کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان بەشداری لە کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی \"فەهمی دەمیر\"دا کرد

15:18 - 11 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە وڵاتی ئاڵمان بەشداری لە کۆڕی پرسە وسەرەخۆشی فەهمی دەمیر، سەرۆکی گشتیی هاک پار(HAK-PAR) دا کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ئاڵمان بە سەرپەرستی شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لەو وڵاتە بەشداری لە کۆڕی پرسە و ماتەمینی فەهمی دەمیر سەرۆکی گشتیی پارتی ماف و ئازادییەکان هاک پار دا کرد.

لەو کۆڕە ماتەمینەدا، شەهریار نەقشبەندی سەبارەت بە ڕووداوی گیان لەدەستدانی فەهمی دەمیر، سەرۆکی گشتیی هاک پار پەیامی سەرەخۆشی و هاوخەمیی کۆمیتەی ئاڵمانی گەیاندە بەڕێوەبەرانی کۆڕی پرسەکە و هەر بەو بۆنەشەوە وتارێکی پێشکەش کرد.

نەقشبەندی لە قسەکانی‌دا وێرای باس‌کردن لە ڕۆڵ و کاریگەری فەهمی دەمیر لە ڕەوتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد، ئاورێکیشی لە دۆخی کوردستان و بەتایبەت کوردستانی باکوور دایەوە و هیوای بۆ یەکیەتی و تەبایی نێوان هێزە خەباتکارەکانی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستانی بە ئاوات خواست.