کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان مووشەکە هاوێژراوەکانی لە نێو برد

17:33 - 9 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: پەدافەندی بەرگری هاوپەیمانیەتی عەرەبی حەوت مووشەکی هاوێژراوی حوسییەکانی یەمەنی، پێش گەیشتن بە زەوی، لە ئاسمانی عەرەبستانی سعوودی لە نێو برد.

سەرهەنگ تورکی مالکی، وتەبێژی فەرمی هێزەکانی هاوپەیمانیەتی عەرەبی بۆ پشتگیری لە دەوڵەتی یاسایی یەمەن، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕایگەیاند هێزەکانی پەدافەندی هەوایی هاوپەیمانیەتی عەرەبی توانیویانە بە سەرکەوتوویی شوێن‌پێی حەوت مووشەکی بالستیک کە لە لایەن حوسییەکانی یەمەنەوە بەرەو عەرەبستان هاوێژرابوون ببینێتەوە و لەنێویان بەرێت.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە: سێ لەو مووشەکانە بەرەو شاری ڕیاز، یەک بۆ شاری خەمیس مەشیت و ئەوانی دیکە بەرەو شاری جازان هاوێژرابوون، کە هەر هەموویان پێش گەیشتن بە زەوی لە لایەن پەدافەندی ئاسمانییەوە لە نێو بران.

بە پێی ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی عەرەبستان، کەوتنە خوارەوەی پارچە و ئاسەواری مووشەکە لەنێوچووەکان بە سەر ناوچەیەکی قەرەباڵغدا، بووەتە هۆی کوژرانی یەک کەس.

سەرهەنگ مالکی سەبارەت بەو هێرشە ڕایگەیاندووە: هێرشی حوسییەکانی یەمەنی بە مووشەکە سازکراوەکانی ئێران، سەلمێنەری پاڵپشتی و یارمەتییە هەمەلایەنەکانی ڕێژیمی ئێرانە بۆ ملیشیا شیعەکانی یەمەنی و پێشێلکارییەکی بێ‏ئەملاوئەولای بڕیارنامەکانی ژمارە ٢٢١٦ و ٢٢٣١ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

هەواڵدەری فەرانسە بڵاوی کردووەتەوە، پاش ئەو هێرشە، دوو وەزیری بریتانیا، بوریس جانسۆن وەزیری دەرەوە و بیلی موردوڵت وەزیری گەشەپێدانی نێونەتەوەیی، داوایان لە وڵاتی ئێران کردووە تا کۆتایی بە پڕچەککردنی حوسییەکان بێنێت و لە باتی دنەدانەکانی بۆ هەڵگیرسانی شەڕ و نانەوەی ئاژاوە، لە پێگەی خۆی لە ناوچەکە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و ناکۆکییەکان کەڵک وەربگرێت.