کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵی نوێ لە لایەن خامنەییەوە بە ساڵی خۆبژیوی ناودێر کرا

18:56 - 2 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ڕێبەر و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، ساڵی نوێیان بە ساڵی هەوڵدان بۆ ڕەخساندنی هەلی کار، خۆبژیوی و پشتگیری کردن لە بەرهەمە نێوخۆییەکان، ناودێر کرد.

عەلی خامنەیی و حەسەن ڕۆحانی لە پەیامی نەورۆزی خۆیاندا، ڕایانگەیاندووە، کە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، دەوڵەت بە هاوکاری و پشتگیریی خەڵک، لە پێناو زیادکردنی بەرهەمە نێوخۆییەکان و نەهێشتنی کێشەی ئابووری و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان هەموو هەوڵی خۆی دەدات.

خامنەیی هەروەها ساڵی ٩٦ی، بە ساڵێکی پڕدەستکەوت بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێرانی زانیوە و وتوویەتی: سەرەڕای هەندێ کێشە کە دوژمنان بۆ ئێمەیان ساز کرد، ساڵی ڕابردوو، ساڵێک بوو کە خەڵکی ئێران هێژمۆنی و گەورەیی خۆیان بە دوژمنان نیشان دا.

لە لایەکی دیکەدا، حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیم، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەژاری و هەوڵدان بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و خۆبژیوی، لە ئامانجەکانی دەوڵەت بۆ ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی زانیوە، هەروەها ناوبراو ڕایگەیاندووە، کە ساڵی پێشوو ڕەخساندنی هەلی کار لە ئێراندا بێوێنە بووە.

ئەو قسانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە حاڵێکدان کە بەپێی ڕاپۆرتی خودی کاربەدەستان، نوێنەرانی مەجلیس و تەنانەت شرۆڤەکارانی سیاسیی نێوخۆی ئێران، لە ساڵی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران، تووشی داڕمانی ئابووری هاتووە و زیاتر لە ٨٠ لەسەدی خەڵکی ئێران لەو ڕێژیمە بێزار و ناڕازی بوون.

بەپێچەوانەی ئەو قسانە، لە ساڵی ڕابردوودا ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار کە نزیک بە ١٠٠ شاری ئێرانیان گرتەوە، ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان کە هەنووکەش ڕۆژانە لە شارە جۆراوجۆرەکاندا بەڕێوە دەچن، ناڕەزایەتی ژنان و ... بەڵگەی سەلمێنەری شکستی ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٩٦ی هەتاوین.

شرۆڤەکارانی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەن، کە ٢٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ دانڵد ترامپ، لە بەرجام دەکشێتەوە و گەمارۆکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە لایەن دەوڵەتی ئامریکاوە سەرلەنوێ دادەنرێنەوە و بە هۆی دەستێوەردانەکانی ئێران، لە وڵاتانی ناوچە و پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو ڕێژیمە لە لایەن یەکیەتیی ئورووپا و هەروەها ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەرەوڕووی گەمارۆی زیاتر دەبێتەوە.