کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی ئێران و حەماس ئامادەکاری بۆ شەڕی قودس دەکەن

13:44 - 5 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: یەکێک لە ڕێبەرانی نێوخۆی حەماس لە فلستین باسی لەوە کردووە: کە قاسم سولەیمانی لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا وتوویەتی هەموو ئیمکاناتێک بۆ پشتیوانی لە قودس بە حەماس دەدات.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، یەحیا ئەلسنوار یەکێک لە ڕێبەرانی گرووپی تێرۆریستی حەماس کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لێ دەکات ڕایگەیاندووە: کە قاسم سولەیمانی فەرماندەی سپای قودس لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێی ڕاگەیاندووە، کە بۆ بەرگری کردن لە قودس هەموو ئیمکاناتێکتان بۆ دابین دەکەین.

ئەو پێوەندییە تەلەفۆنیەی ئەلسنوار و سولەیمانی ڕۆژی دووشەممە لە کاناڵی المیادین لوبنان هاوکات لەگەڵ ڕاگەیندراوەکانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵا بڵاو کرایەوە.

یەحیا ئەلسنوار لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە قاسم سولەیمانی بەڵێنی بە حەماس داوە بۆ شەڕی بەرگریی لە قودس هەموو خەڵکی فلستین ئامادەیە و هەروەها گرووپی جیهادی ئیسلامیی فلستین و سەرجەم گرووپەکانی دیکە خۆیان بۆ ئەم مەبەستە ئامادە بکەن.

سەرۆکی ئامریکا دانڵد ترامپ له‌ وتارێکدا ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، ئورشەلیم وه‌ک پێته‌ختی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ناساند.

دوای ئەو بڕیارەی ئامریکا، گرووپی تێرۆریستیی حەماس کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی لێ دەکرێت، ڕایگەیاندووە، سەرهەڵدانـی نوێ دەست پێ دەکەین و بە هەموو هێزەوە دژی ئەو بڕیارە دەوەستینەوە.

ڕێکخراوی حەماس که لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پێوەندییەکی چڕی هەیه، لە لایەن خامنەییەوە ڕاشکاوانە بەڵێنی پێداربوو کە ئەو ڕێکخراوە پڕچەک دەکەین و پشتیوانی لێ دەکەین.

بڕیاری گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئامریکا بۆ ئورشەلیم، یەکەم جار لە ساڵی ١٩٩٥ی زایینی و لە کۆنگرەی ئامریکا دراوە، لەو کاتەوە تا ئێستا سەرەڕای ئەوەی کە سەرۆکەکانی پێشووتری ئامریکا لە کاتی پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردنەکانیان بەڵێنی جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارەیان دابوو، بەڵام پاش چوونە ناو کۆشکی سپی، بە بیانووی هەستیاربوونی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باندۆڕی ئەو بڕیارە بۆ سەر تەناهی نەتەوەیی ئامریکا، لە جێبەجێ کردنی ئەو پەسندکراوەی کۆنگرە خۆیان بواردووە.