پێگە سەربازییەکانی حیزبوڵا لە چوار شاری سویدا، حەماه، حۆمس و دیمەشق و هەروەها ١٠ پێگەی سەربازی سەر بە ئێران لە دەوروبەری دیمەشق هێرشیان کراوەتە سەر.

وەک یەکەم دژکردەوە بەم ئۆپەراسیۆنەش باڵوێزی ڕوسیە لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە: گوێ بە هۆشدارەکانی ئێمە نەدرا؛ جارێکی تر هەڕەشەمان لێدەکرێ؛ هۆشداریمان داوە کە وەها کردەوەگەلێک بێ وەڵام نامێنێتەوە؛ تەواوی بەرپرسایەتییەکانیشی دەکەوێتە ئەستۆی واشینگتۆن و پاریس و لەندەن.

پێویست بە ئاماژەیە کە سەرۆکی ناتۆ و سەرۆک‌وەزیرانی کاناداش پشتیوانی خۆیان لەم هێرشە دەربڕیوە.