کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زریان لە پارێزگای ورمێ و دەوروبەری دەسپێکی قەیرانی ژینگەپارێزییە

22:18 - 6 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بایەکی توند کە خێرایەکی نزیک بە ١١٩ کیلۆمێتر لە کاتژمێرێک دەگەیشت، پارێزگاکانی ورمێ و ئازەبایەجانی ڕۆژهەڵاتی تووشی خەسارێکی زۆر کردووە.

ڕۆژی شەممە ٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، بایەکی توند بە خێرایی ١١٩ کیلۆمێتر لە کاتژمێرێکدا، لە پارێزگای ورمی و ئازەربایەجانی ڕۆژهەڵات هەڵێکرد، کە بە هۆیەوە دوو هاووڵاتیی گیانیان لە دەست داوە.

لەم پێوەندییەدا مودیرییەتی قەیرانی پارێزگای ورمێ، خەسار و زیانەکانی ئەم زریانەی لە بەشی ژێرخانە شارییەکانی نزیک بە ٤ میلیارد تمەن نرخاندووە.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە ئەم زریانە لە دەوروبەری گۆلی ورمێ تێکەڵ بە خۆڵبارین بووە، کە بە باوەڕی کارناسانی ژینگەپارێزییەوە، مەترسی و نیگەرانیی وشکبوونی سەرجەمی ئەو گۆلە و کارەساتی ژینگەیی لێ دەکەوێتەوە.

هەواڵدەریی عصر ایران لە ڕاپۆرتێکی تایبەت بە ناوی چرنوبیل ایران را دریابید زریانی پارێزگاکانی ورمێ و ئازەربایجانی ڕۆژ‌هەڵاتی بە تەنیا لووتکەی شاخی سەهۆڵی ناو بردووە و هۆشداری داوە، کە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی سیپەلاک، جۆرەکانی شێرپەنجە، نەزۆکیی بەرهەمی زریانی خوێی گۆلەکە، نەسڵ و جیلی داهاتووی ئەم ناوچەیە بەرەو لەنێوچوون دەبات.

ڕووبەری گۆلی ورمێ کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا، نزیک بە ٨٠ لەسەد کەمی کردووە، بەردەوام ڕووی لە کەمبوونە و گەڵاڵەی دەوڵەتیی بووژاندنەوەی ئەم گۆلە، کە چەندین ساڵە باسی لێوە دەکرێت، تەنیا لە چوارچێوەی دروشم و قسەیە و بە کردەوە هیچ کارێکی بۆ نەکراوە و بە فەرمیش لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوییەوە، بە تەواوەتی ڕاگیراوە.