کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانکۆی پەیامی نووری مەریوان نوقمی کێشەی خوێندنه

15:24 - 16 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و دابین نەکردنی پێداویستییەکانی خوێندن لە زانکۆی پەیامی نووری شاری مەریوان، خوێندکاران تووشی کێشەی خوێندن بوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە هۆی ئەوەی کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە زانکۆی پەیامی نووری شاری مەریوان، پێداویستییەکان بۆ سیستمی خوێندن دابین ناکەن، خوێندکارانی ئەو زانکۆیە واز لە خوێندن دەهێنن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، لە پێوەندی لەگەڵ نەبوونی پێداویستییەکان بۆ خۆێندکاران، هەتا ئێستە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە چەندین جار سکاڵایان دژی بەرپرسانی زانکۆ تۆمار کردووە، بەڵام هیچ لە داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکراوە.

هەواڵنیری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە درێژەدا باسی لەوەش کردووە، که زانکۆی پەیامی نووری مەریوان شوێنی بۆ وەرزش و سەرگەرمی نییه و پڕۆژەی سازکردنی چەند هۆڵیش کە لەو پێوەندییەدا لە بەردەستدان، هەتا ئیستە بەتەواوەتی جێبەجێ نەکراون.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە، هۆڵی ئامفی تاتر پانتایەکی کەمی هەیە و دەبێ کاتی ڕێوڕەسمەکان خۆێندکاران و یا بەرپرسان و مامۆستایانی زانکۆ بە هاوکاریی لایەنی تر لە هۆڵی ئامفی تاتری زانکۆی ئازادی مەریوان کەڵک وەربگرن. هەر بە هۆی ئەوەی کە هۆلی ئامفی تاتر بچووکە، بۆ خۆێندکارانی تازەهاتوو و ئەو خوێندکارانەی کە خوێندن تەواو دەکەن، هیچ ڕێوڕەسمێک بەڕێوە ناچێت.