کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەكی سیاسیی كورد لەگرتووخانەی ورمێ‌مانی لەخواردن گرت

16:43 - 5 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: زیندانییەكی سیاسیی خەڵكی شاری بۆكان لەگرتووخانەی ورمێ بەنیشانەی ناڕەزایەتیی بە دۆخی نالەباری خۆی دەستی داوەتە مانگرتن.
محەممەدئەمین عەبدوڵڵاهی ماوەی ٨ساڵە لە گرتووخانەی شاری ورمێ‌دەسبەسەرە و لەرێكەوتی ٢‌ی پووشپەڕەوە مانگرتنی ویشكی راگەیاندووە.
وێبلاگی ئاژانسی موكریان بڵاوی كردەوە، ئەو زیندانییە سیاسییە بەهۆی پێڕانەگەیشتنی بەرپرسانی زیندان بە دۆخی جەستەیی و هەروەها پشت گوێ‌خستنی داواكارییەكانی مانگرتنی راگەیاندووە.
محەممەد ئەمین عەبدوڵڵاهی وتوویەتی، هەتا وڵامی پێویست و شیاو بۆ داواكارییەكانم وەرنەگرمەوە، مانگرتنەكەم ناشكێنم.
محەممەد ئەمین خەڵكی شاری بۆكانە و ماوەی ٨ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەسبەسەر كرا و دوای ١٥ مانگ راگرتنی لەگرتنگەی ئیتلاعاتدا، لەئەنجامدا لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبێكی دژبەری كۆماری ئیسلامیی و پڕوپاگەندە بە دژی نیزام بە ١٨ ساڵ زیندان حوكم درا.