کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ١٠٠ دیپلۆماتی ڕووسیەیی لە ئورووپا و ئامریکا دەرکراون

17:32 - 7 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: لە وڵامی هێرش بۆ سەر سیخوڕێکی ڕووسیەیی لە بریتانیا، هەندێک لە وڵاتە ئورووپاییەکان و ئامریکا، دەستیان بە دەرکردنی دیپلۆماتەکانی ڕووسیە لە وڵاتەکەیان کردووە.

دوای هێرشکردن بۆ سەر سێخۆرێکی پێشوی ڕووسیە، بە ژاری دەمارکوژ لە بریتانیا، کە بە وتەی بەرپرسانی ئورووپایی، ژارەکە سازکراوی ڕووسیەیە و ئەو وڵاتە لە پشتی ئەو هێرشە بووە، ١٤ ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا دەستیان بە دەرکردنی دیپلۆماتەکانی ڕووسیە لە وڵاتەکەیان کردووە.

دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکاش، هەروەها بڕیاری داوە، کە ٦٠ هاونیشتمانیی ڕووسی، کە ٤٨ کەسیان مەئموری ئیتلاعاتی ڕووسیەن و ١٢ کەسیان لە ئوفیسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن، دەبێ ئامریکا بەجێ بیهێڵن.

ئەو وڵاتانەی کە دییپلۆماتە ڕووسیەکانیان دەرکردووە، لەو باوەڕەدان، کە لە لایەن ڕووسیەوە ئەو هێرشە کراوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەبێت وڵامدەر بن و ڕوونکردنەوە بدەن.

لە بەرامبەردا، وزارەتی دەرەوەی ڕووسیە ڕایگەیاندووە، کە دەرکردنی دیپلۆماتەکانیان کردەوەیەکی نادۆستانەیە و لە بەرامبەریدا دژکردەوەیان دەبێت، بەگشتی بەرپرسانی ڕووسیە تۆمەتی هێرش بۆ سەر ئەو سیخۆڕە رەت دەکەنەوە و لە بریتانیا سەبارەت بەو هێرشە داوای زانیاریان کردووە.