کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیسان بەرپرسانی ڕێژیم پەنایان بۆ تەقییەکاری بردووە

15:44 - 17 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: دەبیری شۆرای نیگابانی ڕێژیم لە هەمبەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵک وتوویەتی: نیگەرانی ساڵی داهاتووم.

ئەحمەدی جەنەتی، دەبیری شۆرای نیگابانی ڕێژیم، لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی گەلانی ئێران، باس لە ئەستەم بوونی ژیانی خەڵک و بارودۆخی نالەباری ئابووری کردووە و وتوویەتی: کە دەبێت گوێ لە دەنگی خەڵک بگرین و خەڵکیش دەتوانن ناڕەزایەتی دەرببڕن، بەڵام بەپێی یاسا بێت و ناتوانین چاوەڕوان بین کە خەڵک لە ژێر گوشار بێدەنگ بێت و زیادی کردووە، کە نیگەرانی ساڵی داهاتووم.

جەنەتی لە بەشێک لە قسەکانیدا وتوویەتی: من کارێکم لە دەست نایەت بۆ خەڵک بیکەم، بەڵام کاتێک کە نان دەخۆم، زۆر پەشێوم کە ئێمە دەستمان به دەممان دەگات و دەتوانین بخۆین و بەشێک لە خەڵک نانیان نییە.

ئەم قسانەی جەنەتی لە حاڵێکدان کە خۆی لە بەڕێوەبەرانی سەرەکیی ڕێژیمی ئێران و لە بازرگانە هەرە گەورەکانی ڕێژیمە، کە بە سەرمایەی خەڵک بازرگانی دەکات و لە کاتی خۆپیشاندانەکانیش و لە زۆر ڕووداوی دیکەدا به بەردەوامی دژی خەڵک بووە و بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم لە سەرەوەی هەموو شتیک دادەنێت.