کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سندووقی نێونەتەوەیی دراو: ئابووریی ئێران پێویستی بە چاکسازی خێرا هەیە

15:38 - 28 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: سندووقی نێونەتەوەیی دراو رایگەیاندووە ئابووریی ئێران پێویستی بە چاکسازی بەپەلە هەیە.

بەپێی دوایین راپۆرتی سندووقی نێونەتەوەیی دراو، پاش بەرجام بەهۆی هەناردەکردنی نەوت. ئابووریی ئێران رووی لە گەشانەوە کرد، بەڵام ئاسۆیەکی روونی نییە هەر بۆیە پێویستە بە خێرایی لە سیستمی بانکی ئێراندا چاکسازی بکرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئاستی گەشەی بەرهەمی ناپەتی نێوخۆیی ئێران تاکوو ڕێکەوتی ٢٠ی مارس ١٢% زیادی کردووە کە بەهۆی هەناردەکردنی زیاتری نەوت بووە؛ ئەمەش بەو واتایە کە ئەگەر ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بکرێت، ئێران تووشی خەساری زۆر جیددی دەبێتەوە.

کێشەی نێوان ئامریکا و ئێران و ئەگەری هەڵوەشانەوەی بەرجام و وەگەڕخستنەوەی سەرلەنوێی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، بووەتە هۆکاری ئەوەی بانکە بیانییەکان دوودڵ بن لەمەڕ هاوکاری کردنی سیستمی بانکی ئێران، لەم رووەوە ئێران پێویستییەکی خێرای بۆ چاکسازی ئابووری هەیە.

ساڵی ڕابردوو بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی سندووقی نێونەتەوەیی دراو، مەسعوود ئەحمەد، بە هەواڵدەری ئاسۆشیتێدپرێس وتبووی کە ئێران بۆ گەشەی ئابووریی پێویستی بە نوێکردنەوە و بەرۆژ کردنی سەنعەتی نێوخۆیی و ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی هەیە.

ژووری بازرگانی ئێرانیش بە پشتبەستن بە ئاکامگیری لێکۆڵینەوەکان، ڕایگەیاندووە: باروودۆخی ئامارەکانی کار لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی بەبەراورد لەگەڵ پێشتر زۆر خراپتر بووە و ئەم دۆخە لەو پارێزگایانەی کە نەتەوەکانی ئێرانی تێدا نیشتەجێن گەلێک خراپترە.