کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ڕێژیمی ئێران و دەستێوەردانەکانی له یەمەن

13:59 - 5 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: لەسەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران له یەمەن، بەرپرسانی ئەو وڵاتە بۆ چەندمین جارە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیەوە.

باڵوێزی یەمەن له فەڕانسه باسی لەوە کردووە، که ڕێژیمی ئێران تەنیا چەک بوو گرووپە تێرۆریستییەکان له یەمەن دەنێرێت و کۆتایی به دەستێوەردانەکانی لەو وڵاتە ناهێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی الریاضی عەرەبستان، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٤ی بەفرانباری ١٣٩٦ هەتاوی، ریاض یاسین باڵوێزی یەمەن له فەڕانسه باسی لەوە کردووە: که وڵاتەکەی ڕووبەڕووی گەورەترین دەستێوەردان له لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بووە.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، که ڕێژیمی ئێران له ڕێگەی نووسینگەی کەشتی جیهان و نووسینگەی فڕۆکەوانیی کیا ایر چەکوچۆڵ بۆ حووسییەکان دەنێرێت و ئاماژەی به دوو ساڵ بەرگری کردنی یەمەن له بەرامبەر کردەوە نامرۆڤانەکانی ڕێژیمی ئێرانی کردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە، پارێزەری سەرکۆماری پێشووی یەمەن، هەبوونی هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیرانی له یەمەن ئاشکرا کردووە.

محەممەد مسووری، پارێزەری عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرکۆماری پێشووی یەمەن، ئاشکرای کردووە، که میلیشیا حووسییەکان، بنکەی تایبەتیان بۆ هێزەکانی ڕێژیمی ئێران ئامادە کردووە، که چەکدارەکانیان ڕابێنن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، که بنکەی شاراوەیان بۆ هاوێشتنی مووشەک ساز کردووە و پارچەی مووشەکەکان به جیا له ڕێگەی دەریا، هەوا و زەوینەوە بۆ یەمەن دەنێردرێن و لەوێ مونتاژ دەکرێن.

محەممەد مسووری باسی لەوەش کردووە، که پێش قەدەغە کردنی هاتووچۆی فڕۆکەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ یەمەن، ئەو فڕۆکانە هێزەکانی سپای پاسدارانیان دەگواستەوە.