کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆماری فەڕانسە خوازیاری چاودێری نێونەتەوەیی بەسەر بەرنامەی مووشەکی ئێرانە

15:48 - 26 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: سەرکۆماری فەڕانسە وێڕای پشتگیری لە لێدوانەکانی ترامپ لەهەمبەر بەرنامەی مووشەکی کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاند: دەبێ بەرنامەی مووشەکی بالێستیکیی ئێران بکەویتە ژێر چاودێری نێونەتەوەیی.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئێمانۆئێل ماکرۆن، وێڕای ئاماژەکردن بە ڕێککەوتننامەی بەرجام ڕایگەیاندووە: هۆکاری ئەوەیکە فەڕانسە پێداگرە لەسەر مانەوە لەسەر بەرجام ئەوەیە، کە تا ئێستا هیج ڕێکارێکی باشتر بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەی ناوکی ئێران نابینێت.

ناوبراو لە پرێس‌کۆنفڕانسێکیشدا باسی لە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە یەمەن و سوریەدا کردووە و ڕایگەیاندووە: کۆماری ئیسلامی بەهۆی چالاکییە مووشەکییەکانی بووەتە هۆکاری ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا.

لە درێژەی قسەکانیشیدا وتوویەتی: ئێمە دەبێ بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، چاودێرییەکی وردمان لەسەر ڕێژیمی تاران و بەتایبەت بەرنامە مووشەکییەکانیان هەبێ.

ئەم قسانەی ماکرۆن دوابەدوای ئەوە دێنە ئاراوە، کە دوێنێ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕێکس تێلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەیمەن ئەلسەدەفی، هاوتا ئۆردۆنییەکەی ڕایگەیاند: دەبێت قەیرانی سووریه بەپێی بڕیاری ٢٢٥٤ی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وتووێژەکانی ئاشتی ژێنێڤ چارەسەر بکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی: دەبێ ڕێژیمی ئێران سەربازەکانی و ئەو هێزانەش کە پاڵپشتـیان لێ دەکات لە سووریە بکشێنێتەوە.

تێلرسۆن وتوویەتی: ئێران دەبێ هێزە سەربازییەکانی خۆی لە سوریە بباتە دەرەوە، تاکوو ئارامی بۆ ئەم وڵاتە بگەڕێتەوە؛ بەوتەی ناوبراو مەرجی سەرکەوتنی وتووێژەکانی ژێنێڤ بریتییە لە دەستێوەردان نەکردنی تاران.