کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەعد حەریری گەڕایەوە بۆ لوبنان

16:31 - 2 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: سەرۆک وەزیرانی لوبنان لەسەر داوای سەرکۆماری وڵاتەکەی، دەست لەکار کێشانەوەکەی هەڵوەشاندەوە.

ڕۆژی چوار شەممە ١ی سەرماوەزی ١٣٩٦، سەعد حەریری، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، بە بەشداری لە ڕێورەسمی ڕۆژی سەربەخۆیی لوبنان رایگەیاند کە بە شێوی کاتی دەست لە کارکێشانەوەی وەردەگرێتەوە.

بەپێی هەواڵی، هەواڵدەرییە نێونەتەوەییەکان، حەریری لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میشێل عون، سەرکۆماری لوبنان، لە بڕیاری دەست لەکار کێشانەوەکەی پاشگەز بوویەوە.

حەریری لەو بارەیەوە وتی: ئەمن لەگەڵ سەرکۆمار لەسەر دەست لە کار کێشانەوەکەم قسەم کرد. ئەو بە منی وت کە بەر لە پێشکەشکردنی دەست لە کارکێشانەوەکەم بۆ ڕێنوێنی زیاتر ڕاوەستم و ئەمنیش ئەو پێشنیارەم پەسەند کرد.

سەحد حەریری ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ لە راگەیەندراوێکی تەلەفزیۆنیدا لە ریاز دەست لە کار کێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆک وەزیری راگەیاند.

حەریری لەو ڕاگەیەندراوەدا هۆکاری دەست لەکار کشانەوەکەی بۆ خۆسەپاندنی حیزبوڵا و کۆماری ئیسلامی بە سەر ولاتەکەی گەڕاندەوە و جەختیشی کردەوە کە ئێران بچێتە هەر جێگایەک وێرانی و خراپکاری ساز دەکا.

ڕێژیمی ئێران لەلایەن وڵاتانی ناوچە و جیهان بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان تۆمەتبارە و لەو بارەشەوە سزای قورسی بەسەردا سەپاوە بەڵام دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی لە تاران واز لە کردەوە تێکدەرانەکانی ناهێنێت.