کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان دژی ڕێژیمی ئێران هاوکاریی ئامریکا دەکات

23:13 - 9 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: عادل ئەلجوبەیر وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودیە ڕایگەیاندووە، دژی ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ئامریکا دەکات.

وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودیە لە پرێس کۆنفڕانسێکدا لەگەڵ مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاندووە، دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ئامریکا دەکات.

ئەلجوبەیر لەو پرێس کۆنفڕانسەدا داوای کردووە کە گەمارۆی ئابووریی زیاتر دژی ڕێژیمی ئێران بە هۆی پێشێلکردنی یاس و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان پەسند بکرێت.

هەر لەو پرێس کۆنفڕانسەدا، مایک پۆمپێئۆ جەختی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران لە تێکدانی نەزمی ناوچەکەدا ڕۆڵێكی گرینگی هەیە و پاراستنی ئەمنییەتی عەرەبستانیشی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە بەشێک لە سیاسەتەکانی ئامریکا زانی.

پۆمپێئۆ باسی لەوەش کرد کە وڵاتانی کەنداو پێویستە یەکگرتووە بن و وڵاتانی موسڵمان لە شەڕ دژی تێرۆریزمدا لە بەرەی پێشەوە بن.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئامریکا باسی لەوەش کرد، ئامریکا ناتوانێت بە تەنیا و بە نوێنەرایەتی ئەو وڵاتانە دژی تێرۆر شەڕ بکات، ئەوە دەبێ ئەو وڵاتانەش دژی شەڕی تێرۆر ئیقدام بکەن و ئامریکاش پاڵپشتیان لێ دەکات.

بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی هاوپەیمانەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، لەمەڕ هەڵوێستی فەرمیی کابینەی ترامپ لەپێوەندیی لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی ئێران، مایک پۆمپێئۆ یەکەم سەفەری دیپلۆماتیکی خۆی بۆ ئەم ناوچەیە دەسپێکرد و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عەرەبستاندا چاوپێکەوتنی ئەنجام دا؛ بڕیار وایە لەم سەفەرەدا ناوبراو لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئۆردۆن و ئیسرائیلیش کۆ ببێتەوە.

لەو پێوەندییەدا بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دوای کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی، ڕایگەیاندووە، سەردانی مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا بۆ ئیسرائیل گرنگییەکی تایبەتی بۆ ئیسرائیل هەیە.

نەتانیاهۆ وتوویەتی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، باڵۆێزخانەی ئامریکا لە ئیسرائیل بۆ شاری ئۆرشەلیم دەگوازرێتەوە.