کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فێڵی نوێی کچانی ئێرانی بۆ بینینی یارییەکانی فووتباڵ

16:36 - 10 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: چەند کچێک بۆ بینینی یاری فووتباڵی پێرسپۆلیس، خۆیان بە شێوازی پیاوان دەرهێنا و چوونە نێو یاریگاوە.

سەرەڕای دژایەتی و پێشگیری بەرپرسانی حکوومەتی بۆ چوونەژوورەوەی کچان بۆ نێو یاریگا وەرزشییەکان، چەند کچێکی گەنج توانیان بۆ بینینی یاری پێرسپۆلیس بچنە نێو یاریگاوە.

ڕۆژی هەینی ٧ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی بە مەبەستی بەشداربوون لە جیژنی سەرکەوتنی یانەی فووتباڵی پێرسپۆلیس، هەشت کچی ئێرانی بە گۆڕینی دەموچاوی خۆیان و پۆشینی جلی پیاوانە توانیان سەرەڕای یاسای قەدەغە بوونی بەشداری ژنان لە یاریگا وەرزشییەکاندا، بچنە نێو یاریگەی ئازادی تارانەوە.

بڵاو بوونەوەی وێنە و ویدیۆی ئەو کچانە بە گریم و ڕیشی پیاوانەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری هەبووە و چەندین بەکاربەر لە پەیامی تویتەریدا دەستخۆشیان لەو کچانە کردووە و کارەکەیان لە ڕاستای گەیشتن بە مافی ڕەوای خۆیان بە شۆڕشێکی گرینگ وەسف کردووە.

زەهرا کە یەکێک لەو کچانەیە توانیبووی بچێتە نێو یاریگاکەوە، بە رۆژنامەیەکی وەرزشی وتووە: بەپێچەوانەی قسەی بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە نائەمن بوونی یاریگاکان بۆ ئافرەتان، ئەو پیاوانەی کە دەیانزانی ئێمە کچین زۆر بە ڕێزەوە هەڵسووکەوتیان لەگەڵدا دەکردین.