کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان مووشەکە هاوێژراوەکانی حووسی تەقاندۆتەوە

17:05 - 6 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: پەدافەندی بەرگریی هاوپەیمانیەتیی عەرەبی، حەوت مووشەکی هاوێژراوی حووسیەکانی، پێش گەیشتن بە عەرەبستان، لە ئاسماندا تەقاندۆتەوە.

سەرهەنگ تورکی مالکی، وتەبێژی فەرمی هێزەکانی هاوپەیمانیەتیی عەرەبی، بۆ پشتگیری لە دەوڵەتی یاساییی یەمەن، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕایگەیاند: هێزە پەدافەندە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیەتیی عەرەبی، توانیویانە بەسەرکەوتوویی شوێنپێی حەوت مووشەکی بالستیک، کە لە لایەن حووسییەکانی یەمەنەوە بەرەو عەرەبستان هاوێژرابوون ببینێتەوە و لەنێویان ببات.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە: سێ لەو مووشەکانە بەرەو شاری ڕیاز، یەک بۆ شاری خەمیس مەشیت و ئەوانی دیکە بەرەو شاری جازان هاوێژرابوون، کە هەر هەموویان پێش گەیشتن بە زەوی لە لایەن پەدافەندی ئاسمانییەوە لەنێو براون.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیا فەرمیەکانی عەرەبستان، کەوتنە خوارەوەی پارچە و ئاسەواری مووشەکە لەنێوچووەکان بە سەر ناوچەیەکی قەرەباڵغدا، بووەتە هۆی کوژرانی یەک کەس.

سەرهەنگ مالکی سەبارەت بەو هێرشە ڕایگەیاندووە: هێرشی حووسییەکان بە مووشەکە سازکراوەکانی ڕێژیمی ئێران، سەلمێنەری پاڵپشتی و یارمەتییە هەمەلایەنەکانی ڕێژیمی ئێران بە میلیشیا شێعەکانی یەمەنییە و پێشێلکارییەکی بێ‏ ئەملاوئەولای بڕیارنامەکانی ژمارە ٢٢١٦ و ٢٢٣١ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

هەواڵدەریی فەڕانسە بڵاوی کردۆتەوە، پاش ئەو هێرشە، دوو وەزیری بەریتانیا، بوریس جانسۆن وەزیری دەرەوە و بیلی موردوڵت وەزیری گەشەپێدانی نێونەتەوەیی، داوایان لە ڕێژیمی ئێران کردووە، کە کۆتایی بە پڕچەک کردنی حووسییەکان بێنێت و لە جیاتی دنەدانەکانی بۆ هەڵگیرسانی شەڕ و نانەوەی ئاژاوە، لە پێگەی خۆی لە ناوچەکە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ناکۆکییەکان کەڵک وەربگرێت.